چاندنی قەڕنابیت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-22:13:00 - کۆدی بابەت: 11040
چاندنی قەڕنابیت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی قەڕنابیت (بە ئینگلیزی: Planting cauliflower، بە عەرەبی: زراعة القرنبیط)، لەگەڵ برۆکلیدا لەهەمان خێزاندا پۆلێن دەکرێت و بە خۆراکێکی دەوڵەمەند بە ماددەی خۆراکی ناسراوە، بە گشتی ڕەنگی سپییە بەڵام ڕەنگی تری جیاوازیشی هەیە وەک مۆر و زەرد و پرتەقاڵی، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگەکان جیاوازن بەڵام هەموویان هەمان تامیان هەیە.

هاوشێوەی زۆرینەی ڕووەک و سەوزەکانی تر ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاواز دەبێتەوە بەهۆی مێروو و کەڕووەکانەوە، نیشانەی جیاوازی هەیە وەک زەردبوونی تەواوی گەڵاکەی یاخود تەنها لێوارەکانی، کونبوونی گەڵاکان و ڕەگەکەی بەهۆی مێروو و کرمەوە، دروستبوونی کەڕووی نەرمی ڕەنگ جیاواز لە بەشی ژێرەوەی گەڵاکاندا، یاخود هەندێک جار تووشی زیان دەبێت بەهۆی نەبوونی ماددەی خۆراکی پێویست لە خاکەکەیدا.  

بۆ چارەسەر کردن کۆمەڵێک ڕێگای جیاواز هەیە، سەرەتا پێویستە جۆرێک هەڵبژێردرێت کە توانای بەرگرتنی هەبێت، دواتر ئەو بەشانەی زیانیان پێگەیشتووە لاببرێت، بژار بکرێت و گژوگیای زیانبەخش لاببرێت، چاودێریکردنی بەردەوام و لابردنی بوونەوەرە زیانبەخشەکان، ڕشتنی ماددەی قڕپێکەر، ڕێگریکردن لە ئاودانی زیاد لە پێویست، بەپیتکردنی خاکەکەی و هێشتنەوەی پلەی ترشێتییەکەی لە نزیکەی ٧.٢ پلەدا، دابینکردنی خاکێک کە بەتەواوەتی وشک ببێتەوە و ئاو تیایدا کەڵەکە نەکات. 

هەنگاوەکانی چاندن

  • پێش چاندنی تۆوەکەی دەبێت خاکێکی دەوڵەمەند بە ماددەی ئەندامی دابین بکرێت، پەیینی کۆن و پەیینی ڕووەکی لەگەڵ خۆڵەکەدا تێكەڵبکرێت.
  • کاتێک کەشوهەوا کەمێک فێنکی کرد دەکرێت تۆوی قەڕنابیت لە قوڵایی یەک سانتیمەتردا بچێنرێت، مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر دەبێت بەنزیکەیی ٨-١٥ سانتیمەتر ببێت، مەودای نێوان ڕیزەکانیش بگاتە نزیکەی ٧٦ سانتیمەتر.
  • ئاودانی ڕێکخراو بۆ هاوکاری کردنی چەکەرەکردنی تۆوەکان هەبێت، لەگەڵ زیادکردنی چینێک سەماد بۆ هێشتنەوەی شێ.

شێوازی گرنگیپێدان

قەڕنابیت پێویستی بە جێگەیەکە کە ڕووناکی خۆری زۆری هەبێت، جۆری خاکەکەشی کەمێک ترش بۆ هاوکێشبێت، ڕووەکێکی هەستیارە و بە گۆڕان لە پلەی گەرمی و ڕێژەی ماددەی خۆراکی خاکەکەی یاخود هەبوونی مێروو لە جێگەکەیدا زیانی پێدەگات.

لە هەردوو بەهار و پاییزیشدا گەشەدەکات، گوڵ دەگرێت و ڕەنگی گوڵەکەشی سپییە، لە کاتی هەبوونی کەشوهەوای زۆر سارد و زۆر گەرمدا دەبێت قەڕنابیتەکان بپارێزرێن، بۆ نموونە لە کەشی سارددا دەبێت بە بەرگێکی پارێزەر دابپۆشرێن کە ڕێگریبکات لە سەرما، لە هاوینیشدا سێبەری بۆ دروست بکرێت.  

کاتێک تۆوەکەی چەکەرەی کرد و قەڕنابیتەکە دەستیکرد بە گەشەکردن پێویستە هەفتانە و بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئاو بدرێت، تەنانەت لە ماوەی هەبوونی بارانیشدا ئاودانی پێویستە، هەروەها بۆ گەشەسەندنی باشتر دەبێت ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت چونکە قەڕنابیت بە چڕی خۆراک لە خاکەوە وەردەگرێت و نوێکردنەوەی پێویستە، لە دوای چاندنی تۆوەکەیەوە زۆرینەی جۆرەکان ٧٥-٨٥ ڕۆژیان پێویستە هەتاکوو پێدەگەن، واتە پێویستی بە ئارامگرتن و خزمەتکردنی زۆر هەیە.

کاتی نموونەیی بۆ لێکردنەوەی ئەوەیە کە تیرەی قەڕنابیتەکە ١٥-٢٠ سانتیمەتر ببێت، گەشتن بە ئەم قەبارەیەش بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە و بە گشتی لە نێوان ٥٠-١٠٠ ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام کاتێک دەرکەوتنێکی زبری هەیە ئەوا واتە کاتی لێکردنەوەی تێپەڕیوە و پێویستە دەستبەجێ لێبکرێتەوە، لە دوای لێکردنەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە پلەی گەرمی ژووردا دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ هەڵگرتنی ماوە درێژخایەن پێویستە بخرێتە بەفرگرەوە کاتێک کە بە تەواوەتی وشکبووەتەوە و ئاوی پێوە نەبێت.  


سەرچاوەکان



228 بینین