باوترین هۆکارەکانی خورانی چاو و چارەسەرەکانی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-19-21:42:00 - کۆدی بابەت: 11336
باوترین هۆکارەکانی خورانی چاو و چارەسەرەکانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باوترین هۆکارەکانی خورانی چاو و چارەسەرەکانی (بە ئینگلیزی: The most common causes of eye  itching and treatment، بە عەرەبی: الأسباب الأكثر شيوعا لتهيج العين وعلاجها) چاوەکان دەکرێت بەهۆی هەستیاری، پیسبوونی ژینگە، هەوکردن و هەندێک حاڵەت کە کاریگەرییان لەسەر چاو هەیە تووشی خوران ببن. چارەسەری پزیشکی و چارەسەرەکانی ماڵەوە پشت دەبەستێت بە هۆکاری خورانەکە، بۆیە پێویستە سەرەتا هۆکارەکەی بزانرێت پاشان چارەسەری بۆ دابینبکرێت.

کاتێک کەسێک چاوەکانی سوور دەبنەوە، هەموو شتێک دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەستیارییەکەی. بەڵام سەرەتا زانینی هۆکاری سووربوونەوە و خورانی چاوەکان دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و بەدەستخستنی ئاسوودەیی چاوەکان. جیاوازی هەیە لە نێوان نیشانەکانی هەستیاری و هەوکردن، گرنگە تێیان بگەیت بۆ ئەوەی دۆخەکە بزانیت و چارەسەری بکەیت تا خراپتر نەبێت.

باوترین هۆکارەکانی خورانی چاو

ئەمانەی خوارەوە هەشت هۆکارن بۆ خورانی چاو و هەڵبژاردنی چارەسەری شیاو، لەوانە چارەسەری ماڵەوە و دەرمانی ڕەچەتەدار.

هەستیاری وەرزی

ئەگەر هەموو ساڵێک لە هەمان کاتدا چاوەکان تووشی خوران ببن، مانای وایە کەسەکە هەستیاری وەرزی هەیە، بۆ نموونە هەستیاری بۆ جۆرە گوڵێک کە خونچە دەکات و دەنکە هەڵاڵە دەردەکات لە وەرز و کاتێکی دیاریکراوی ساڵدا.

یەکێک لە ڕێگاکان بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایا هەستیاری وەرزیت هەیە یاخود نا، بە پێچەوانەی هەوکردنی چاو، ئەوەیە کە کاردانەوەی تری هەستیاریت هەبێت، وەک پژمین، گیران و ئاو داهاتنی لووت. نیشانەکانی هەستیاری بەهۆی هیستامینەوە دروست دەبن، ماددەیەکە خانەکان دەریدەدەن لە کاتی بەرگریکردن بەرامبەر هەستیاری. هیستامین دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی هەوکردنەکان کە یەکێک لە نیشانە باوەکانی کارکردنی هستامین بریتییە لە خورانی چاو. یەکێک لە ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان ئەوەیە کە خۆت بەدووربگریت لە بەرکەوتن بە هۆکاری هەستیاری وەرزی.
ستراتیژیەتەکانی خۆ بەدوورگرتن بریتین لە:

  • سەرنجدانی ڕاپۆرتەکانی کەشوهەوای ناوخۆ و مانەوە لە ماڵەوە کاتێک ژمارەی دەنکە هەڵاڵەکان بەرزن.
  • مانەوە لە ماڵەوەوە و داخستنی پەنجەرەی ماڵ و پەنجەرەی سەیارەکان لە کاتی وەرزی دەنکە هەڵاڵەدا.
  • خۆ شۆردنی زیاتر و شۆردنی جل و بەرگەکان دەکرێت یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوە ئەگەری بەرکەوتن بە دەنکە هەڵاڵە و یارمەتی ڕێڕەوی هەناسە ئەدەن پاک و دوور لە دەنکە هەڵاڵەی هۆکاری هەستیاری بمێنێتەوە.
  • بەکارهێنانی ماسکی دژە دەنکە هەڵاڵە یاخود ماسکی ئاسایی لە کاتێکدا پێیویستەکات بچیتە دەرەوە.
  • دەرمانەکانی دژە هیستامین دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان و زاڵبوون بەسەریدا.

