ناوهڕۆك
ناساندن
چی وایکرد تابلۆی مۆنالیزا بەناوبانگ ببێت (بە عەرەبی: ما الذي جعل لوحة موناليزا مشهورة؟، بە ئینگلیزی: ?What makes Mona Lisa famous) تابلۆی مۆنالیزا یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆکانی جیهان، لە پێشانگایەکی هونەری لە مۆزەخانەی لۆڤەرە لە فەرەنسا، تابلۆکە لە پشت شووشەی گوللەنەبڕ پارێزراوە چونکە ڕۆژانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. مێژووی ئەم تابلۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی نێوان ساڵانی ١٥٠٣-١٥١٩، لەلایەن هونەرمەندی بەناوبانگ لیۆناردۆ داڤنشیەوە کێشراوە. چەندین هۆکار هەن کە لە نهێنی بەناوبانگبوونی تابلۆکەدا دەکۆڵنەوە و لە نێو ئەم نهێنیانەشدا ناسنامەی خانمی وێنەکێشراوە کە بە تەواوی دیار نییە کێیە، هەروەها دەکرێت بوونی تابلۆکە لە مۆزەخانەی لۆڤەر هۆکاری بەناوبانگبوونی بێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ناوبانگەکەی بەتەواوی دیار نییە و ئەم هۆکارانەش کە بەدەستهاتوون ڕوونکردنەوەیەکی لۆژیکی نییە بۆ ناوبانگەکەی کە گوایە بە ڕێکەوت ڕوویان دابێت.
لیۆناردۆ داڤنشی
هونەرمەند لیۆناردۆ داڤنشی یەکێکە لە هونەرمەندە کاریگەرەکانی سەردەمی ڕێنیسانس لە ئیتاڵیا، لە ساڵی ١٤٥٢ی زایینی لەدایک بووە، نیگارکێش و پەیکەرتاش و داهێنەر و ئەندازیار بووە، کەسێکی و زیرەک و جیاواز بووە، لە بواری زانستی سروشت خوێندوویەتی، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داهێنانەکانی هەبووە و بەشدارییان لە پەرەپێدانی توانا هونەریەکانیدا کردووە، جگە لە مۆنالیزا، کۆمەڵێک تابلۆی هونەری تری کێشاوە، کە بەناوبانگترینیان پیاوی ڤیتروڤی و دوا ئێوارەخوانن. ئەم تابلۆیە بە یەکێک لە تابلۆ ناوازەکانی لیۆناردۆ داڤنشی دادەنرێت، هەروەها لێهاتوویی لیۆناردۆ لە کێشانی ڕووخساری بە وردی و بە بەکارهێنانی ڕەنگ و سێبەر، هەروەها نیگا و زەردەخەنەی ئافرەتەکە ڕەنگدانەوەی کەسایەتییەکی ئاڵۆز و پڕ لە نهێنییە.
هۆکاری بەناوبانگبوونی تابلۆی مۆنالیزا
هۆکاری زۆر هەن کە وایان کردووە ئەم تابلۆیە بەناوبانگ ببێ، بەهۆی جوانی و سەرنج ڕاکێشییەوە تەنانەت ئەو کاتەش کە لیۆناردۆ کاری لەسەر دەکرد تابلۆکە بەرز دەنرخێنرا، هونەرمەندە هاوچەرخەکانی دیمەنی سێ چارەکی تابلۆکەیان دروست دەکردەوە. نووسەر جۆرجیۆ ڤاساری لیۆناردۆی بەوە وەسف کردووە کە توانایەکی وردی لە کێشانی وێنەی سروشتدا هەیە و تابلۆی مۆنالیزای بە پۆرترەێتێکی زۆر واقیعی مەزەندە کردووە.
وردەکارییەکانی تابلۆی مۆنالیزا
تابلۆی مۆنالیزا بەرادەیەکی زۆر ورد کاری تیاکراوە بە جۆرێک کە ئارامی بێئەندازەی وێنەکێشەکە دەردەخات، ڕووخساری ئافرەتەکە لە پەیکەرێکی تاشراو دەچێت کە لێهاتووایی لیۆناردۆ لەگەڵ هونەی سفوماتۆ نیشان دەدات (سفوماتۆ تەکنیکێکی هونەرییە لە پلەبەندی وردی ڕووناکی و سێبەردا بەکاردەهێنرێت)، هەروەها لێهاتوویی خۆی لە کێشانی کەللەسەری ژێر پێست، تارایەکی ڕەنگکراوی ناسک، دروستکردنی تاڵەکانی قژی بە وردی لەگەڵ دروستکردنی چرچ و لۆچییەکانی جلەکەی نیشان دەدات. هەرچەندە نیگا و زەردەخەنەکەی تا سەدەی نۆزدەیەم وەکوو شتێکی جیاواز و ئاڵۆز سەیر نەدەکرا، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا خەڵکی ئەم دەربڕینە دوو واتایە بەرز دەنرخێنن.
