نەخۆشییە باوەکانی وەرزی پاییز

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-14-23:11:00 - کۆدی بابەت: 11431
نەخۆشییە باوەکانی وەرزی پاییز

ناوه‌ڕۆك

 ناساندن

نەخۆشییە باوەکانی وەرزی پاییز (بە ئینگلیزی: Common diseases of the fall season، بە عەرەبی: الأمراض  الشائعة في موسم الخريف) زۆرێک لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە وەرزی پاییزدا سەرهەڵدەدەن، چونکە کەشوهەوای ساردی پاییز دەتوانێت سیستەمی بەرگری کەم بکاتەوە و لاوازی بەرامبەر هەوکردنەکان زیاد بکات. هەوکردنی ڤایرۆسی بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و دەکرێت مەترسیدار بێت بۆ بەساڵاچووان و منداڵانی بچووک و ئەوانەی سیستەمی بەرگرییان لاوازە. خۆپاراستن باشترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە هەر نەخۆشییەکی گوازراوە یان هەوکردن لە وەرزی پایزدا.

باوترین نەخۆشییەکان

هەستیاری

دەنکە هەڵاڵە و سپۆری کەڕووەکان گەورەترین هۆکاری هەستیارین لە وەرزی پاییزدا. هەرچەندە زیندەوەرانی ناو تۆز و با باون لە ماوەی مانگە شێدارەکانی هاویندا، بەڵام دەکرێت زیاتر بڵاوببنەوە کاتێک پلەی گەرمی لە وەرزی پاییزدا دەگۆڕێت.
نیشانەکان

  • ئاوداهاتنی چاو و خورانی
  • ئاوداهاتنی لووت یان لووت گیران
  • جیوبی لووت یان قورگ
  • پژمە
  • لەدەستدانی بۆن بە شێوەیەکی کاتی
  • پرخاندن بە هۆی گیرانی قوڕگەوە
  • سەرئێشە
  • قورگ ئێشە
  • هەوکردنی گوێ
  • ماندووبوون
  • کۆکە

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • داخستنی درگا و پەنجەرەی ماڵ و پەنجەرەی ئۆتۆمبێل.
  • گەڕان لە ئینتەرنێت بۆ زانینی ژمارەی دەنکە هەڵاڵەی ڕۆژانە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی لە کاتی بەرزی ژمارەی دەنکە هەڵاڵەکان لەماڵەوە بمێنیتەوە.
  • گەڕان لە ئینتەرنێت بۆ پشکنینی جۆری هەوای شارەکەت پێش بەسەربردنی کات لە دەرەوە.
  • خۆ شۆردن دوای بەسەربردنی کات لە دەرەوە.

هەڵامەت

هەڵامەت لەوانەیە لە هەموو کاتێکدا کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبێت، بەڵام پاییز باشترین کاتە بۆ بڵاوبوونەوەی هەڵامەت. هەڵامەت نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لەوانەیە لە چەند ڕۆژێکەوە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.
نیشانەکان

  • تایەکی پلە نزم
  • ئاوداهاتنی لووت
  • ئازاری جەستە یان سەرئێشە
  • کۆکە
  • پژمین
  • هەڵاوسان
  • قورگ ئێشە

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • بە درێژایی ڕۆژ دەستەکانت بشۆ، بەتایبەتی دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش نان خواردن.
  • ئاستی فشاری دەروونیت بە نزمی بهێڵەوە، خۆراکی هاوسەنگ بخۆ و بە باشی بخەوە.
  • دەم و لووتت داپۆشە کاتێک پژمین یان کۆکە دەکەیت.
  • خۆت بەدوور بگرە لە بەسەربردنی کات لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا.

