چاندنی تەڕەتیزە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-24-23:22:00 - کۆدی بابەت: 11101
چاندنی تەڕەتیزە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی تەڕەتیزە (بە ئینگلیزی: planting cress، بە عەرەبی: زراعة حب الرشاد)، سەوزەیەکی بەسوودە و تامێکی خۆشی هەیە لەهەمان کاتدا بە خێرایی گەشەدەکات و گونجاوە بۆ چاندن لە باخچەکاندا، جێگەیەکی کەمی پێویستە بۆ گەورەبوون و تەنانەت لە ئینجانەشدا گەشەدەکات، ژمارەیەکی زۆر جۆری هەیە کە تام و جێگەی گەشەکردنیان جیاوازی تێدایە.  

هەنگاوەکانی چاندن لە دەرەوەدا

  • ئەگەر ئارەزووی بەرهەمێکی گەورەی تەڕەتیزە بکرێت پێویستە لە خاکدا بچێنرێت.
  • سەرەتا خاکەکەی بۆ بکێڵرێت و ئامادەبکرێت.
  • پاشان تۆوەکان بە تەنکی بپرژێنرێن بەسەر خاکەکەدا.
  • ئاوی باشی پێبدرێت و بە شێداری بهێڵرێتەوە.
  • کاتێک گەشەدەکەن و دەگەن درێژی ٢.٥ سانتیمەتر، پێویستە تەنکبکرێن و مەودا بە بنجەکان بدرێت هەتاکوو گەورەببن.
  • دواتر کاتێک درێژییەکەیان دەگاتە ١٢-١٥ سانتیمەتر دەکرێت لێبکرێنەوە و بەکاربهێنرێن.

هەنگاوەکانی چاندن لە ماڵەوەدا

  • سەرەتا پێویستە ئینجانەیەکی قوڵی بۆ دابین بکرێت.
  • پڕکردنەوەی ئینجانەکە بە خاکێکی بەپیت.
  • دواتر تۆوەکەی بەسەر ڕووی خاکەکەدا بپرژێنرێت، نابێت زۆر بخرێنە قوڵاییەوە چونکە دواتر تۆوەکان پێشبڕکێ دەکەن لەسەر جێگە.
  • بە بەردەوامی بە شێداری بهێڵرێتەوە، دەکرێت بە بەرگێک دابپۆشرێت و ئاوی کەمی بەسەردا بپرژێنرێت.
  • دواتر لە جێگەیەکی گەرم و ڕووناکدا جێگیر بکرێت.
  • تۆوەکەی لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەکەرە دەکات.
  • دوای چەکەرەکردنیش لەماوەی هەفتەیەکدا ئامادە دەبێت بۆ لێکردنەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

تەڕەتیزەکان بۆ چەکەرە کردن پێویستیان بە جێگەیەکە کە بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری هەبێت، دواتریش پێویستیان بە ئاو و شێی زۆر هەیە، ئەگەر جێگەکەشیان لە دەرەوەدا بێت دەکرێت بەرگەی هەندێک پلەی گەرمی بەرز بگرن، بەڵام لە ژوورەوە لە نزیک پەنجەرەدا دادەنرێت بۆ ئەوەی ڕووناکی و گەرمی گونجاویان هەبێت، کاتێک تەڕەتیزەکان پێدەگەن لە بنەوە تەنها نزیکەی یەک سانتیمەتری جێدەهێڵرێت و بەشەکانی سەرەوەیان دەبڕدرێت، تەڕەتیزە بڕاوەکانیش سەرلەنوێ گەشەدەکەنەوە و گەورە دەبن.  


سەرچاوەکان



401 بینین