دەرامەتی سروشتی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-09-20-21:34:00 - کۆدی بابەت: 11346
دەرامەتی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەرامەتی سروشتی (بە عەرەبی: الموارد الطبيعية، بە ئینگلیزی: Natural resources) هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە سروشتدا هەن و مرۆڤ دەستی پێیاندەگات کە لە سەرچاوە سروشتییەکەیەوە نرخێکی ئابووریان هەیە، چ بە شێوەی کەل و پەل بێت یان بەشێوەی ماددی و خزمەتگوزای وەكوو خاك، ڕووەکی سروشتی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، دەرامەتە گەردوونییەکان و دەرامەتە ئاوییەکان و دەرامەتە ئاوهەواییەکان، کانزاکان. 

لێکۆڵینەوە لە دەرامەتە سروشتییەکان بەشێکی گرنگی لێکۆڵینەوە جوگرافییەکان پێکدێنن، چونکە دەرامەتە سروشتییەکان بە کلیلی پەرەپێدانی چالاکییە ئابووریەکان دادەنرێن، ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە بەدیهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوکات ئەگەر لەگەڵی دەرامەتە مرۆییەکانیش گونجاوبن.

دەرامەتە سروشتییەکان Natural resources

سەرچاوە سروشتییەکان (بە عەرەبی: المصادر الطبیعیة، بە ئینگلیزی: Natural Sourcs) سەرچاوە سروشتییەکان بریتین لە هەموو ئەو دیاری و خەڵات و بەخششانەی کە سروشت بە مرۆڤی بەخشیوە، مرۆڤ هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی نەبووە لە دروستبوونیان و دابەشبوونیان و ئەفراندنیان، هەربۆیە بە شێوەیەك لە شێوەکان لە زەویدا هەن، بەڵام (خەڵاتە مرۆییەکان یان بەخشینە مرۆییەکان) بەشێك نین لە سەرچاوە سروشتییەکان. 

دەرامەتە سروشتییەکان (بە عەرەبی: الموارد الطبیعیة، بە ئینگلیزی: Natural Resources) بریتیین لە ئەو سەرچاوە سروشتییانەی کە مرۆڤ بەکاریان دەهێنیت و سوودیان لێوەردەگرێت، بەکارهێنانی مرۆڤ بۆ سەرچاوە سروشتییەکان مەرجە بۆ بوونی دەرامەتە سروشتیەکان. 

سامانە سروشتییەکان (بە عەرەبی: الموارد الطبيعية، بە ئینگلیزی: Natural Resources) سامانە سروشتییەکان بریتین لە هەموو ئەو سەرچاوانەی کە مرۆڤ دەستی پێ بگات و لە پێناو سوود و بەرژەوەندی خۆیان بەکاریبهێنێت، واتە جیاوازییەکە تەنها لە بواری بەکارهێنا و بەکارنەهێنانە کە سەرچاوە دەکات بە سامان بە جۆرێك ئەگەر بەکارببرێت سامانێکی سروشتییە، بەڵام ئەگەر بەکار نەبرێت سەرچاوەیەکی سروشتییە. 

گرنگی سەرچاوە و دەرامەتە سروشیتیەکان

(زمرمان، بە ئینگلیزی: Zimmerman) لە پەرتووکەکەیدا لە ژێر ناونیشانی (World Resources and Industries) جەخت لە ڕۆڵی مرۆڤ دەکات لە گۆڕینی (سەرچاوە سروشتییەکان بۆ دەرامەتە سروشتییەکان) و دەڵێت: ”گۆی زەوی بێ بوونی مرۆڤ چۆڵە لە دەرامەتە سروشتییەکان“.