ئەنفلۆنزا

ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا لە وەرزی پاییزدا باون. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، نەخۆشییەکە لەوانەیە توند بێت و تەشەنەبسێنێت بۆ هەوکردنی بۆڕییەکانی هەوا یان هەوکردنی سییەکان.
نیشانەکان

  • سکچوون
  • ماندوێتی لەناکاو
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە
  • ئازاری جەستە
  • خیزەی هەناسە و هەڵاوسان
  • لەرزوتا
  • سەرئێشە
  • تا
  • کۆکەی بەردەوام
  • قورگ ئێشە
  • توندبوونی سنگ

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • دەستەکانت زۆر بە باشی و بە بەردەوامی بشۆ.
  • لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا کات بەسەر مەبە.
  • لووت و دەمت داپۆشە لە کاتی پژمین یان کۆکە.
  • خواردنی تەندروست بخۆ.
  • زۆر پشوو بدە.
  • ئاستی فشاری دەروونیت دابەزێنە.

قورگ ئێشە

لەوانەیە هەست بە ئازار یان برین بکەیت لە قوڕگت لە کاتی کەشوهەوای سارددا، کە دەبێتە هۆی ئازاری قورگ. هەروەها ئازاری قوڕگ نیشانەیەکە بۆ هەستیاری، هەڵامەت و ئەنفلۆنزا، بەڵام دەکرێت ئازاری قوڕگ بە بێ هەستیاری و هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا دروستببێت.
نیشانەکان

  • نووسانی قوڕک
  • کێشە لە قووتدان
  • هەڵاوسانی ڕژێنەکانی مل
  • لەدەستدانی حەزی خواردن
  • لەرزوتا
  • خوران و ئاوداهاتنی چاو
  • ئازاری ماسولکە و جەستە

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • دووربکەوەرەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکان.
  • زوو زوو دەستەکانت بشۆ.
  • دەم لووتت دابپۆشە.
  • خواردنەوە و خواردن و کەلوپەل لەگەڵ کەسانی تر هاوبەش مەکە، بەتایبەتی ئەگەر نەخۆشبن.

نۆرۆڤایرۆس

ڤایرۆسی نۆرۆ دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە. زۆر بڵاوە و لە پاییزەوە تا زستان بە تەواوی دەمێنێتەوە. دەتوانرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە، یان لە ڕێگەی خۆراکی پیسبووەوە، بەتایبەتی خواردنی دەریایی.
نیشانەکان

  • سکچوون
  • هەستکردن بە نەخۆشی
  • ئازاری سک یان سەر ئێشە
  • ئازاری ماسولکە
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • دەستەکانت بە تەواوی بشۆ دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن یان ئامادەکردنی خواردن.
  • خواردن ئامادە مەکە و گرنگی بە کەسانی دیکە مەدە کاتێک نەخۆش کەوتوویت.
  • تەوالێت و دەستشۆرەکان بە پاککەرەوە پاک بکەرەوە. 
  • خواردنە دەریاییەکان بە باشی ئامادە بکە، چونکە ڤایرۆسی نۆرۆ دەتوانێت لە پلەی گەرمی زیاتر لە ١٤٠ پلەی فەهرەنهایت بژی.

هەوکردنی سوکی گوێ

هەوکردنی سوکی گوێ بەهۆی نەخۆشی یان هەوکردنی ڤایرۆسی لە گوێی ناوەڕاست دروست دەبێت و ئەگەری ڕوودانی زیاترە لە پاییز بەراورد بە وەرزەکانی تر. هەروەها لەوانەیە لە ئەنجامی نەخۆشییەکانی تر بێت وەک هەستیاری، هەڵامەت و ئەنفلۆنزا. هەوکردنی گوێ لە منداڵاندا باوترە.
نیشانەکان

  • ئازاری گوێ 
  • لەدەستدانی بیستن لە گوێی تووشبوو
  • ڕشانەوە
  • سکچوون
  • پڕبوونی گوێ
  • بوونی ئازار لە کاتی دەست لێدان گوێ
  • سەر سوڕان و سەر گێژبوون
  • هەستکردن بە نەخۆشی

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • لە ژینگەیەکی بێ جگەرەدا بمێنەرەوە و دڵنیابە لەوەی کەس لە ماڵەکەت جگەرە ناکێشیت.
  • خۆت بەدوور بگرە لە بەکارهێنانی گوێ پاککەرەوەی لۆکە و بردنی بۆ ناو گوێچکە.
  • منداڵەکەت فێری ئەوە بکە کە چۆن بە تەواوی دەستەکانی بشوات و چەند کردارێکی دیکەی پاکوخاوێنی کە ڕێگری لە نەخۆشی دەکات.

