کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ڕووەك

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-06-20:14:00 - کۆدی بابەت: 11411
کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ڕووەك

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەرییەکانی ئاو و ھەوا لەسەر ڕووەک (بە عەرەبی: تأثيرات المناخ على النباتات، بە ئینگلیزی: The effects of climatology on plants). ڕووەک ڕەگەزێکی ئەرێنییە لە کارلێک لەگەڵ ژینگەکەی، ڕووەک وزە لە ھەوا وەردەگرێت لە ڕێگای کرداری بە ھەڵمبوون و هەڵماندن وزە بە ھەوا دەداتەوە. ھاوسەنگی گۆڕانی وزە لە نێوان ڕووەک و ھەوا بە پلەیەکی زۆر دەوەستێتەوە سەر ڕەگەزەکانی ئاو و هەوا.

کاریگەری ڕەگەزەکانی ئاو و ھەوا لەسەر ڕووەک

پلەی گەرمی 

گرنگترین توخمی ئاو و ھەوایە لە ڕووی کاریگەریەوە، چونکە بەرپرسە لە دروستبوونی شێوەی ڕووەک سەرچاوەی سەرەکی خۆراکە بۆ ڕووەک، چونکە ھەر ڕووەکێک پلەیەکی گەرمی دیاریکراوی ھەیە. بۆ نموونە دابەزینی پلەی گەرمی و دروستبوونی شەختە (زووقم) یان دروستبوونی بارستە ھەوای سارد و بارستە هەوای گەرم کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر وەرزی گەشەکردنی ڕووەک.

  • ئەو ڕووەکانەی لە ناوچە گەرمەکان گەشە دەکەن، وەکوو لۆکە و قامیشی شەکر و مۆز.
  • ئەو ڕووەکانەی لە ناوچە مامناوەندییەکان گەشە دەکەن، وەکوو گەنم و جۆ و زەیتوون.
  • ئەو ڕووەکانەی لە ناوچە ساردەکان گەشە دەکەن، وەکوو چەوەندەری شەکر، سێو و ھەندێ جۆری میوە.

پلەی گەرمی بە چەند جۆرێک کار دەکاتە سەر ڕووەکەکان، کە بریتین لە: 

  • نزمترین ئاستی پلەی گەرمی: بریتییە لە کەمترین پلەی گەرمی، کە لەو پلە گەرمییەدا ڕووەک لە گەشەکردن دەوەستێت.
  • بەرزترین ئاستی پلەی گەرمی: بریتییە لە بەرزترین سنوورەکانی پلەی گەرمی، لەم ئاستەدا گەشەی ڕووەکەکان دەوەستێت بەھۆی بەرزی پلەکانی گەرمی.
  • پلەی گەرمی نموونەیی: بریتییە لەو پلە گەرمییەی کە گونجاوترین پلەیە بۆ گەشەکردنی ڕووەک بە خێراترین شێوە.
  • پلەی گەرمی کۆکراوە: بریتییە لە کۆی پلەکانی گەرمی پێویست بۆ پێگەیاندنی بەرووبوومی ڕووەکێک بۆ قۆناغی پێگەیشتن. 

تیشکی خۆر

تیشکی خۆر بە گرنگترین تووخمەکانی گەشەکردنی ڕووەک دادەنرێت، چونکە ھۆکارێکە بۆ دروستکردنی خۆراک بە بوونی ماددەی کلۆرۆفیل بۆ گەشەکردنی ڕووەک، تیشکدانەوەی زۆربەی ڕووەکەکان لە ٪٢٠ تێپەڕ ناکات، واتە بە ڕێژەی ٪٨٠ تیشکی خۆر لەلایەن ڕووەکەکانەوە ھەڵدەمژرێت. بڕی تیشکی خۆر دەوەستێتەوە سەر ماوەی بە دەربوونی تیشکی خۆر کە یەکسانە بە درێژی ڕۆژ بە لێدەرکردنی ماوەی بوونی ھەور. ڕووەکەکان بە گوێرەی پێویستیان بۆ درێژی تیشکی خۆر، پۆلێن دەکرێن بۆ چەند جۆرێک: 

  • ئەو ڕووەکانەی پێویستیان بە ڕۆژی کورت ھەیە، نموونە وەکوو گەنمە شامی و  برنج و قامیشی شەکر.
  • ئەو ڕووەکانەی پێویستیان بە ڕۆژی درێژ ھەیە، نموونە وەکوو گەنم، جۆ نیسک و چەوەندەر.
  • ئەو ڕووەکانەی بێ لایەنن: بریتین لەو ڕووەکانەی کە ھەستیار نین بە ماوەی تیشکی خۆر، نموونە وەکوو لۆکە و گوڵەبەڕۆژە و پاقلە.

بە شێوەیەکی گشتی بەرزی و نزمی خاک، لێژی قەد پاڵی چیاکان و ئاڕاستەکانیان کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر بڕی تیشکی خۆر، بەم جۆرەش تیشکی خۆر کار دەکاتە سەر جۆری ڕووەک و گونجاوی بۆ ئەو شوێنانەیی لێی ڕوواون.