  1. دەرامەتە سروشتییەکان بەردی بناغە و هاندەری (دەرامەتە مرۆییەکانن) و وزەی مرۆڤن بۆ کارکردن و بنیاتنانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی (حصارة الأنسان) کە دواتر بۆتە مایەی دروستبوونی دەرامەتە شارستانیەتییەکان (الموارد الحضاریة).
  2. هیچ پلانێکی ئابووری ناتوانێت ئامانجەکەی بهێنێتەدی بێ ئەوەی زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر شوێن و بڕ و جۆری سەرچاوەی دەرامەتە سروشتییەکان. 
  3. پێشکەوتنی مرۆڤ گەشەکردنی بەستراوەتەوە بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان کە پێداویستیەکانی دابین دەکات. 
  4. سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی.
  5. تێکڕایی داهاتی تاکەکەس و ئاستی بژێویان و دیاریکردنی ئاستی دەوڵەمەندی و هەژاری دەوڵەتان بە پلەیەکی بەرز وەستاوەتەوە سەر بڕ و جۆری سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان. 
  6. پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لە نێوان سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان لە ژینگەیەکدا ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی دروستبوونی دەوڵەتانی خاوەن ئابووریەکی بەهێز، هەربۆیە لاوازی بەشێك لە دەوڵەتان دەگەڕێتەوە بۆ هەژای ژینگەیان بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان و بەکارنەهێنانی دەرامەتە سروشتییەکان بە شێوەیەکی ژیرانە و زانستیانە. 
  7. بەهۆی گرنگی سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان و ئەو ڕۆڵە گەورەیەی کە هەیانە لە ژیانی میللەتەکان و دەوڵەتاندا، لەگەڵ دەرامەتە مرۆییەکان و شێوازی مامەڵەکردنی میللەتان لەگەڵ سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان کراونەتە پێوەرێك بۆ پۆلێنکردنی دەوڵەمەندی و هەژاری میللەتان کە ناسراوە بە ”پۆلێنی ژینگەیی میللەتان“. 

جۆری میللەتان

  • میللەتانی دەوڵەمەند - دەوڵەمەند: بریتین لەو  میللەتانەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان لەهەمان کاتدا دەوڵەمەندیشن بە دەرامەتە مرۆییەکان کە توانیویانە سوود لە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتیەکان وەربگرن و گەشەیان پێبدەن هەربۆیە ئەو میللەتانە بە دەوڵەمەندی دوولایەن ناسراون، باشترین نموونەشە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. 
  • میللەتانی دەوڵەمەند - هەژار: بریتیین لەو میللەتانەی کە دەوڵەمەندن بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان، بەڵام هەژارن بە دەرامەتە مرۆییەکان هەربۆیە نەیانتوانیوە وەکوو پێویست سوود لە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان وەربگرن. نموونەی ئەم جۆرە میللەتانە زۆرە لەنێو ئەوەی پێ دەوترێت جیهانی سێیەم. 
  • میللەتانی هەژار - دەوڵەمەند: بریتین لەو میللەتانەی هەژارن بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان، بەڵام دەوڵەمەندن بە دەرامەتە مرۆییەکان، هەربۆیە بەشێوەیەکی کەم سوودیان لە توانایی سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان وەرگرتووە، نموونەی ئەم جۆرە میللەتانە وەکو ژاپۆن.
  • میللەتانی هەژار - هەژار: ئەو میللەتانە دەگرێتەوە کە هەژارن بە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەکان و  لەهەمان کاتدا هەژاریشن بە دەرامەتە مرۆییەکان و لە توانایاندا نیە پڕۆسەی گەشەپێدان ئەنجام بدەن. هەربۆیە ئەم جۆرە میللەتانە بە میللەتانی هەژاری دوو لایەنە ناسراون نموونەی ئەم جۆرە میللەتانە وەکو میللەتانی کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفرقیا، ئەمریکای لاتین بوونیان هەیە.

پۆلێنکردنی دەرامەتە سروشتییەکان 

بنچینەی دروستبوونیان

  1. دەرامەتە سروشتییە ئەندامیەکان: وەك (خەڵوز، نەوت، دارستانەکان). 
  2. دەرامەتە سروشتییە نا ئەندامیەکان: وەك (کانزا فلیزییەکان، خوێ، بەردەکان). 
  3. دەرامەتە سروشتیە تێکەڵەکان: وەك (دەرامەتە سروشتیە ئەندامیەکان و نا ئەندامیەکان) نموونە وەکو خاك.

