چاندنی زەنجەفیل

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-17-23:00:00 - کۆدی بابەت: 11044
چاندنی زەنجەفیل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی زەنجەفیل (بە ئینگلیزی: Planting ginger، بە عەرەبی: زراعة الزنجبیل)، یەکێکە لە ئەو جۆرە سەوزانەی کە ڕەگەکەی شیاوی خواردنە، تامێکی تیژی هەیە و لە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی خواردندا بەکاردێت، جگە لە خواردن دروستکردن بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی جیاوازیش بەکاردێت وەک هەوکردن، نشینگە بنەڕەتییەکەی ناوچە خولگەیی و نیمچە خولگەییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، بەڵام بە دابینکردنی پێویستییەکانی لە جێگەکانی تریشدا دەچێنرێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • ئەو زەنجەفیلەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت شیاوی چاندنە، یاخود دەکرێت لە جێگەی تایبەت ڕەگی گونجاوتر بۆ چاندن بهێنرێت.
  • باشترە ڕەگێکی گەورە هەڵبژێردرێت کە درێژییەکەی لە نێوان ١٠-١٥ سانتیمەتر ببێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆر درێژەوەبووی هاوشێوەی پەنجەی هەبێت.
  • پێش چاندنی دەبێت ڕەگەکە بۆ ماوەی ٢٤-٤٨ کاتژمێر دابنرێت هەتاکوو وشک دەبێتەوە.
  • لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت کە بە نزیکەیی ٢.٥ سانتیمەتربێت، بەڵام لە پەیینی کۆن و خاکی بەپیتدابێت.
  • مەودای نێوان زەنجەفیلەکان دەبێت بگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر.
  • باشترە لە دوو ڕیزدا بچێنرێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش ٣٠ سانتیمەتر ببێت.
  • لە پاش هەفتەیەک گەڵاکان دەستدەکەن بە دروستبوون، بەڵام زەنجەفیل پێویستی بە جێگەیەکی گەرمە بۆ ماوەی شەش هەفتە.
  • بەشێوەیەکی باش و ڕێکخراو ئاو دەدرێت، بەتایبەتی لە کاتی گەشەکردنیدا پێویستە خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

لە جێگەیەکدا کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەر بێت باشتر گەشە دەکات و گونجاوترە، بەڵام توانای هەیە بەرگەی هەندێک گەرمی و تیشکی خۆری هاوین بگرێت، دەبێت خاکەکەی بەپیت و لمی بێت واتە بە تەواوەتی وشک ببێتەوە بە ئاسانی و ئاوی تێدا کەڵەکە نەبێت، جۆری خۆڵەکەشی کەمێک ترش بێت و پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ٥.٥-٦.٥ پلەدا بێت گونجاوە.

لە سەرەتای بەهاردا دەچێنرێت پاشان لە کۆتایی هاویندا کاتێک گەڵای نوێ دروست ناکات ئەوا واتە زەنجەفیلەکە پێگەیشتووە، یاخود بە نزیکەیی پاش تێپەربوونی ١٠ مانگ زەنجەفیل گەشەی تەواوی خۆی دەکات، دواتر بۆ دورینەوە بە شێوەیەکی سادە لە خاکەکە دەردەهێنرێت و ڕەگەکە بەکاردەهێنرێت، لە جێگە گەرمەکاندا دەکرێت لە هەموو کاتێکدا بچێنرێت، واتە وەرزێکی دیاریکراوی نییە، بەشە سەوزەکەی هەتاکوو نزیکەی زیاتر لە مەترێک گەشە دەکات و بەرزدەبێت، ڕەگەکەشی دێتە سەر خاک کە ئەمە دۆخێکی ئاساییە بۆ زەنجەفیل، واتە دەکرێت ڕەگەکەی دەربکەوێت.


سەرچاوەکان



320 بینین