کەرەستە و ئامێرەکانی ئامادەکردنی قاوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-09-17-14:36:00 - کۆدی بابەت: 11312
کەرەستە و ئامێرەکانی ئامادەکردنی قاوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەرەستە و ئامێرەکانی ئامادەکردن یان دروستکردن یان سازکردنی قاوە (بە عەرەبی: ادوات و اجهزة تحضير القهوة، بە ئینگلیزی: Coffee preparation tools and equipment) ئامادەکردنی قاوە پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە وەک پەستان و پلەی گەرمی ئەو ئاوەی بەکاریدەهێنیت لەگەڵ پلەی گەرمی و بڕ و کێشی قاوەکە، لەگەڵ کات و ماوەی بەسەرچوون و شێوازی هەڵگرتنی قاوەکە، ئەم هۆکارانە دەتوانرێت لەلایەن بەکارهێنەرەوە کۆنترۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی قاوەیەکی باش و بەتام بەدەستبهێنرێت. شێوازی ئامادەکردنی قاوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، تەنانەت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت وجێگیر نییە، کەرەستە و شێوازی ئامادەکردنی قاوە بەندە بە کولتوور و دابوونەریتی ناوچەیی و حەز و ئارەزووی کەسەکان.

گرنگترین شێواز و کەرەستە و ئامێرەکانی ئامادەکردنی قاوە

ئامێری دروستکردنی قاوەی ئیسپرێسۆ

ئەم ئامێرە بەکاردێت بۆ دروستکردنی قاوەی ئیسپرێسۆ، ئامێرەکە کارەباییە و پەستانی بەرز بەکاردەهێنێت بۆ دەرهێنانی قاوەیەکی چڕ و تۆخ، ئەم قاوەیە تامەکەی قورسە و ڕێژەی کافایینی بەرزە، قاوەی ئیسپرێسۆی تایبەت بۆ ئەم ئامێرە دەبێت کە بە ڕێژە و پلەی دیاریکراو و یەکسان هاڕدراوە، ئیسپرێسۆ یەکێکە لە جۆرە بەناوبانگەکانی قاوە لە جیهاندا و هەروەها بنەمای ئامادەکردنی جۆرەها قاوەی تری وەک کاپوچینۆ و لاتێ و مۆگایە.

ئامێری دروستکردنی ئیسپرێسۆ پەمپێکی هەیە بۆ دروستکردنی پەستانێکی بەرز بەکاردێت و لە ڕێگەیەوە قاوەکە دەردەهێنرێت، هەروەها کۆمەڵێک بۆڕی ناوەکی هەیە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ئاو و هەڵم لە ئامێرەکەدا بەکاردێت. ئامێرەکان بە گشتی بە قەبارە و تایبەتمەندی جیاواز و هەمەجۆر بەردەستن، هەر لە ئامێری سادەی ماڵەوە بەردەستن تا دەگاتە ئامێرە پێشکەوتووە پیشەییەکانی نێو کافێ و خواردنگەکان.

ئامێری فلتەری قاوە یان دڵۆپاندنی قاوە

ئەم ئامێرە کەرەستەیەکی سادەی دەستی کلاسیکە، لە گڵاسێکی بەرزی قووڵ پێکهاتووە کە بۆ دروستکردنی قاوەی فلتەرکراو بەکاردێت. بۆ ئامادەکردنی قاوە بەم ڕێگایە پێویستت بە چەند کاغەزێکی فلتەر، ئاوی گەرم لەگەڵ قاوەی هاڕدراو بە پلەی یەکسان دەبێت، پلەی هاڕێنی قاوەکە لە مامناوەند تاکوو زبرە و قاوەی زۆر ورد بۆ ئەم جۆرە بەکارناهێنرێت، فلتەرەکە کە لە کاغەزێکی تەنک دروستكراوە و لەشێوەی سێگۆشە بڕرداوە لە سەر گڵاسە تایبەتەکە دادەنرێت، پاشان قاوە وردکراو و هاڕدراوەکە دەخرێتە ناو ئەو فلتەرەوە و ئاوی کوڵاوی بەسەرا دەکرێت، پاشان قاوەکە دڵۆپ دڵۆپ بە فلتەرەکەدا تێدەپەڕێت و ئامادە دەبێت.