ئەگەر نیشانەکان مەترسیدار بوون، لەوانەیە پێویست بە دەرمانی هەستیاری ڕەچەتەدار بکات. لەبەر ئەوەی ئەم دەرمانانە لەوانەیە هەندێک کاتییان پێبچێت تا کاریگەر دەبن، هەر بۆیە پزیشک پێشنیاری ئەوە دەکات کە چەند هەفتەیەک پێش سەرەتای وەرزی هەستیاری دەست بە بەکارهێنانی دەرمانەکان بکرێت.

هەستیاری هەمیشەیی

بە پێچەوانەی هەستیاری وەرزییەوە، هەستیاری هەمیشەیی ئەوەیە کە دەکرێت بە درێژایی ساڵەکە هەتبێت نەک ئەوەی تەنها لە کاتێکی دیاریکراودا بێت. نموونەکانی وەک کەڕوو، خۆڵ و ئاژەڵی ماڵی یەکێکن لە باوترین هۆرەکانی هەستیاری چاوی هەمیشەیی. هەروەها لەوانەیە هەستیاری دروستبێت بۆ هەنێک بەرهەم لە ماڵدا. ئەو گیراوەیەی بۆ هاوێنەی چاوەکان بەکاریدەهێنیت لەوانەیە چاوەکان هەستیار بکات. یان ئەو سابوون و شامپۆیەی کە بەکاریدەهێنیت لەوانەیە کێشەی هەستیاری دروست بکەن.

ئەگەر هۆکاری هەستیاری ژینگەیی دۆزرایەوە کە هۆکار بێت بۆ خورانی چاوەکان، هەوڵبدە ماوەیەک دووربکەویتەوە لەو بەرهەمانە. ئەمە پرۆسەیەکی دوورکەوتنەوەیە لە پێناو پاراستنی چاوەکان و دوورکەوتنەوە لە هەستیاری و خورانی چاوەکان. بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایا هەستیاریت هەیە، دەتوانیت دەرمانێکی هەستیاری تاقیبکەیتەوە لەسەر پێست بۆ هەستیارییەکی دیاریکراو. بڕێکی کەم لە هۆکاری هەستاری، وەک کوڵکی ئاژەڵی ماڵی، ڕێک لەژێر پێستدا دادەنرێت بە دەرزییەک، بۆ ئەوەی بزانن ئایا پێستی دەوروبەری شوێنی دەرزیەکە هیچ کاردانەوەیەک نیشان دەدات یاخود نا. ئەم تاقیکردنەوانە بۆ زۆربەی منداڵان و گەورەکان سەلامەت و بێ زیانە.

جگە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە هۆکاری هەستیاری، دەتوانیت دەرمان وەربگریت، وەک دژە هیستامین یان کۆرتیکۆسترۆیدەکان، بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی ئەو هەوکردنەی کە دەکرێت بە هۆی هەستیارییەوە لە پاڵ خورانی چاوەکانەوە دروستببێت.

هەستیاری بە دووکەڵ (هەوا)

هەندێک کەس بەتایبەتی هەستیارن بۆ جگەرەکێشان، بۆنی بەنزین یان مەکینەی ئۆتۆمبیڵ، تەنانەت هەندێک کەس هەستیارن بە هەنێک بۆن. خۆ بەدوورگرتن لەم هۆکارانە یەکەمین و ئاسانترین چارەسەرە. دڵۆپی هێمنکەرەوەی چاو یان پارچە قوماشێکی شێداری سارد لەسەر چاوە داخراوەکان لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی خوران و هەستیاری چاوەکان.

هەوکردن

چاوەکان بە گشتی لاوازن بەرامبەر بە وردەزیندەوەرەکانی ڤایرۆس و بەکتریا و کەڕوو. کە هەموو ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی چاو و لە ئەنجامدا خورانی چاو دروست بکەن.