هەوکردنی سوکی بۆری هەوا

هەوکردنی سوکی بۆرییەکانی هەوا بریتییە لە هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا کە هەوا دەگوازێنەوە بۆ سییەکان. بەزۆری بەهۆی ڤایرۆسەوە دروست دەبێت و زۆرجار دوای هەڵامەت یان ئازاری قوڕگ یان ئەنفلۆنزا ڕوودەدات. ڤایرۆسەکان یان بەکتریاکان کە دەبنە هۆی هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا زیاتر لە کەشوهەوای سارددا بڵاون.
نیشانەکان

  • توندی سنگ یان هەستکردن بە گیرانی سینگ
  • خیزەی هەناسە
  • هەناسە کورتی
  • ئازاری جەستە
  • کۆکە کە لینجی سەوز یان زەرد دروست دەکات
  • لەرزوتا
  • قوڕگ ئێشە

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە.
  • خۆت بەدووربە لەو شتانەی کە دەبنە هۆی هەستیاربوونی قوڕگ و سییەکان وەک پاشماوەی ئاژەڵی ماڵی، دووکەڵ، هەڵم، یان تۆز.
  • بە بەردەوامی دەرگاکان پاک بکەرەوە، ڕووی کانتۆرەکان و ڕووەکانی تر کە زۆر جار دەستیان لێدەدات.

هەوکردنی جومگەکان

هەوکردنی جومگەکان کە لەگەڵ تەمەندا خراپتر دەبێت. هەوکردنی جومگەکان نەخۆشییەکی ساڵانەیە، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشی جومگەیان هەیە ڕاپۆرت دەدەن کە کەشوهەوای سارد و شێ نیشانەکانیان زیاد دەکات. پایزیش بە هۆی کەشوهەوا ساردەکەیەوە هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی ڕێژەی هەوکردنەکانی جومگە.
نیشانەکان

  • ئازاری جومگەکان
  • ماندووبوون
  • هەڵئاوسانی جومگەکان
  • ڕەقی لە جومگەکان
  • نەرمی لە جومگەکاندا

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • خواردنێکی تەندروست بخۆ کە میوە و سەوزە و ماسی و چەرەسی تێدابێت.
  • کۆنترۆڵی کێشی جەستەت بکە.
  • بە بەردەوامی وەرزش بکە بۆ ئەوەی جومگەکانت توانای گرژبوون و خاوبوونەوەیان بە باشی بمێنێت.

جیوبی لووت

هەوکردنی گیرفانەکانی لووت بەهۆی هەوکردنی ئەو شانەیەوە دروست دەبێت کە گیرفانەکان ڕێکدەخات، کەلێن و کونەکانی دەوروبەری ڕێڕەوی لووت. هەوکردنی گیرفانەکانی لووت یان جیونی لووت لە کەشوهەوای سارددا زیاتر باوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی باوترین هۆکارەکانی جیوبی لووت بریتین لە، هەڵامەت و ئەنفلۆنزا و هۆکارەکانی هەستیاری کە لەم کاتەی ساڵدا بەربڵاوترن. کەشوهەوای سارد ئازاری پەیوەندیدار بە جیوبی لووتەوە خراپتر دەکات.
نیشانەکان

  • هەستکردن بە ئازار لە کاتی دەستدان لە ژێر چاو یان لە پردی لووت.
  • ئاوداهاتنی لووت
  • ئازاری ددان
  • دەردراوی بێڕەنگی لووت
  • گیرانی لووت
  • تا

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • بە خواردنەوەی شلەیەکی زۆر دەردراوەکانی لووت بە تەنکی بهێڵەوە.
  • لووتت بە شێداری بهێڵەوە بە بەکارهێنانی سپرای خوێ.
  • چارەسەری هەستیاریەکانت بکە.
  • دووربکەوەرەوە لە گەشتی ئاسمانی.

