کتێبی چل ڕێساکەی عەشق

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2023-12-31-13:43:00 - کۆدی بابەت: 11792
کتێبی چل ڕێساکەی عەشق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

کتێبی چل ڕێساکەی عەشق: ڕۆمانێک دەربارەی جەلالەدینی ڕۆمی (بە ئینگلیزی: The Forty Rules of Love: A Novel of Rumi، بە عەرەبی: قواعد الحب الأربعون: رواية الرومي)  ڕۆمانێکە باس لە عەشق و خۆشەویستی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و ڕابردوو و ئێستا و عەشقی ڕۆحی و دنیایی دەکات، هەموو ئەمانەش لەمیانەی چیرۆکی نێوان جەلالەدینی ڕۆمی و شەمسی تەورێزی دەگێڕێتەوە، کە کاریگەرییان دوای نزیکەی هەشت سەد ساڵ کەوتووەتە سەر ڕۆماننووسێکی ڕۆژئاوایی بە ناوی عەزیز . ز . زاهارا .

ناسنامەی کتێب

نووسینی ئەلیف شەفەق 
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە جەلیل کاکە وەیسی
وەرگێڕانی لە تورکییەوە سەردار حەسەن خاڵی
بابەت ڕۆمان 
هەڵەچنی و ڕێنووس دەریا غەفوور
دیزاینی ناوەوە ڕەوشت محەمەد
دیزاینی بەرگ ئاکار جەلیل کاکە وەیسی 
تیراژ ١٥٠٠ دانە
نرخ (٩٠٠٠) نۆ هەزار
چاپی یەکەم چاپخانەی تاران ساڵی ٢٠١٥ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارە ١٧٩٨ ی ساڵی ٢٠١٤ی پێدراوە.
مافی لە چاپدانەوەی بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم پارێزراوە.
سەرپەرشتیاری گشتی زنجیرە ئازاد بەرزنجی 
ژمارەی لاپەڕە ٤٦٥ لاپەڕە

پێشەکی

ئەم ڕۆمانە دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و پایەی زانستی جەلالەدینی ڕۆمییە، دوای ئەوەی لەگەڵ شەمسی تەورێزیدا بەیەک دەگەن ئیدی جەلالەدینی ڕۆمی دەست لە هەموو دنیا هەڵدەگرێت و دەبێت بە جەلالەدینێکی دیکە و بەرەو ناوەوەی خۆی شۆڕدەبێتەوە و ڕواڵەتەکانی دنیا دەکاتە قوربانی ڕامانە قوڵەکانی خۆی و عەشقی خودایی دەکاتە ئامانجی سۆفییەکی بێنیاز و پشت لە دنیا کردوو، ئەم ڕۆمانە لە شێوەی تەکنیکێکی هونەری ناوازەدا لە دوو ڕۆمان یان لە گێڕانەوەی دوو ڕووداو کە هەر یەکەیان لە سەدەمێکی جیا و دوور لە یەکتر ڕوویان داوە پێک دێت، لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە کە ئەویش شۆڕبوونەوەیە بەرەو ناوەوەی نەفس و هەوڵدانێکە بۆ پاککردنەوەی خود لە خڵتەی ڕواڵەتبازی، بەڵام هەریەکەیان بە کەرەستە و ناو و زاراوەی سەردەمی خۆی.

ناوڕۆک 

  • ئێلا
  • کفری شیرین
  • بەراییەک
  • بکوژەکە
  • بەشی یەکەم: زەوی لە توخمی ڕەق و پاراو و ئارام پێکدێت.
  • بەشی دووەم: ئاو، شتە شلەمەنییەکان دەگۆڕێن و پێشبینی ناکرێن.
  • بەشی سێیەم: با، ئەو شتانەی کە دەبزوێن، گەشە دەکەن، مەیدانخوازی دەکەن.
  • بەشی چوارەم: ئەو شتانەی کە ڕووخێنەر و تێکشکێنەرن.
  • بەشی پێنجەم: عەدەم، ئەو شتانەی لە میانەی نادیارییانەوە هەن.
  • ئەلیف شەفەق.