دابارین

بریتییە لە ھەموو ئەو کردارانەی لە چینی یەکەمی بەرگەھەوا ڕوودەدەن بە شێوەی بەفر و باران و تەزرە. دابارین لە ناوچە شێدارەکان گرنگی و بایەخی کەمترە، بە بەراورد بە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان، چونکە ڕووەکی ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان پشت بە ئاوی باران دەبەستن بۆ گەشەکردنیان. دابارین لە تووخمە گرنگەکانی گەشەکردنی ڕووەکە، چونکە ڕووەک لە ڕێگای بڕی بارانی باریو ماددە ئەندامییە تواوەکانی ناو ئاو لە ڕێگای ڕەگەکانییەوە وەردەگرێت و بەم جۆرە گەشە دەکات.

پێویستی ڕووەکەکان بۆ ئاو جیاوازە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، لە کاتی کەمی بڕی دابارین دەبێت لە ڕێگای پڕۆسەی ئاودێری پێویستی ڕووەک بە ئاو پڕ بکرێتەوە، چونکە وشکی و کەم بارانی کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی ڕووەک. گەشەی ڕووەک و باشی و خراپی بەرھەمی دەوەستێتەوە سەر بڕی دابارین و دابەشبوونی بەسەر وەرزی گەشەسەندن، باشترین جۆری دابارین بۆ گەشەکردنی ڕووەک نمە بارانە. 

تەزرە

بەپێ قەبارە و ڕەقییەکەی کار دەکاتە سەر ڕووەکەکان، تەزرەی بەھاری کاریگەری نەرێنی زیاترە لەسەر ڕووەکەکان، چونکە کاتی بارینی تەزرەکە لە کاتی گوڵ کردن و بەرھەم گرتنی ڕووەکەکان دایە، بەم جۆرەش کار دەکاتە سەر کەم بوونەوەی بڕی بەرھەم لە ڕووەکە بەرھەم دارەکان.

شێی خاک

شێی خاک گرنگی و بایەخی لە بڕی دابارین زیاترە، چونکە لە کاتی کەمی باران دەتوانرێت شێی خاک لە ڕێگای کرداری ئاودێری بەرز بکرێتەوە، بەڵام بەرزی ڕێژەی شێ لە خاک دەبێتە ھۆی کەم بەرھەمی ڕووەکەکان، کاتێک خاک تێر ئاو دەبێت کونیلەکانی خاک پڕ دەبن لە ئاو، بەم جۆرەش ئەو بڕە ئاوەی لە نێو کونیلەکانی خاک کۆبۆتەوە ڕێگا لە تێپەڕبوونی ھەوا دەگرێت بۆ نێو خاک، بەم جۆرەش ژەھراوی بوونی خاک و بەخوێ بوونی خاک دروست دەبێت و کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ڕووەکەکان دروست دەکات. 

شێی ھەوا

بریتییە لە بڕی ھەڵمی ئاو لە ھەوا، ئەو ھەڵمەی لە دەورووبەری ڕووەکدایە لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا کاری تێدەکات، بەھەڵمبوون ھەڵماندن (نتح) لە ھەوای وشک زیاد دەکات، لە ھەوای شێدار کەم دەکات. بڕی شێی زۆر لە ھەوا یان کەمی شێ لە ھەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ژیانی ڕووەکەکان، بۆنموونە کەمی شێی ھەوا ھۆکارێکە بۆ ھەڵوەرینی گوڵی ڕووەکەکان. زۆری شێی ھەوا دەبێتە ھۆی پەک خستنی کرداری پیتاندنی ڕووەک کە ژینگەیەکی گونجاو ڕێکدەخات بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا.

خوناو (Dew)

ڕەگەزێکی گرنگە لە دابینکردنی بڕی ئاوی پێویست بۆ ڕووەکەکان، لە ناوچە نیمچە وشکەکان خوناو بە ڕێژەی (٪١٥) پێویستی ڕووەک بە ئاو دابین دەکات، بەتایبەت ڕووەکی بیابانی زۆر پشتی پێ دەبەستێت. یەکێک لە سوودەکانی خوناو بۆ ڕووەکەکان لە کاتی چالاکبوونی کرداری بەھەڵمبوون، ھەڵماندنی ڕووەکەکان کەم دەکاتەوە، بەر لە ھەندێک نەخۆشی و پەتا دەگرێت، چونکە ھەندێک پەتا و نەخۆشی ڕووەکی لەکاتی بوونی ئاوی خوناو ناتوانێت بگات بە گەڵای ڕووەکەکان. 

با 

جووڵەی ئاسۆیی ھەوایە لە ئەنجامی دروستبوونی جیاوازی نێوان ناوچەی پەستان بەرز و ناوچەی پەستان نزم. با بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر جۆری ڕووەکەکان دروست دەکات، بۆ نموونە بای بەھێز دەبێتە ھۆی ھەڵوەرینی گوڵ و بەرھەم لە ڕووەکەکان، بەڵام ئەگەر خێرایی با (١٠٠) کیلۆمەتر بوو لە کاتژمێرێکدا دەبێتە ھۆی شکانی لق و پۆپ و ڕیشەکێشی ڕووەکەکان.

بای بەھێز ڕووەک بێ ھێز دەکات ئەگەری تووشبوونی ڕووەک بە نەخۆشی زیاد دەکات، جگە لەوەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ چالاکبوونی ھەندێک لە زیندەوەرەکان نموونە وەکوو کوللە (کلۆ) کە لە ڕێگای با دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دوور. زیاد بوونی خێرای با کرداری بەھەڵمبوون و ھەڵماندن زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات ڕووەکەکان زیاتر پێویستیان بە ئاو بێت.


سەرچاوەکان



606 بینین