ڕەبۆی هاندراو بە هەڵامەت

کەشوهەوای سارد و شێدار مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی ڕەبۆ زیاد دەکات بە وشکبوونەوەی ڕێڕەوەکانی هەوا. هەڵامەت و ئەنفلۆنزای کە لە کاتی کەشوهەوای سارددا حاڵەتێکی باون، هۆکاری دیکەن کە دەبنە هۆی ڕەبۆ لە کاتی پایزدا.
نیشانەکان

  • خیزەی هەناسە
  • ئازاری سنگ یان هەستکردن بە گیرانی سینگ
  • کۆکە
  • هەناسە کورتی
  • کێشەی قسەکردن و خەوتن

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • دووربکەونەوە لە هۆکارەکانی ڕەبۆ.
  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە و لە ژینگەیەکی بێ جگەرەدا بمێنەوە.
  • چاودێری هەناسەدانت بکە و ئامێری هەناسەدانی خێرا بەکاربهێنە ئەگەر کێشەی هەناسەدانت بۆ دروستبوو.

کەمی ڤیتامین دی

ڤیتامین D بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی گرنگە و گەشە و بەهێزی ئێسک دەپارێزێت. سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین D تیشکی خۆرە، هەر بۆیە کاتێک ئێمە بڕێکی کەمتر لە تیشکی خۆرمان دەست دەکەوێت لە وەرزی پاییزدا بە بەراورد لەگەڵ وەرزەکانی تری ساڵ، ئێمە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی کەمی ڤیتامین D دەبینەوە.
نیشانەکان

  • زیاتر تووشبوون بە نەخۆشی (زۆرجار بەهۆی هەوکردنەوەکانە)
  • ماندوێتی و لاوازی
  • ئازاری ئێسک و پشت
  • هەڵوەرینی قژ
  • خەمۆکی
  • هێواش ساڕێژبوونی برینەکان

ئامۆژگاریەکانی خۆپاراستن

  • زیادکردنی بەرکەوتنی خۆر.
  • ئەو خۆراکانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە خۆراکە ماددەکانی سەرچاوەی ڤیتامین D (قارچک، هێلکە، شیر، ماسی، خواردنی دەریایی، هتد).
  • وەرگرتنی تەواوکەری ڤیتامین D.

ناڕێکی بەهۆی کاریگەری وەرزییەوە

نەخۆشی کاریگەری وەرزی (SAD or Seasonal Affective Disorder) نەخۆشییەکی دەروونییە کە کاریگەری لەسەر بەشێک لە خەڵک هەیە بە درێژایی وەرزی پاییز و زستان. SAD نەخۆشییەکی گەورەیە کە دەبێتە هۆی خەمۆکی. هیچ بیردۆز و بەڵگەیەکی کۆتایی نییە دەربارەی ئەوەی کە لە ڕاستیدا هۆکاری SAD چییە، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانکاری هۆڕمۆنەوە هەیە لە ماوەی وەرزی پایز و زستاندا.
نیشانەکان

  • دڵتەنگی
  • ماندووبوون
  • زیادبوونی کێش
  • کێشە لە سەرنجدان
  • زیادکردنی ئارەزووی تەنیابوون
  • هەستکردن بە لاوازی
  • پێویستی زیاتر بۆ خەو

ئامۆژگاری خۆپاراستن

  • خۆ چاودێریکردن
  • ڕاهێنانی جەستەیی
  • وەرگرتنی تەواوکەری ڤیتامین D

سەردانی پزیشک بکە هەر کاتێک گومانت کرد کە تووشی هەر یەکێک لەم نەخۆشییانە بوویت. دەتوانیت خێراتر ئەزموونی چاکبوونەوە و باشبوونەوە بکەیت بە وەرگرتنی چارەسەر و چاودێری پزیشکی دەستبەجێ و لە کاتی گونجاودا.


سەرچاوەکان



314 بینین