پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردنە کەڕووییەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-20-17:10:00 - کۆدی بابەت: 11878
پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردنە کەڕووییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردنە کەڕووییەکان (بە ئینگلیزی: Laboratory tests for fungi infections، بە عەرەبی: الاختبارات المعملية لعدوى الفطريات) بەکاردێت بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی کەڕوو بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن و یارمەتیدان لە ڕێنماییکردنی چارەسەر. پشکنینی کەڕوو بە شێوەیەکی ئاسایی پشکنینی مایکرۆسکۆپی نموونەکە لەسەر سلایدێک دەگرێتەوە، هەندێک جار لەگەڵ بەکارهێنانی ئامادەکراوێک یان بۆیەیەک دەبێت بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی پێکهاتەکانی کەڕوو. ئەمە لەوانەیە بەس بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە هەوکردنەکە بەهۆی کەڕووەوەیە و لەگەڵ هەوکردنی ڕووکەشی، لەوانەیە پێویست بە پشکنینی زیاتر نەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە حاڵەتەکانی هەوکردنی بەردەوام، قووڵ، یان سیستەمی کاتێک دەستنیشانکردنی کۆتایی پێویستە، لەوانەیە بەدوای پشکنینی زیاتردا بێت وەک پشکنینی چاندنی کەڕوو و پشکنینی هەستیاری، پشکنینی دژەتەن، یان پشکنینی گەردیلەیی وەک کاردانەوەی زنجیرەی پەڵمەرەیی (PCR).

کەڕوو چییە؟

کەڕووەکان ئەو میکرۆبانەن کە لە سروشتدا بوونیان هەیە وەک هەویرترشی خانەیی تاک یان بە شێوەی فرەخانەیی. زیاتر لە ٥٠.٠٠٠ جۆری کەڕوو لە ژینگەدا هەیە، بەڵام کەمتر لە ٢٠٠ جۆر پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی مرۆڤەوە هەیە. لەو ژمارەیەدا تەنها ٢٠ بۆ ٢٥ جۆر هۆکاری باون بۆ تووشبوون بە هەوکردنە کەڕووییەکان.

هەوکردنی کەڕووەکان نوێنەرایەتی داگیرکردنی شانەکان دەکەن لەلایەن یەک یان زیاتر لە جۆرەکانی کەڕوو و مەودایەکە لە هەوکردنی ڕووی پێستەوە بۆ شانە قووڵەکان، خوێن، سییەکان یان هەوکردنە بڵاوبووەکان.

باوترین هەوکردنی کەڕوو، لەوانەیە ببنە هۆی هەوکردنی نینۆک یان هەوکردنی پێستی سوور وەک ئەوانەی کە بە تینیا ناسراون، لەوانە پێی وەرزشوان، خورانی جۆک (jock itch) و کرمی ئەڵقەیی. کەڕووەکانی تر دەبنە هۆی هەوکردنی هەویرترش، کە لەوانەیە وەک پارچە سپییەکان لە دەمدا دەرکەون (هەوکردنی کەڕوویی دەم) یان خورانی زێ و دەرچوونی دەردراو لێیەوە (هەوکردنی کەڕوویی زێ). بەپێی سەنتەری ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC)، نزیکەی ٧٥ ٪ی ژنان بە لایەنی کەمەوە جارێک تووشی هەوکردنی هەویرترش دەبن.

ئەو هەوکردنانەی کەمتر باون، هەندێک کەڕوو لەوانەیە لە شوێنی ڕەسەنی خۆیانەوە بڵاوببێتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو شانە قووڵەکان یان لەوانەیە ببنە هۆی هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی خوێن، یان هەوکردنی سیستەماتیکی لەش دەکرێت کاریگەری لەسەر هەر ئەندامێکی لەش هەبێت. هەوکردنی سییەکان بە کەڕوو بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێدەکات بە هەڵمژینی بە ڕێکەوتی سپۆری کەڕوو. هەوکردنی سییەکان یان کەڕووی سیستەم دەگمەنە لەو کەسانەی کە کۆئەندامی بەرگری ئاساییان هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کەسانەی کە بەرگری لاوازە، وەک ئەوانەی کە تووشبووی ئایدزن یان ئایدزی پێشکەوتوویان هەیە، ئەوانەی ئەندامیان گواستۆتەوە، و ئەوانەی کە نەخۆشییەکی بنچینەیی وەک شەکرە یان نەخۆشی سییەکانیان هەیە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی سەختی کەڕوو، هەوکردنێکی سیستەماتیکی و/یان دووبارەبوونەوەی هەوکردن زیاترە. بێگومان هێشتا هەندێک جۆری کەڕوو هەن کە دەکرێت ببنە هۆی هەوکردنی سی یان سیستەمی لە کەسانی تەندروستدا.