خانمی وێنەكێشراوی تابلۆکە کێیە؟
ناسنامەی خانمەکە لە کاتی دروستکردنی تابلۆی مۆنالیزادا تاکوو سەردەمی هاوچەرخ بە نهێنی ماوەتەوە، هیچ كەسێك نیە بە روخساریا بەدیاریكراوی بزانێت ئەو كەسە كێیە، هەندێك دەڵێن دایكێتی هەندێكیش دەڵێن هەڵقوڵاوی خەیاڵی خۆیەتی یان ژنێكی رێبوار بووە دواتر وێنەی کێشاوە. بەڵام مێژوونوسەكان بە تەواوی پشتیوانی تیۆرێكی جیاواز دەكەن، مێژوونوسی ئیتاڵی (جوزیبی بالاتی) نزیكەی ٢٥ ساڵ بەردەوام بووە لە گەڕان بەدوای ئاشکراکردنی نهێنیەکانی مۆنالیزادا، بەناو بەڵگەنامە و گرێبەستە هاوسەرگیریەكانی ئەو كاتەدا گەڕاوە، تا گەیشتە ئەوەی مۆنالیزا كەسێكی راستەقینە بووە و داڤینچی بەباشی ناسیویەتی، ئەویش (مادۆنا لیزا دی ئەنتۆنیۆ ماریا جیراردینی) هاوسەری (فرانسیسكۆ دیل جیۆكۆندۆ)ـیە یەكێك لە بازرگانە ئیتاڵیەكانی ئاوریشم بووە و پەیوەندیەكی پتەویان لەگەڵ لیۆناردۆ داڤنشیدا هەبووە، لە ساڵی ١٠٥٣ داوای لێكردووە كە وێنەکەی هاوسەرەکەی بۆ بکێشێت.
دزینی تابلۆکە
دوای دزینی تابلۆی مۆنالیزا، تابلۆکە ناوبانگێکی زیاتری پەیدا کرد، بەڵام زۆری نەخایاند چونکە جەنگی جیهانی یەکەم سەرنجی بەشێکی زۆری جیهانی بە لایەکی تردا برد. دواتر لە ساڵی ١٩١٩دا دوای شێواندنی تابلۆکە و دروستکردنی سمێڵ لەسەر دەموچاوی خانمەکە لەلایەن مارسێل دوشامپ وایکرد دیسانەوە سەرنجی خەڵکی بۆ مۆنالیزا ڕابکێشێ و ڕەوتێکی نوێی دەستپێکرد کە وایکرد تابلۆکە ببێتە یەکێک لە ناسراوترین تابلۆکانی جیهان. ئەم کردەوە بێ ڕێزییە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە، بەشێکی هونەرمەندەکان ئەم شێوەزایان بە هەل زانی، چونکە گاڵتەیەکی لەو شێوەیە دەیتوانی سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. بۆ ماوەی دەیان ساڵ هونەرمەندەکانی دیکە بەتایبەتی ئەندی وارهۆڵ ئەم شێوازەیان بەکارهێنا، هونەرمەندەکان هەستان بە تێکدان، شێواندن و دووبارە دروستکردنەوەی مۆنالیزا، لە شێوەی کاریکاتێر و بەشێوەیەکی بەرچاو زیادەڕەوییان تێدا دەکرد. بەدرێژایی دەیان ساڵ، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە تابلۆکە دروستکرایەوە، هەندێکجار دەستکاری دەکرا و هەندێکجاریش بەبێ دەستکاری دروستدەکرایەوە، بەجۆرێک کە دەموچاوی بوو بە یەکێک لە ناسراوترینەکانی جیهان، تەنانەت لای ئەو کەسانەشی کە ئارەزووی هونەر ناکەن.
ڕاستییەکان دەربارەی تابلۆی مۆنالیزا
پرسێکی زۆر هەیە سەبارەت بەم تابلۆیە کە یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆکانی جیهان، هەر ئەمەش وایکردووە بە درێژایی مێژوو چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێش بێت. هەندێک ڕاستی سەبارەت بەم تابلۆیە:
- ئەم تابلۆیە لەلایەن لیۆناردۆ داڤنشیەوە کێشراوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە هی لیزا گێراردینی هاوسەری بازرگانی فەرەنسی فرانسیسکۆ جیۆکۆندۆیە
- ڕەهەندەکانی تابلۆکە تا ڕادەیەک بچووکن، قەبارەکەی (درێژی ٧٧ سانتیمەتر و پانی ٥٣ سانتیمەتر)
- تەکنیک و لێهاتوویی هونەری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت
- لە ساڵی ١٩١١ دزراوە و لە ساڵی ١٩١٣ دۆزراوەتەوە
- تابلۆکە بە بۆیەی زەیتی لەسەر پارچە تەختەیەکی سنەوبەر کێشراوە
- زەردەخەنەی ئافرەتەکە بەپێی گۆشەی بینین دەگۆڕێت، لەوانەیە نەرم و دڵخۆشکەر بێت، یان بە ئەستەم بزانیت دڵخۆشە یان خەمبارە
- چاوەکانی بە شێوەیەک دەردەکەون وەک ئەوەی دوای بینەر دەکەون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕادەی لێهاتوویی لیۆناردۆ، بەجۆرێک کە ئەم کاریگەرییەی ناو بردووە بە کاریگەری مۆنالیزا.
- سەرەڕای جوانی تابلۆکە بەڵام تاکە هۆکارێک نییە بۆ ناوبانگەکەی. بەڵکو چەندین هۆکار هەن کە وایان کردووە بەناوبانگ ببێت لەوانە هاتنی بەڕێکەوتی بۆ لۆڤەر و ئەفسانەسازی سەدەی نۆزدەیەم و دووبارە دروستکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە تابلۆکە لە سەدەی ٢٠ و ٢١. ئەمانە و چەندین نهێنی تر هەن کە وایان کردووە مۆنالیزا بکاتە جێی سەرنجی جیهان و ببێت بە یەکێک لە بەناوبانگترین تابلۆکانی جیهان.