کەسایەتییەکانی ناو ئەم ڕۆمانە

  • ئێلا
  • شەمسی تەورێزی
  • سەیدەکە
  • فەقێکە
  • جەلالەدینی ڕۆمی
  • حەسەنی سواڵکەر
  • دەمارگیرەکە
  • گوڵی بیابانی لەش فرۆش
  • سلێمان سەرخۆش
  • عەلائەدین 
  • کیرا
  • کیمیا
  • سوڵتان وەلەد
  • فەقێ حوسام
  • عەزیز .ز. زاهارا

چەند ڕێسایەک لە چل ڕێساکەی عەشق

ڕێگەی بەرەو ڕاستی کە لە دڵەوە تێدەپەڕێت نەک لە سەر، دڵت بکە بە ڕێنوێنی سەرەکیت نەک ئاوازت. ڕوو بەڕوو ببەوە، مەیدانخوازی بکە لە ئەنجامدا دڵت بەسەر نەفسدا زاڵ دەبێت ئیدی خۆناسین بەرەو ناسینی خودا دەتبات.

سۆفی ڕاستەقینە ئەوەیە تەنانەت گەر لە هیچیش تاوانبار بکرێ و لە هەموو لایەکەوە هێرشی بکرێتە سەر ئەو تەنها وشەیەکی ناشرین بەرەو ڕووی ڕەخنەگرەکانی ناکاتەوە و بە ئارامییەوە بەرگە دەگرێت، سۆفی گازندە لە کەس ناکات، ئاخر چۆن دەکرێ  دوژمنێک یان ڕکابەرێک یان تەنانەت (ئەوانی دیکەیەک) هەبن لە کاتێکدا لە پلەی یەکەمدا (نەفسێک) نەبێت، چۆن دەکرێ یەکێک هەبێت گلەیی لێ بکات لە کاتێکدا جگە لە (تاک و یەکتا) کەسی تری تێدا نیە.

هەوڵ مەدە بەرەنگاری ئەو گۆڕانکارییانە ببیتەوە کە ڕێت لێدەگرن بەڵکو لێگەڕێ با ژیان لە ناوتدا بژی، گەر ژیانت سەرەوژێر و قڵپەوە بوو نیگەران مەبە چۆن دەکرێ بزانیت کە ئەو شتەی لە گەڵیدا ڕاهاتوویت لەو شتە باشترە کە بەڕێوەیە. 

پیسی ڕاستەقینە لە ناوەوە خۆی حەشار داوە بەڵام پیسییەکەی تر بە شۆردن دەڕوات، یەک جۆر پیسی هەیە کە بە سازگارترین ئاو پاک نابێتەوە ئەویش پیسی ڕق و دەمارگیرییە و ڕۆح دەلەوتێنێت، دەتوانین جەستەمان بە خودا پەرستی و نوێژ پاک بکەینەوە بەڵام تەنها خۆشەویستی دڵەکانمان پاک دەکاتەوە.

خودا کاتگرەوەیەکی وردە بە ڕادەیەک وردە کە ڕیزبەندی و ڕێکخستنەکەی لەسەر زەویدا وا کە هەموو شتێک دەکات کە لە کاتی خۆیدا ڕووبدات ئیدی نە خولەکێک پێش دەکەوێ نە خولەکێک دوا دەکەوێت.
 
زۆربەی کێشەکانی دنیا لە هەڵەی زمانەوانی و لە بەدحاڵیبوونێکی سادەوە سەر هەڵدەدەن، قەت وشەکان بە واتا ئاشکراکەیان وەرمەگرە، کاتێ بازنەی خۆشەویستی قورس و سەخت دەبێت زمانی دەربڕینەکەشی بەسەر دەچێت، چونکە ئەو شتەی بە پەیڤان دەرنابڕدرێ تەنها بێدەنگی دەرەقەتی دێت.

ڕێسای چلەمین دەڵێت: بەبێ عەشق ژیان نرخێکی نییە لە خۆت مەپرسە چ جۆرە عەشقێکت دەوێ ڕۆحی یا ماددی، خودایی یان دنیایی، ڕۆژئاوایی یان ڕۆژهەڵاتی، چونکە دابەشبوونەکان جگە لە دابەشبوونی زیاتر چ ئەنجامێکیان نابێت، ئەشق نە ناوێکی هەیە و نە نیشانە و نە پێناسەیەک، هەر ئەوەیە کە هەیە، بێگەرد و سادە.

بەشێک لە شعرەکانی ڕۆمی: 
عەشق بکە بە سەر مەشقت، عەشق وەک دەبینی
ژیان بەبێ عەشقی بێگەرد دەبێتە بارێکی قورس

هۆ براکەم بەرگەی ئازار بگرە
خۆت لە ژەهری ئارەزووەکانت بپارێزە
 ئاسمان بەرامبەر جوانیت دادەچەمێتەوە 
گەر ئەوەت کرد ئەوا دڕک دەبێتە گوڵ و
لەگەڵ هەردوو دنیادا دەدرەوشێتەوە


سەرچاوەکان



394 بینین