شانەی پێست و قژ و نینۆک کۆدەکرێنەوە بۆ مایکرۆسکۆپی و چاندن بۆ دامەزراندن یان پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕوو.

چۆن بەکاردێت؟

پشکنینی تاقیگەیی کەڕوو بەکاردێت بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕوو، بۆ یارمەتیدان لە ڕێنماییکردنی چارەسەر، و/یان هەندێک جار بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەر وەرگرتنەکەیە. بۆ زۆرێک لە هەوکردنەکانی پێست و هەویرترش، پشکنینی کلینیکی نەخۆشەکە و پشکنینی مایکرۆسکۆپی نموونەکە لەوانەیە بەس بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە هەوکردنی کەڕوو بوونی هەیە. بەڵام زیندەوەرە دیاریکراوەکە هەمیشە ناناسرێتەوە. پزیشکەکە چەندین بژاردەی چارەسەری دژە کەڕوو و زارەکی هەیە و بەگوێرەی پشبینییەکان و ڕێنماییەکان و ئەزموونەکانی.

بەرکەوتنی شوێنەکە بە درێژی شەپۆلی تیشکی سەروو وەنەوشەیی (ڕووناکی ناو وود) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناسینەوەی هەندێک هەوکردنی کەڕووی قژ (tinea capitis) چونکە قژی تووشبوو بە ڕەنگی سەوز دەرکەوێت.

کۆکردنەوەی نموونە بۆ پشکنینی کەڕوو

نموونەکانی مایکرۆسکۆپی کەڕوو و چاندن دەگوازرێنەوە بۆ تاقیگەکە لە کۆگایەکی پاک یان زەرفێکی کاغەزی ڕەش. ئەمانە بریتین لە:

  • وەرگرتنی نموونە لە پێستی سەر، باشترین شێوەی وەرگرتن لە لێواری پێشەوەی برینەکەیە دوای ئەوەی پێست بە کحول پاکدەکرێتەوە.
  • وەرگرتنی پێست بە شریتێکی چەسپاوەوە (تێپ یان سمخ) لابراوە کە دواتر لەسەر سلایدێکی شوشەیی دادەنرێت.
  • ئەو مووەی کە لە ڕەگەوە دەردەهێنرێت.
  • فڵچەلێدان لە ناوچەی پێستی سەر و کڕاندنی.
  • بڕینی نینۆک یان وەرگرتنی کڕاندنی پێست لە ژێر نینۆکەوە.
  • نموونەوەی شانە وەرگرتن لە پێست.
  • سوابێکی شێدار لە ڕووی لینجی (ناو دەم یان زێی ئافرەت) کە پێویستە لە ناوەندێکی گواستنەوەی تایبەت دابنرێت. هەروەها پێویستە لە حاڵەتی هەوکردنی بەکتریای دووەمدا سواب لە دومەڵ و برینە تەڕەکانی پێست وەربگیرێت.
  • وەرگرتنی خوێن بۆ ئەنجامدانی ئەو پشکنینانەی بە خوێن دەکرێن لەوانە گەڕان بەدوای دژەتەن.

پشکنینە تاقیگەییەکان

پشکنینی مایکرۆسکۆپی

مایکرۆسکۆپی ڕاستەوخۆ ئەنجادەدرێت لەسەر نموونەی کڕێندراوی پێست و بڕینی نینۆک، ئەم نموونەیە کە بە مایکرۆسکۆپ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت لەلایەن یەکێک یان زیاتر لەم ڕێگایانەوە دەبێت:

  • ئامادەکردنی هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم (KOH) و بۆیە کردن بە مەرەکەبی شین یان ڕەش.
  • بۆیە کردن بە فلۆرێنسێنت.
  • سمیرێکی بێ بۆیە.
  • سمیرێکی بۆیەکراوی وشککراوە.

لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییە شانەییەکان لەگەڵ بۆیە تایبەتەکانی وەک periodic acid-Schiff (PAS).