ئامێری دروستکردنی قاوەی خێرا

ئەم ئامێرە بەکارهێنانی زۆر ئاسانە و بەوە ناسراوە کە خێرا قاوە دروست دەکات و ئامێرێکی کارەباییە، شوێنی ئاو گەرمکردنی هەیە و تەنیا قاوەکە دەخەیتە شوێنی دیاریکراو، ئامێرەکە بە خێرایی ئاوەکە گەرم دەکات و دەیکوڵێنێت و بە ناو قاوە وردکراوەکەدا تێیدەپەڕێنێت و پاشان قاوەکە ئامادە دەبێت، پلەی هاڕین و وردکردنی قاوە لەم ئامێرەدا پێویستە مامناوەند یان زۆر ورد بێت.

ئامادەکردنی قاو بە کوڵاندنی لە گۆزە یا دەلە

جۆزە یان دەلە یاخود گۆزەی قاوە کەرەستەیەکە کە لە ماددەی مس یان بڕۆنز یان ستیل یاخود زیو دروست دەکرێت، ئەم شێوازی ئامادەکردنە شێوازێکی کلاسیک و سادەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی تورکیا و زیاتر لە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوە، بۆ ئامادەکردنی قاوەی عەرەبی و قاوەی تورکی بەکاردەهێنرێت. بڕی قاوەکە بە کەوچک دەپێورێت و پێویستە هەر کەوچکێک قاوە یەکسان بێت بە فنجانێک ئاو، پلەی هاڕینی قاوەکە پێویستە زۆر ورد بێت، قاوەکە دوای برژاندن و هاڕینی زۆرجار لەگەڵ هێل تێکەڵاو دەکرێت و لەناو گۆزەکەدا لەگەڵ ئاو تێکەڵ دەکرێت، پاشان لەسەر ئاگرێکی کز بۆ مامناوەند دەکوڵێنرێت و ئامادە و پێشکەش دەکرێت.

ئامادەکردنی قاوە بە مووگا پووت

مووگا پووت کەرەستەیەکی سادەی دەستییە کە بۆ دروستکردنی قاوەی ئیسپرێسۆ بەکاردێت و زۆرجار ئەو قاوەیەی بەم جۆرە ئامادە دەکرێت، دوای ئامادەکردنی لەگەڵ شیر تێکەڵ دەکرێت و جۆرەکانی تری قاوەی لێ دروست دەکرێت. مووکا یان مووگا کەرەستەیەکی هاوشێوەی کترییەکی درێژە و لە چەند بەشێک پێکهاتووە، بەشی خوارەوەی قووڵە و ئاوی تێدەکرێت، پاشان شوێنی تێکردنی قاوەکە لەسەر بەشی خوارەوە دادەنرێت و دواتر سەرەکەی دادەخرێت، لەسەر ئاگرێکی مامناوەند بۆ کز دادەنرێت و ئاوەکە کە گەرم بوو و کوڵا بەسەر قاوەکەدا تێدەپەڕێت و قاوەکە لە ڕێگەی هەڵچوونەوە دەچێتە ناو بەشی سەرەوە و ئامادە دەبێت، پلەی هاڕینی ئەم قاوەیە لە نێوان زبر و مامناوەندە و قاوەی زۆر وردکراو بۆ ئەم شێوازی ئامادەکردنە نابێت.

ئامادەکردنی قاوە بە فرێنچ پرێس

فرێنچ پرێس یان ئامێری ئامادەکردنی قاوە بە پەستان یان شێوازی فەڕەنسی بۆ دروستکردنی قاوە، کەرەستەیەکی سادەی دەستییە و گڵاسێکی درێژە لە شووشە دروست دەکرێت، سەرەکەی لە کانزا یان پلاستیک دروست دەکرێت و پاڵاوتەیەکی کانزایی بە سەرەکەیەوەیە. پێویستت بە ئاوە کە پلەی گەرمییەکەی مامناوەند بێت و زۆر نەکوڵاو بێت لەگەڵ قاوەیەک کە پلەی هاڕینی مامناوەند بۆ زبر بێت، قاوەکە دەخرێتە گڵاسە شووشە تایبەتەکەوە و پاشان ئاوەکەی بەسەردا دەکرێت و پێویستە بە کەوچکێکە تاکوو تێکبدرێت، پاشان سەرەکەی دادەخەیت و بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج خولەک بەجێ دەهێڵدرێت، پاشان دواتر بە پەستانێکی کەم بە دەستت سەرە کانزاییەکەی بۆ خوارەوە پاڵ بنێ و قاوەکە دەپاڵێورێت و ئامادە دەبێت.


سەرچاوەکان



375 بینین