یەکێک لە باوترین هەوکردنەکانی چاو بریتییە لە هەوکردنی ژێر پێڵووی چاو، هەروەها ناسراوە بە چاوی ڕەنگاوڕەنگ چونکە بەشە سپییەکی ناو چاو ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ پەمەیی لە کەسانی تووشبوودا. ئەم جۆرە هەوکرنەی چاو بە بەرکەوتن دەگوێزرێتەوە، هەروەها زۆر جار ئاوداهاتنی چاوەکەی لەگەڵدا دەبێت. یەکێکی دیکە لە هەوکردنەکانی چاو پێی دەوترێت هەوکردنی ئایرس، ئەو بەشەی چاو کە بە ڕەنگینە ناسراوە. هەوکردنی ڕەنگێنەی چاو لەوانەیە ببێتە هۆی ئازاری چاو و هەستیارییەکی زۆر بە ڕووناکی.

پێویستە هەردوو جۆرە هەوکردنەکە لەلایەن پزیشکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و چارەسەر بکرێن. دژە بەکتریاکان دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنە بەکترییەکانی چاو. هەروەها لەوانەیە پێویست بە بەکارهێنانی ستیرۆید بکات. دەرمانی دژە هەوکردنی چاوەکان لەوانەیە بەس بێت بۆ چارەسەی هەوکردنی پێڵووی چاو. لە حاڵەتە سەختەکاندا، لەوانەیە پێویست بە دەرمانی زیادکردنی بەرگری بکات. نەخۆشی هەوکردنی ڕەنگێنەی چاو، ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر و دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین و ئاڵۆزییەکانی وەک ئاوی ڕەشی چاو و ئاوی سپی.

وشکی چاو

فرمێسکەکان، کە تێکەڵەیەک لە ئاو و ڕۆن و لینجین، چاوەکان بە شێداری دەهێڵنەوە. لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز، لەوانەیە چاوەکان واز لە دروستکردنی فرمێسکی پێویست بهێنن کە بۆ پاراستنی چاوەکان لە وشکێتی و خوران گرنگن. یەکێک لە هۆکارە باوەکانی وەستانی دروستکردنی فرمێسک بەتەمەن بوونە، کاتێک کەسێک تەمەنی زیادەکات فرمێسک دروستکردنی چاوەکانی کەمدەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی وشکی چاوەکان و هۆکارێک دەبێت بۆ خورانی زیاتری چاوەکان. 

بە هەمان شێوە، نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی دەتوانن ببنە هۆی کەمکردنەوەی دروستکردنی فرمێسک. هەروەها هەندێک دەرمان هەن لەوانەیە کاریگەری لاوەکییەکەیان وشکبوون و خورانی چاوەکان بێت. نموونەی ئەو دەرمانانەش بریتین لە:

  • دەرمانی دژە خەمۆکی
  • ئەو دەرمانانەی فشاری خوێن دادەبەزێنن
  • حەبی ڕێگری دووگیانبوون
  • دەرمانی چارەسەری خوێنتێزان

هەروەها چاوەکان دەکرێت وشک بن چونکە فرمێسکەکان زۆر بە خێرایی بەهەڵم دەبن. ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە بوویت و بای هەبوو یان لە ژینگەیەک بوویت کە شێیەکی زۆر نزمی هەبوو ئەو کاتە تەنانەت فرمێسکی چاوەکانیش ناتوانن ڕێگری لە وشکبوونی چاوەکان بکەن. لەوانەیە هەنێک جار چاوەکان وشکتر ببن و زیاتر تووشی خوران ببن بەهۆی گیرانی فرمێسکە ڕژێنەکان یان گیرانی بۆری فرمێسک.

چارەسەرکردنی چاوە وشکەکان لەوانەیە ئاسان بێت وەک بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد، کە بەشێوەی دڵۆپەکان (قەترە) بەردەستن، بە وریاییەوە ڕێنماییەکان جێبەجێ بکە. ئەگەر تووشی وشکبوونی چاوی درێژخایەن بوویت، سەردانی پزیشک بکە تا چارەسەری پێویست و دەستبەجێ دیاریبکات. بە چارەسەرکردنی وشکی چاوەکان دەتوانیت خورانی چاوەکان کەم بکەیتەوە.