مایکرۆسکۆپی دەتوانێت کەڕووە پێستییەکان (Dermatophytes) بناسێنێتەوە بە بوونی:

  • هایفای کەڕوو (دەزوولەی لقدارن) و دەبنە هۆی دروستکردنی مایسلیۆم.
  • ئارسرۆسپۆرەکان (سپۆری شکاو).
  • ئارسرۆکۆنیدیا (سپۆری تایبەتی ناوەکی).
  • سپۆر له ناوەوەی قژ (endothrix) یان له دەرەوەی قژ (ectothrix).

هەندێک جار دۆزینەوەی پێکهاتەکانی کەڕوو زەحمەتە، بەتایبەتی ئەگەر شانەکە زۆر تووشی هەوکردن بووبێت، بۆیە ئەنجامێکی نەرێنی هەوکردنی کەڕوو بەدوور ناگیرێت.

هەوکردنی کەڕووی هەویرترش دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت بە بە بوونی:

  • خانەکانی هەویرترش کە لەوانەیە دابەش بکرێن بە گۆپکەکردن.
  • هایفای درۆینە (Pseudohyphae) دەزوولەی لقدارن وەک ئەوانەی لە کەڕوویی پێستدا هەن و دەتوانن مایسیلیەمی درۆینە پێکبهێنن.
  • ئێسپەرجیلەسی بۆیەکراو بە PAS لە نموونەی شانەیی پێست دەبینرێت.

چاندنی کەڕوو

چاندنی کەڕوو بەکاردێت بۆ ناسینەوەی ئەو کەڕووە دیاریکراوەی کە لە هەوکردنی کەڕووە بەردەوامەکاندا هەیە و لەو کەسانەی کە کەڕووەکان دەچنە ناو شانە قووڵەکان و کاریگەری لەسەر سییەکان دەکەن یان دەبنە هۆی هەوکردنی سیستەماتیک. زۆرێک لە کەڕووەکان هێواش گەشە دەکەن. میدیای خۆراکی بەکاردێت بۆ چاککردنەوەیان بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێگری لە گەشەی بەکتریا دەکات و دەبێت پشتگیری گەشەی کەڕوو بکات بۆ چەند هەفتەیەک. پشکنینی هەستیاری ئەنجام دەدرێت لەسەر کەڕووە جیاکراوەکان دوای ئەوەی چاندنیان بۆ کراوە. ئەمە بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام دەرمانی دژە کەڕوو باشترە بۆ بەکارهێنانی لە چارەسەردا.

چاندنی کەڕوو بەکاردێت بۆ:

  • دەستنیشانکردنی ئەوە دەکات کە چ زیندەوەرێک بەرپرسیارە لە تووشبوون.
  • بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هەوکردنەکە بۆ نموونە ئاژەڵێکی تایبەت دەکرێت هۆکارەکەی بێت.
  • هەڵبژاردنی باشترین چارەسەر.

دەکرێت گەشەکردنی کەڕووەکان لە چاندندا چەند هەفتەیەک بخایەنێت، کە لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ پلەی سەدیدایە. نموونەکە لە ناوەندێکی وەک دێکسترۆز ئاگاری سابۆراو کە cycloheximide و chloramphenicol تێدایە. cycloheximide به جێ ده هێڵرێت ئەگەر مۆڵدێک پێویستی بەناسینەوه هەبێت.

دەکرێت ئەنجامی چاندنێکی نەرێنی هەبێت، ئەگەر:

  • نەخۆشییەکە بەهۆی هەوکردنی کەڕووەوە نەبێت.
  • نموونەکە بە شێوەیەکی دروست کۆ نەکرابێتەوە.
  • چارەسەری دژە کەڕوو پێش کۆکردنەوەی نموونەکە بەکارهێنرابێت.
  • دواکەوتنی نموونەکە لەوەی بگاتە تاقیگە.
  • هەڵە کردن لە ئەنجامدانی تەکنینەکانی تاقیگە.
  • زیندەوەرەکە زۆر بە هێواشی گەشە بکات.
  • چاندنی هەویرترش و مۆڵدەکان لەوانەیە ئەنجامبدرێت بەهۆی دروستکردنی کۆڵۆنی بێ زیانەوە بێت نەک هەوکردن. ئەمە لە نەخۆشییەکی بنچینەیی پێستدا باوە وەک سەدەفی.