شوێنی جوگرافی

  1. دەرامەتە ناوخۆییەکان (موارد محلیة): ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە لەسەر ئاستی (گوند، ناحیە، قەزا، پارێزگا) بوونیان هەیە. 
  2. دەرامەتە هەرێمیەکان (موارد إقلیمیة): ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە لەسەر ئاستی هەرێمێك یان ناوچەیەکی کارگێڕی هەن. 
  3. دەرامەتە نیشتیمانیەکان (موارد الوطنیة): ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە لەسەر ئاستی دەوڵەت بوونیان هەیە. 
  4. دەرامەتە نێودەوڵەتیەکان (موارد الدولیة) ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە هاوبەشن لە نێوان چەند دەوڵەتێکدا، وەك: ئەو ڕووبارانەی کە بە سنووری دوو دەوڵەت یان زیاتر تێدەپەڕن. 

ئاستی بڵاوبوونەوە

  1. ئەو دەرامەتانەی لە هەموو شوێنێك بوونیان هەیە و دەستکەوتنیان ئاسانە و هیچ ڕەنج و ماندوو بوونێکی ناوێت، وەك: خاك، هەوا. 
  2. ئەو دەرامەتانەی لە زۆر شوێن هەن، ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە لە زۆربەی هەرێمەکانی جیهان هەن، بەڵام نرخی ئابووریان لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر جیاوازە بەپێی ڕێسای خواست و خستنەڕوو، بۆنموونە: نرخی زەوی زۆر بەرزە لە میسڕ و ئەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە، بەڵام بە پێچەوانەوە نرخی زەوی نزمە لە ئوستڕالیا، چونکە ژمارەی دانیشتوانی کەمە.
  3. ئەو دەرامەتانەی لە چەند شوێنێکی کەم بوونیان هەیە، ئەو دەرامەتانە دەگرێتەوە کە بڵاوبوونەوەیان لە چەند هەرێمێك و دەوڵەتێك سنووردارە، بۆنموونە: %60 کانزای تەنەکە کەوتۆتە وڵاتانی (مالیزیا و تایلاند، ئیندۆنیسیا، بۆلیڤیا) وە کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
  4. ئەو دەرامەتانەی دەگمەنن، ئەم جۆرە دەرامەتانە بوونیان زۆر سنووردارە کە تەنها لە یەك شوێن یان هەرێمێك کۆبوونەتەوە، وەکو کانزای نیکل لە ناوچەی (سد بێری) لە کەنەدا و کانزای زێڕ لە کانەکانی ئەفریقا.

ڕادەی هەست پێکردن و هەست پێنەکردن

  1. دەرامەتە سروشتییە هەستپێکراوەکان: بریتین لەو دەرامەتە سروشتییانەی کە سەرچاوەکانیان بە چاو دەبینرێن و هەستیان پێدەکرێت، بۆنموونە وەک دەرامەتە ئاوییەکان، کانزاکان، ڕووکی سروشتی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، خاك، بەرزی و نزمی. 
  2. دەرامەتە سروشتییە هەست پێنەکراوەکان: بریتین لەو دەرامەتە سروشتییانەی کە سەرچاوەکانیان بە چاو نابینرێن و هەستیان پێناکرێت، بەڵکوو سیمایەکی تایبەتە کە هەرێمێك یان دەوڵەتێك هەیەتی کە جیای دەکاتەوە لە هەرێم و دەوڵەتەکانی تر، نموونە وەکوو شوێنی جوگرافی.

بەپێی ماوە و تەمەن

ئەو سەرچاوە سروشتیانەی کۆتاییان نایەت

  • دەرامەتە ئاوییەکان: دابارین و شێوەکانی (بەفر، باران، تەزرە)، ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی. 
  • دەرامەتە ئاوهەواییەکان: هەوا، پلەی گەرمی، با، شێ، پەستانی هەوا.
  • دەرامەتە گەردوونییەکان: تیشکی خۆر، وزەی هەڵکشان و داکشان.

ئەو سەرچاوە و دەرامەتە سروشتیانەی کۆتاییان دێت

  • ئەو سەرچاوە و دەرامەتە سروشتیانەی توانای نوێ بوونەوەیان هەیە: خاك، ڕووەکی سروشتی، ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، هەندێ کانزاکان، خوێ.
  • ئەو سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییانەی کە توانای نوێبوونەوەیان نییە: سامانەکانی ژێر زەوی (خەڵووز، نەوت، گازی سروشتی، ئاسن، مس، ئەلەمنیۆم).


سەرچاوەکان



2275 بینین