هیلاکبوونی چاو

سەیرکردن و سەرنجدانی شاشەی کۆمپیوتەر بۆ ماوەیەکی زۆر، یان هەوڵدان بۆ خوێندنەوە لە ناوچەیەکی زۆر ڕووناک لەوانەیە چاوەکان هەستیار بکات و وایان لێ بکات هەست بە ماندووبوون و خوران بکەن. شۆفێریکردن بۆ ماوەیەکی زۆر، بەتایبەتی لە شەودا یان لە ڕۆژێکی ڕووناک و خۆردا، لەوانەیە چاوەکان هەستیار بکات کە ئەمانەش دەبنە هۆی خورانی چاوەکان.

هەروەها لەوانەیە چاوەکان زیاتر ماندووببن ئەگەر ناچاربیت چاوەکانت بە کراوەیی بهێڵیتەوە و بەخەبەر بمێنیتەوە تەنانەت کاتێک ماندوویت. بۆ هەندێک کەس، گەرمی ناوەوە یان هەواگۆڕکێ دەکرێت ببێتە هۆی ماندووبوون، ئێش و هەستیاری چاو پاشان خورانی چاوەکان. باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بە شێوەیەکی بەردەوام پشوو بە چاوەکان بدەیت. ئەگەر شۆفێریکردن فشاری خستە سەر چاوەکانت سەرت داخە و چاوەکانت دابخە. سەرخەوێک بشکێنە پاشان دەست بە شۆفێری بکەرەوە یان شۆفێرەکە بگۆڕە.

بەکارهێنانی هاوێنەی دەستکرد

هێشتنەوەی هاوێنەی دەستکردی چاوەکان بۆ ماوەیەکی زۆر یان شکستهێنان لە گۆڕینی هاوێنەی چاو بە بەردەوامی دەبێتە هۆی هەستیاربوونی چاوەکان و سووربوونەوەیان پاشان خورانی چاوەکان. ئەگەر هاوێنەی دەستکرد لە چاو دەکەیت، لەبیرت بێت کە لە شەودا لایان ببەیت و هەنگاوەکانی تری چاودێری هاوێنەی چاوەکان جێبەجێ بکەیت. ئامۆژگاری پزیشک جێبەجێ بکە دەربارەی چۆنیەتی گرنگیدان بە هاوێنەی چاوەکان و چەند جار پێویستی کرد بیانگۆڕە.

هەوکردنی پێڵوی چاو

سووربوونەوەی چاو و خورانی لەوانەیە لە ئەنجامی هەوکردنی پێڵووەی چاوەکانەوە بێت کە ناسراوە بە Blepharitis. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە چەورییە ڕژێنە بچووکەکان لە بنکی برژانگەکان بلۆک دەکرێن و دادەخرێن. هەندێک جار تەنها پاراستنی چاوەکان بە خاوێنی بەسە بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکانی نەخۆشی هەوکردنی پێڵووی چاو، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاوداهاتنی چاو و هەڵاوسانی. نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی نابێتە هۆی لەدەستدانی بینین، بەڵام لەوانەیە بەشێوەیەکی درێژخایەن بمێنێتەوە و ببێتە هۆی هەوکردنی ژێر پێڵووی چاو و ئاڵۆزییەکانی تر.

دەرمانی دژە هەوکردن و دژە بەکتریا لەوانەیە پێویست بێت بۆ دەربازبوون لە هەوکردنەکە و خۆ بەدوورگرتن لە کێشەی زیاتری چاوەکان لە ئەنجامی هەوکردنی پێڵووەکانەوە.

خورانی چاوەکان لە ئەنجامی هۆکارە جیاوازەکانەوە دروستدەبن کە هەندێکیان لەوانەیە بەشێوەیەکی سووک بن و کەسەکە زۆر بێزار نەکەن، بەڵام هەنێک جاریش دەکرێت خورانی چاوەکان زۆر بێزاکەر بێت، لەم کاتەدا پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت و هۆکاری خورانەکەی دیاریبکرێت و دواتر بە پێی ئەوە چارەسەری پێویست وەربگیرێت.


سەرچاوەکان



1634 بینین