لێوارەکانی چاندن

لێواری ئاگارەکان بۆ چاندنی کەڕووەکانی پێست

  • چاندنی ترایکۆفیتن ڕەبرۆم لەسەر لێواری ئەگار.
  • ڕۆدۆتۆرولا
  • پشکنینی خوێن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە هەوکردنی قووڵ یان بڵاوبوونەوەیان هەیە.

پشکنینی خوێن بەسوود نییە بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕووی ڕووکەش. بەڵام لە هەوکردنی کەڕووی ژێر پێست و بڵاوبووەوەی شانەکان دەکرێت چەندین پشکنینی خوێن بەسوود بن.

پشکنینی خوێن

پشکنینی خوێن بۆ دژەپەیداکەری کەڕوو، دژەتەن یان پشکنینی گەردیلەیی لەوانەیە بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا نەخۆش نەخۆشییەکی دیاریکراوی کەڕووی هەبووە بەم دواییانە یان نا. پشکنینەکانی خوێن خێراترن لە پشکنینی چاندنی کەڕوو، بەڵام تەنها پشکنین بۆ چەند جۆرێکی دیاریکراوی کەڕوو دەکەن کە دەبنە هۆی هەوکردنی سیستەماتیک، بۆیە پزیشکەکە دەبێت بزانێت چی زیندەوەرێکی کەڕوو هەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنین لەسەری.

کەی داوا دەکرێت؟

پشکنینی کەڕوو داوا دەکرێت هەر کاتێک پزیشک گومانی ئەوەی کرد کە نەخۆشێک لەوانەیە هەوکردنی کەڕوو هەبێت. هەروەها لەوانەیە داوایان بکرێت دوای یان بە شێوەیەکی بەردەوام لە کاتی چارەسەرکردن بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری چارەسەرییەکەی. لە هەندێک نەخۆشدا، لەوانەیە پشکنینی کەڕوو بە شێوەیەکی بەردەوام داوا بکرێت بۆ چاودێریکردنی دووبارەبوونەوەی هەوکردن. زۆرێک لە نیشانەکانی هەوکردنی کەڕوو هاوشێوەی ئەوانەیە کە بەهۆی بەکتریا و/یان ڤایرۆسەکانەوە دروست دەبن، و زۆرجار پشکنینی کەڕوو داوا دەکرێت کاتێک ڕوون نییە هۆکاری هەوکردنەکە چییە.

بۆ هەوکردنە ڕووکەشییەکان، لەوانەیە پشکنینی تاقیگەیی کەڕوو داوا بکرێت کاتێک نیشانەکانی پێست، نینۆک، یان لینجە پەردەی دەردەکەون، بۆ نموونە:

  • سووربوونی ڕەنگی پێست، خوران و توێکهەڵدانی ناوچەی پێست.
  • ئەو نینۆکانەی کە ئەستوورن و شێواون یاخود ناسکبوونەتەوە.
  • پەڵەی سپی لە دەمدا (thrush).
  • خورانی زێی ئافرەتان و دەردراوی لینجی ئەستووری ڕەنگ سپی یان کرێمی (هەوکردنی هەویرترش).

هەوکردنی قووڵ و سیستەمی کەڕوو لەوانەیە ببێتە هۆی نیشانەی جۆراوجۆر بەپێی ئەو بەشەی لەش کە کاریگەری لەسەر دەبێت. هەندێک نموونە بریتین لە:

  • هەوکردنی سییەکان لەوانەیە نیشانەی ئەنفلۆنزا دروست بکات وەک کۆکە، تا، ئازاری ماسولکەکان، سەرئێشە و برین.
  • هەوکردنی خوێن (septicaemia) لەوانەیە ببێتە هۆی لەرزوتا، تا، هێڵنجدا و هەستکردن بە لێدانی خێرا دڵ.
  • هەوکردنی کۆئەندامی دەماری ناوەندی (CNS) لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشەی بەردەوام و ڕەقی مل و هەستیاری بۆ ڕووناکی.

ئەنجامەکان ماناییان چییە؟

هەوکردنە ڕووکەشییەکان

ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشییەکانی کەڕوو لەسەر بنەمای پشکنینی جەستەیی دەستنیشان دەکرێن. جگە لە نیشانە گشتییەکان، زۆربەی هەوکردنەکانی پێست نیشانەی تایبەتمەندییان هەیە (وەک دەرکەوتنی نینۆکە تووشبووەکان) و شوێنی ئاسایی لەسەر جەستە (وەک پێی وەرزشوان لە نێوان پەنجەی پێیەکان). هەڵسەنگاندنێکی کلینیکی ناتوانێت، بە تەواوی بە پزیشکەکە بڵێت کە چی جۆرە میکرۆبێک بووەتە هۆی هەوکردنی کەڕوو.

