نیامەی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-10-30-21:56:00 - کۆدی بابەت: 11561
نیامەی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیامەی (بە ئینگلیزی: Niamey، بە عەرەبی: نيامي)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری نەیجەرە لە ئەفریقای ڕۆژئاوا. ئەم شارە لەسەر ڕووباری نەیجەرە و دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکەوە. ڕووبەری شارەکە ٢٣٩.٣٠ کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی نیامەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٢ـدا بە ١٠٢٦٨٤٨ کەس هەژمارکرا. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە، پێشبینییەکانی دانیشتووان ئەوە نیشان دەدەن کە گەشەی  دانیشتووانی ناوچەی پایتەخت بە بەراورد بە خودی تەواوی وڵاتەکە خاوترە، کە بەرزترین ڕێژەی بەپیتی لە جیهاندا هەیە. شارەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی گەشەسەندنی هەرزنی مرواری، لە کاتێکدا پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان بریتین لە خشت، کەلوپەلی سیرامیک، چیمەنتۆ و جۆڵایی.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی نیامەی لە دوای سەربەخۆیی نەیجەرەوە بەخێرایی گەشەی کرد، وشکەساڵییەکانی سەرەتای حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ قەیرانی ئابووریی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هانی دانیشتووانە گوندنشینەکانیدا کە بەرەو گەورەترین شاری نەیجەر کۆچ بکەن. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە وردە وردە زیادیکرد، لە نزیکەی سێ هەزار کەس لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ نزیکەی سی هەزار کەس لە ساڵی ١٩٦٠، تا ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٨٠ـدا بۆ ٢٥٠ هەزار کەس بەرزبووەوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا گەشتە ٨٠٠ هەزار دانیشتوو. لە سەردەمی حکوومەتی سەربازی ژەنەڕاڵ سێنی کۆنچەدا، حکوومەت بەتوندی کۆنتڕۆڵی شوێنی نیشتەجێبوونی کرد و بە بەردەوامی کەسانی بێ مۆڵەتی دەگەڕاندەوە بۆ گوندەکانیان. زیادبوونی ئازادییەکانی کۆتایی هەشتاکان و نەوەدەکان، لەگەڵ یاخیگەریی توارێگی ساڵانی نەوەدەکان و قات و قڕی ساڵانی ٢٠٠٠، کۆچی ناوخۆیی زیادکرد و ژمارەیەکی زۆر جێگیرگەی نافەرمی لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەدا دەرکەوتن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری نیامەی کەشوهەوایەکی گەرم و نیمچە وشکی هەیە، ساڵانە پێشبینی دەکرێت ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا ببارێت، کە بەزۆری لە کۆتایی مانگی حوزەیران تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدایە. لە مانگی تشرینی یەکەم تا نیسان هیچ باران نابارێت. کەشی نیامەی بەدرێژایی ساڵ گەرمە و یەکێکە لە گەرمترین شارە گەورەکانی جیهان. تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی مانگانە لە چوار مانگی ساڵدا دەگاتە ٣٨ پلەی سەدی و لە هیچ مانگێکی ساڵدا تێکڕای پلەی گەرمی بەرز بۆ خوار ٣٢ پلەی سەدی دانابەزێت. لە وەرزی وشکدا، بەتایبەتی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا شوبات، کەشی نیامەی لە کاتەکانی شەودا بەگشتی فێنکە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم لە نێوان ١٤-١٨ پلەی سەدیدایە.


سەرچاوەکان



275 بینین