چاندنی بامێ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-21-22:25:00 - کۆدی بابەت: 11078
چاندنی بامێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی بامێ یاخود چاندنی بامییە (بە ئینگلیزی: Planting okra، بە عەرەبی: زراعة البامیة)، باوەڕ وایە کە نشینگە بنەڕەتییەکەی وڵاتی میسڕە و لەگەڵ گوڵە هێرۆ و لۆکەدا لەهەمان خێزاندا پۆلێن دەکرێت، بەکاردێت بۆ دروست کردنی خواردنی جیاواز و ماددەی خۆراکی بەسوودی زۆری تێدایە، چەندین جۆری هەیە کە هەندێکیان کورتن بەڵام هەندێکی تریان کاتێک دەگەنە گەشەی تەواوەتی خۆیان درێژییەکەیان دەبێتە زیاتر لە دوو مەتر، جگە لە ئەمەش هەندێکیان بۆ مەبەستی ڕازاندنەوە دەچێنرێن. 

بەگشتی ڕووەکێکی سەوزە بەڵام دەکرێت هەندێکیان گەڵا و قەدەکەیان سوور ببێت، ڕەنگی گوڵەکەی زەردە و ناوەڕاستەکەشی سوورە، لە گوڵە هێرۆ دەچێت، هەروەها گەڵا و قەدەکەی بە مووی بچووک داپۆشراوە و لەکاتی لێکردنەوەی بەرهەمەکەیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار، بۆیە باشترە لەکاتی لێکردنەوەدا دەستکێش بەکاربهێنرێت، یاخود باخەوانەکان جۆری بێ موو دەچێنن چونکە نابنە هۆی دروستبوونی خوران و ڕووشاندن وەک جۆرە کوڵکنەکان.  

بامێ بە ئاسانی تووشی نەخۆشی نابێت بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەری ڕوودانی نەخۆشی هەیە، بۆیە باشترە تۆوی جۆرێک بچێنرێت کە توانای بەرگەگرتنی هەیە و هەواگۆڕكێ لە جێگەکەیدا هەبێت، لەگەڵ دابینکردنی هەلومەرجێک کە پێویستییەتی بۆ گەشەکردن، لەهەمان کاتدا بە بەردەوامی چاودێری بکرێت و کاتێک گەڵایەک زەرد دەبێت یاخود بنجێک زیانی پێدەگات باشترە لێبکرێنەوە. 

هەنگاوەکانی چاندن

  • لە بەهاردا تۆوەکەی دەچێنرێت کاتێک کە پلەی گەرمی خاکەکەی بگاتە دۆخێک کاری تێدابکرێت، بەڵام لە جێگە ساردەکاندا دەبێت زیاتر چاوەڕێبکرێت بۆ ئەوەی پلەی گەرمی خاکەکەی بەرز ببێتەوە.
  • باشترە تۆوەکەی شەوێک پێش چاندن بخرێتە ئاوەوە، بۆ ئەوەی خێرا چەکەرە بکات.
  • پاشان تۆوەکەی بخرێتە خاکەوە بەڵام لە قوڵاییەکی کەمدا کە بگاتە نزیکەی ٢.٥ سانتیمەتر.
  • دواتر بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاو دەدەرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

چاندنی بامێ لە تۆوەوە کارێکی ئاسانە و پێویستی بە وردەکاری زۆر نییە، جێگەکەی دەبێت ڕۆژانە ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت، لەگەڵ هەبوونی شێی مامناوەند و نابێت ڕێگە بدرێت خاکەکەی بە تەواوەتی وشک ببێتەوە، خاکێکی هاوکێش گونجاوە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ٦.٥-٧.٥ پلە ببێت بەڵام بە ئاسانی وشک ببێتەوە، واتە ئاو تێیدا کەڵەکە نەکات.

دەتوانێت لە خاکێکدا بژی کە زۆر بەپیت نەبێت و تەنانەت لە هەبوونی کەشی وشکیشدا دەژی، بەڵام لە ئەم دۆخەدا ئەوپەڕی گەشە ناکات و بەرهەمی باشی نابێت، ئەو جۆرانەی کە زۆر درێژ دەبن دەکرێت لە ناوەڕاستی هاویندا ببڕدرێن و هەڵبپاچرێن بۆ ئەوەی بنجەکانی بامێکە سەرنج بخەنە سەر دروستکردنی بەرهەمی زۆرتر، لە وەرزی گەشەکردندا باشترە ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیاد بکرێت، لەگەڵ ڕشتنی چینێک سەماد بۆ ڕێگری کردن لە سەوزبوونی گژوگیای زیانبەخش، لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی هێشتنەوەی خاکەکەی بە شێداری.  

گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی وەرینی گوڵی بامێ، بۆیە باشترە بە ڕێکخراوی ئاو بدرێت و لە گەرمای بەتین بپارێزرێت و دابپۆشرێت، لە دوای چاندنی تۆوەکەی بە گوێرەی جۆرەکان پێویستی بە ٥٠-٦٠ ڕۆژ هەیە هەتاکوو پێبگات، کە دەگاتە درێژی ٥-٨ سانتیمەتر دەکرێت لێبکرێتەوە و ڕێگەنەدرێت کە زۆر گەورە ببێت و ڕەق ببێت.

 


سەرچاوەکان



460 بینین