مۆنیلیا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-09-03-22:56:00 - کۆدی بابەت: 11198
مۆنیلیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆنیلیا (بە ئینگلیزی: Monilia) جۆرێکی هەوکردنە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کەڕووەکانی وەک کاندیدا ئەلبیکان (Candida albicans) ڕوودەدات. بەشێوەیەکی زۆر لەناو منداڵاندا باوە.

نیشانەکان

سپیبوونی دەم لە منداڵانی تووشبوودا دەبینرێت، وەک ئەوە وایە کە شیریان خواردبێت بەڵام ناتوانرێت بسڕدرێت. سووربوونەوە لە لەشی منداڵانی تووشبوو دەبینرێت سووربوونەوەکە بەشێوەی خاڵی سوور و بەرزبووەوە دەبینرێت. زۆر کات خاڵە  سووربووەکان پێکەوە دەنووسێن و ناوچەیەک پێکەوە دەگرنەوە. ناوچە بەرزە سووربووەکان ئازاریان زۆرە و خوێنیان لێ دێت. هەندێک کاتیش بەکتریا پەلاماری شوێنە تووشبووەکان دەدەن و دووبارە دەبنەوە هۆی دروستبوونی هەوکردنی دووەمی.

کێ تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت و چۆن تووشدەبێت؟

ئەم جۆرە هەوکردنە زیاتر لە منداڵانی بچووکدا باوە. لە کەسانی گەورەدا سووربوونەوەکان لە دەم یان ناوچەی ڕان و ناوچە شێدارەکانی تردا دەبینرێت، هەوکردنێکی هێواشە و بەنزیکی زۆربەی خەڵکی ئەزموونی دەکەن. ئەو کەڕووانەی دەبنە هۆی تووشبوون بە مۆنیلیا لە هەموو شوێنێک هەن. هەرچەندە دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵکی لە کەسێکی تر نا بەڵکوو خۆیان تووشی ئەم هەوکردنە دەبن. هەندێک کات هۆکارەکانی تووشبوون بە مۆنیلیا لەسەر لەش دەژین و چاوەڕێی بارودۆخێکی گونجاو دەکەن تاکوو کەسەکە تووشی ئەم هەوکردنە بکەن. کاتێک پێست تەڕ یان شێدار دەبێت کەڕووەکانی هۆکاری مۆنیلیا پەلاماری پێست دەدەن و بڵاو دەبنەوە. هەروەها لە دوای چارەسەر لەڕێی هەندێک دەرمانەوە و زۆرێک لە منداڵەکان لە ڕێی دایکیانەوە لە ماوەی دووگیانیدا تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

لە زۆربەی خەڵکیدا ئەم هەوکردنە بەزووی نامێنێت، بەڵام ئەو کەسانەی سیستمی بەرگرییان لاوازە دەکرێت تووشی هەوکردنی زیاتر و قورستر ببن. ئەگەر منداڵێک بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ڕۆژ سووربوونەوەی لە ناوچەی ڕان هەبوو، پێویستە پزیشک بیبینێت تاکوو دەستنیشانی هەوکردنەکە بکات و چارەسەری بکات. پزیشک دەرمان بە منداڵەکە دەدات، وەک قەترە بۆ نەهێشتنی سووربوونەوەی دەم و کرێم بۆ نەهێشتنی سووربوونەوەی ناوچەی ڕان بەکاردەهێنێت.

خۆپارێزی

ئەم هەنگاوانە نەک بە تەنها بۆ خۆپارێزی لە توشبوون بە مۆنیلیا بەڵکوو بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە کەڕووەکانی تریش ڕێگەیەکی گونجاوە.

  • پێویستە چاودێری پاکوخاوێنی منداڵان بکرێت، وەک شۆردنی دەستەکان.
  • لەبەرکردنی جلی ژێرەوەی لۆکە کە ڕێگری لە شێداربوون دەکات.
  • لابردنی جلی تەڕ و شێدار، نەمانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەو جل و بەرگانەوە.
  • لەبەرنەکردنی جلی تەسک، کە یارمەتی بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی لەش دەدەن ئارەقەکردن زیاد دەکەن و  دواتریش شێداربوونی جەستە کە بۆ کەڕووەکان ژینگەیەکی گونجاوە.

شێوەی مۆنیلیا لەژێر مایکرۆسکۆپدا شێوەیەکی بازنەیی هەیە، بەنزیکەیی هێندەی قەبارەی خڕۆکەسوورەکان دەبێت. خڕۆکە سوورەکان شێوەیەکی بازنەییان هەیە و بێ گۆپکەن، بەڵام مۆنیلیا گۆپکەیان هەیە. تووشبوون بە مۆنیلیا حاڵەتێکی مەترسیدار نییە و زۆربەی کات پێویست بە وەرگرتنی چارەسەر ناکات.


سەرچاوەکان



402 بینین