هەوکردنی ئێسک

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-08-31-22:20:00 - کۆدی بابەت: 11177
هەوکردنی ئێسک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی ئێسک (بە ئینگلیزی: osteomyelitis, بە عەرەبی: التهاب العظم والنخاع)، بەهۆی هێرشی میکرۆبەکانەوە نموونەی بەکتریاکان یاخود کەڕووەکان ڕوودەدات، بەهۆی سووڕی خوێنەوە یاخود بەهۆی شانەکانی نزیک لە ئێسکەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناو ئێسکەکان و تووشی هەوکردنیان دەکەن، هەروەها دەکرێت ڕاستەوخۆ ئێسکەکان تووشی هەوکردن ببن بەهۆی شکان و برینی کراوەوە، لەم بارودۆخەدا میکرۆبەکان ڕاستەوخۆ بەر ئێسکەکە دەکەون و دەچنە ناو ئێسکەکە و دووچاری هەوکردنی دەکەنەوە. 
هەوکردنی ئێسک لە هەموو تەمەنێکدا ئەگەری ڕوودانی هەیە، هەوکردنی ئێسکە درێژەکانی جەستە کە ئێسکەکانی قۆڵ و لاق دەگرنەوە، زیاتر لە منداڵاندا ڕوودەدات. بەڵام بەگشتی بەساڵاچووان مەترسی تووشبوونیان زیاترە، چونکە زیاتر تووشی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە وەک نەخۆشی شەکرە یان نەخۆشییەکانی ئێسک و گورچیلە، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی ئێسک زیاتر دەکات.

هۆکارەکانی تووشبوون

زۆرێک لە حاڵەتەکانی هەوکردنی ئێسکەکان بەهۆی بەکتریایەکەوە ڕوودەدات بە ناوی (ستافیلۆکۆکەس ئەوریەس) کە جۆرێکە لە میکرۆب و لەسەر پێست و ناو لووتی کەسێکی تەندروست دەژی، بەڵام لەکاتی گۆڕینی شوێنی ئاسایی خۆی لە جەستەدا دەبێتە هۆی نەخۆشی. لە هەمانکاتدا چەند جۆرێکی تری میکرۆب هەن کە دەبنە هۆی تووشبوون بە هەوکردنی ئێسک، بەپێی تەمەن، ڕەگەز، حاڵەت و پێشینەی نەخۆشەکە دەگۆڕێت.

ئەو کەسانەی زیاتر مەترسی تووشبوونیان هەیە

کەسێک مەترسی تووشبوونی بە  هەوکردنی ئێسک زیاتر دەبێت ئەگەر:

  • سیستەمی بەرگری جەستە لاواز بێت: لەوانەیە بەهۆی چارەسەری کیمیایی یان چارەسەری تیشکەوە، بەدخۆراکی، یان کێشەی دەڵاندنی خوێن دەبێتە هۆی لاوازی سیستەمی بەرگری.
  • کێشەی لە سووڕی خوێندا هەبێت: نەخۆشی لەخوێنبەرەکانی جەستەیدا هەبێت یان جۆرێک لە نەخۆشی خوێنی هەبێت، نموونەی نەخۆشی خانەی داسی کە لەم حاڵەتەدا خڕۆکە سوورەکان شێوەی داس وەردەگرن.
  • چاندنەوەی ئەندامێکی دەستکرد: ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەیان یاخود بەشێک لە ئەندامێکی جەستەیان چاندنەوەی بۆ کراوە.
  • بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرە نائاساییەکان: لەڕێگەی دەرزی لێدانەوە.

نیشانەکان

نیشانەکان پەیوەستن بە شوێنی هەوکردنەکە، توندییەکەی، تەمەن و باری تەندروستی پێشوەختەی کەسەکە، هەندێک جاریش لەوانەیە نیشانەکان لە نەخۆشەکەدا دەرنەکەون، یاخود وەک پەتایەکی وەرزی دەربکەوێت، بەڵام بە گشتی نیشانەکان بریتین لە:

  • ئازار کە دەکرێت توند بێت.
  • ئاوسان و ناسکبوونەوەی شوێنی تووشبوو.
  • تووڕەبوون، بێهێزی، یان ماندوێتی.
  • لەرز و تا و ئارەقەکردنەوە.
  • ئاودانەوەی برینێکی کراوە لە نزیک هەوکردنەکە.
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست.
  • ئاوسانی پاژنە و پێ و قاچەکان.
  • گۆڕانکاری لە ڕۆیشتن، وەک لە منداڵاندا کە لاقەکانیان بێ هێز دەبن. 

گەر نەخۆشییەکە چارەسەر نەکرێت لەکاتی گونجاودا ئەوە دەبێتە هۆی:

 خۆپاراستن

بەشێوەیەکی گشتی خۆت بپارێزە لە برینداربوون و بڕینی جەستە هەروەها لە گازگرتنی ئاژەڵان دوور بکەوە، چونکە  وا دەکات میکرۆبەکان بە ئاسانی بگەنە جەستەت. 
ئەگەر تۆ یان منداڵەکەت برینێک لە جەستەتان هەبوو، دەستبەجێ شوێنی برینەکە پاک بکەرەوە و بە پارچە پەڕۆیەکی پاک دایبپۆشە> زوو زوو برینەکان بپشکنە و بەدووری بگرە لە هەر هەوکردنێک.

چارەسەر

باوترین چارەسەر بۆ هەوکردنی ئێسکەکان بریتییە لە نەشتەرگەری بۆ لابردنی ئەو بەشانەی ئێسک کە تووشی هەوکردن بوون، دواتر بەکارهێنانی دژەزیندەییەکان بۆ نەخۆشەکە بۆ بنەبڕکردنی هەوکردنەکان.


سەرچاوەکان



644 بینین