شوێنە گەشتیارییەکانی ئیستەنبووڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-18-22:53:00 - کۆدی بابەت: 11328
شوێنە گەشتیارییەکانی ئیستەنبووڵ

ناوه‌ڕۆك

 
سەرەتا 

شوێنە گەشتیارییەکانی ئیستەنبووڵ (بە عەرەبی: الوجهات السياحية في اسطنبول، بە ئینگلیزی: Istanbul´s tourism destinations) شاری ئەستەنبول یان ئیستەنبول یەکێکە لە شارە دێرینەکانی جیهان کە کەوتووەتە وڵاتی تورکیا و لە نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپادایە، شارەکە پڕیەتی لە ناوچەی گەشتیاری سەرنجڕاکێش وەکو شوێنەواری مێژوویی ڕۆمەکان و عوسمانییەکان کە هەردوو شێوازی تەلارسازی ڕۆمە بێزەنتییەکان و ئیسلامی تێدا بەدی دەکرێت، جگە لەوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا گرنگیان داوە بە کردنەوەی شوێنی گەشتیاری نوێ لە ناو شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە. تا سەرنجی گەشتیارانی جیهانی پێ ڕابکێشن. 

ئیستەنبول به شارێکی گرنگی وڵاتی تورکیا دادەنرێت و لە زۆربەی بەرهەمه سینەماییەکانی تورکیادا باسی ئیستەنبول دەکرێت یاخود زنجیرەی ڕووداوەکان لەو شارەدایە. 

شاری ئیستەنبول لە ڕووی گەشتیاری دابەشدەبێت بۆ چەند یەکەیەک

شوێنەوارە مێژووییەکان 

وەکو کۆشک و باڵەخانە و تەلارسازی مێژوویی سەردەمی ڕۆمە بێزەنتییەکان و عوسمانییەکان. وەکو دەروازەی نوێ، کۆشکی تۆپ قاپی، تاوەری گەڵتە، گۆڕەپانی هیبۆدروم و چەندانی تر. 

کڵێسا 

بەشێک لە شارەکە کڵێسای دێرینی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بێزەنتییەکان و زۆرینەیان تا ئەم سەردەمە ماونەتەوە و بوونەتە سیمبولێکی دیاری پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی ڕۆژهەڵاتی. وەکو کڵێسای ئەیا ئێرنی. 

مزگەوت 

بەهۆی ئەوەی شارەکە دوای بێزەنتییەکان موسڵمانان حووکمیان کردووە، مزگەوتەکان دیارترین هۆکاری سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی بیانین، بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش لەلایەن ئەندازیارانی ئەو سەردەمە دیزاینی ناوەوە و دەرەوەیان کراوە کە بوونەتە هۆکارێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیار. وەکو مزگەوتی ئەیا سۆفیا، مزگەوتی بەیرام پاشا، مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد، مزگەوتی سلێمانی، مزگەوتی فاتیح و چەندانی تر. 

بازاڕە میلییەکان 

لە ئیستەنبولدا ژمارەیەک بازاڕی میلی هەن کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن بە شێوەی گرووپ یان خودی، کە مێژووییەکی دێرینیان هەیە لە شارەکەدا و بوونەتە سیمایەکی گرنگی ئیستەنبول. وەک گراند بازاڕ، بازاڕی میسڕی، تەقسیم. 

مۆزەخانەکان 

لە شارەکەدا چەندین مۆزەخانە هەن وەک مۆزەخانەی مێژوویی، هونەری، سەربازی کە سیمایەکی دیارن بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و تۆمارکردنی یادگاری. وەکو مۆزەخانەی ڕۆمە بێزەنتییەکان و مۆزەخانەی تۆپ قاپی کە مۆزەخانەی سەربازی عوسمانییەکانە. 

شوێنەکانی چێژ بینین و کات بەسەربردن 

ئەم جێگە گەشتیارییانە مێژووەکەیان نوێیە و ساڵانێکی کەمە دروستکراون، بەڵام دیارترین شوێنەکانی سەردان کردنن لەلایەن گەشتیارن وەکو سێرکی بونەوەرە ئاوییەکان و شوێنی نمایشی بوونەوەرە دەریاییەکان. وەکو دۆلفیناریۆم کە شوێنی سێرکی بوونەوەرە دەریاییەکانی وەک سەگی دەریا و دۆلفین و نەهەنگی سپییە. هەروەها ئیستەنبول ئەکواریۆم کە جێگەی نمایشی زیاتر لە ١٠ هەزار جۆر لە ماسی و بوونەوەری تری دەریاییە. 

تەلارسازی مۆدێرن 

بەشێکی ترە لە هۆکارەکانی ڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم شوێنانە زیاتر لای گەشتیاران لە دراما و فیلمە تورکییەکاندا بینراون بەتایبەتی ئەو درامایانەی دەنگدانەوەی زۆریان دروستکردووە، یان ئەو شوێنانەی لە کلیپ و ڤیدیۆ کلیپەکان لەلایەن هونەرمەندە دیارەکانەوە بەکارهێنراون و بوونەتە یادگاری لای هەواداران. وەکو پردەکانی بوسفۆر و یاوز سەلیم و تاوەرە بازرگاییەکان و تاوەری ترامپ لەسەر ڕێگای بۆرسا. 

دوورگەکان 

لە دەوروبەری ئیستانبول ژمارەیەک دوورگە هەن کە لە بەندەری شارەکەوە لە ڕێگەی یاخت و کەشتی گەشتیاری سەردانی دوورگەکان دەکرێت کە بەوە جیا دەکرێنەوە ژینگەی دوورگەکان ١٠٠٪ خاوێنە و گازی زیان بەخشیان تێدانییە بەهۆی ئەوەی دوورگەکان کارگە و ئۆتۆمبیلی بە سوتەمەنی کارکردوویان تێدانییە و لە بری ئەوە بە کارەبا کاردەکەن تەنها بۆ ناوەندە فریاگوزارییەکانیش ڕێگە پێدراوە ئۆتۆمبیل بەکاربێنن. وەکو دوورگەی ئەمیرات کە بە پاکترین دوورگە دادەنرێت لە نزیک ئیستەنبول.


سەرچاوەکان



1458 بینین