چاندنی گزنیش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-20-21:22:00 - کۆدی بابەت: 11063
چاندنی گزنیش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی گزنیش (بە ئینگلیزی: Planting coriander، بە عەرەبی: زراعة الکزبرة)، ئەم سەوزەیە بەشێکە لە پێکهاتەی سەرەکی خۆراکی زۆرینەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەموو بەشەکانی واتە گەڵا و قەد و تۆوەکەشی بەکاردەهێنن، گزنیش بە ئاسانی تووشی نەخۆشی نابێت و گەشەسەندنێکی کەم ئەرکی هەیە، بەڵام دەکرێت کرمەکان بیخۆن و هێرشبکەنە سەری، بۆیە پێویستی بە چاودێری و پاراستنە لە ئەو بوونەوەرانە، هەروەها چەندین جۆری هەیە کە جیاوازن لە ڕووی جێگە و خێرایی گەشەکردن و تام و ڕەنگیاندا.

هەنگاوەکانی چاندن

  • دابینکردنی جێگەیەک کە خاکێکی گونجاوی هەبێت.
  • چاندنی لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا دەبێت.
  • بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەرهەمی هەبێت و بە سەوزی بمێنێتەوە، باشترە تۆوەکان بە چەند جارێک بچێنرێن، مەودای نێوان چاندنەکانیش دوو هەفتە ببێت.
  • چەکەرە کردنی تۆوەکان زۆر دەخایەنێت، بۆیە پێش چاندنی ئەگەر بە نەرمی کەمێک بڕوشێنرێت چەکەرە کردنی خێرا دەکات.
  • لە کاتی چاندندا تۆوەکان دەخرێنە قوڵاییەکی کەمەوە کە یەک سانتیمەترە، دەبێت مەودای نێوان تۆوێکیش بۆ یەکێکی تر بگاتە ٣٠ سانتیمەتر.
  • دواتر بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاو بدرێت.
  • تۆوەکان لە ماوەی ٧-٢٠ ڕۆژدا چەکەرە دەکەن.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم جۆرە سەوزەیە پێویستی بە خاکێکی بەپیتی شێدارە کە بە ئاسانی وشکببێتەوە و ئاوی تێدا کەڵەکە نەبێت، جێگەکەی دەبێت ڕووناکی خۆری زۆری هەبێت بەڵام لە گەرمای بەتینی هاویندا لە سێبەریشدا گەشە دەکات، ئەگەر تۆوەکان بە چڕی چەکەرەیان کرد ئەوا پێویستە تەنکبکرێن و بنجێك بۆ دانەیەکی تر ٢٥ سانتیمەتریان لە نێواندا بێت، بەڵام ڕەگی گزنیش درێژە و دەچێتە قوڵاییەوە بۆیە نابێت زیانی پێبگات، واتە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەگەر تۆوەکەی لە بەهاردا بچێنرێت ئەوا بۆ هاوین بەرهەمەکەی پێدەگات، پاشان بە گوێرەی پێویست گەڵا و قەدەکەی لێدەکرێتەوە.  

بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت تۆوی بۆ دروست ببێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێبکات هەتاکوو چەند بنجێک گوڵدەگرن، دواتر گوڵەکان تۆو دەکەن و کاتێک کە گوڵەکان تەواو گەورەبوون پێش ئەوەی بوەرن تۆوەکان لێدەکرێنەوە، پاشان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک تۆوەکان لە جێگەیەکدا دادەنرێن بۆ ئەوەی وشکببنەوە، دوای وشکبوونەوە دەکرێت بکرێتە خواردنەوە، جگە لە خواردنیش ئەگەر کەسێک ئارەزوو بکات دەتوانێت هەڵیبگرێت بۆ وەرزی چاندن و دووبارە بەکارهێنانەوەی.


سەرچاوەکان



250 بینین