هەوکردنی قووڵ و سیستەماتیکی

کاتێک دەستنیشانکردنێکی وردتر پێویستە، وەک لە حاڵەتەکانی هەوکردنی بەردەوام، قووڵ، یان سیستەمی، لەوانەیە پشکنینی فراوانتر پێویست بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام کەڕوو دەبێتە هۆی هەوکردنەکە و چۆن بە باشترین شێوە چارەسەر دەکرێت.

ئەگەر پێکهاتەکانی کەڕوو لە ئامادەکردنی KOH یان بۆیە سپی کالکۆفلور دیاری بکرێن، ئەوا کەڕووەکە لە نموونەکەدا هەیە و دەکرێت بووبێتە هۆی ئەو نیشانانەی کە نەخۆشەکە ئەزموونی دەکات یان وەک داگیرکەرێکی بێ زیان لە پێستدا هەیە. بوونی زیندەوەری جۆراوجۆر لە چاندنی کەڕوودا لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ چەندین نەخۆشی یان تێکەڵەیەک لە نەخۆشی و وردەزیندەوەری ئاسایی بێت. ئەگەر تەنها زیندەوەری ئاسایی لە چاندنا هەبێت، ئەوا هەوکردنەکە لەوانەیە بەهۆی کەڕووێکی دەرفەتخوازەوە بووبێت (بەشێک لە وردەزیندەوەری ئاسایی)، لەوانەیە هۆکاری نەخۆشییەکە لە نموونەکەدا ون بووبێت، یان حاڵەتەکە لەوانەیە بەهۆی هۆکارێکی دیکەوە بێت.

ئەگەر پشکنینی دژەپەیداکەر ئەرێنی بێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کەڕووەی دۆزراوەتەوە هۆکاری هەوکردنی کەسەکە بێت. ئەنجامی تاقیکردنەوەی دژە تەنێکی ئەرێنی لە یەک نموونەی خوێن دەکرێت ئاماژە بێت بۆ بەرکەوتن بە کەڕووێکی دیاریکراو، بەڵام لەوانەیە نیشانی نەدات کەی بەرکەوتن ڕوویداوە.

بەرزبوونەوەی ئاستی دژەتەنەکان لە دوو نموونەی سیرەمی خوێندا، پێوانەکراو وەک پشکنینی توند و چاکبوونەوە، دەتوانێت نیشانەی هەوکردنی کەڕوویی چالاک یان تازە بێت. هەندێک لە نەخۆشە تووشبووەکان کە کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە لەوانەیە ئاستی دژەتەنی کەمتریان هەبێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت.

ئەگەر کەڕووەکە لە نموونەکەدا نەبینرا، ئەوا نەخۆشەکە لەوانەیە هەوکردنی کەڕووەکەی نەبێت یان هۆکاری نەخۆشییەکە بە سەرکەوتوویی نەبینراوە و دەرنەکەوتووە لەگەڵ نموونە و پشکنینەکە.

چی شتێکی تر هەیە کە پێویستە بزانرێت؟

هەوکردنی کەڕوو دەبێت جیابکرێتەوە لە هەوکردن بەهۆی میکرۆبەکانی تر وەک بەکتریا. لە هەندێک حاڵەتدا، هەوکردنەکە لەوانەیە هەردوو بەکتریا و کەڕووی هەبێت. ئەو پشکنینانەی کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ ناسینەوە یان ڕەتکردنەوەی هۆکارەکانی تر بریتین لە:

پشکنینی بۆیەی گرام (Gram stain): پشکنینێکی خێرایە بۆ دۆزینەوەی بەکتریا و/یان کەڕوو لە نموونەیەکدا.

چاندنی بەکتریا: بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی بەکتریایی یان دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا هەوکردنی بەکتریایی هاوکات هەیە.

چاندنی بەکتریای چیلکەیی ئەسید فاست: داوای ئەنجامدانی دەکرێت لە کاتی هەوکردنی بەکتریای میکۆ وەک سیل کە گومانلێکراو بیت.

چاندنی خوێن: داوای ئەنجامدانی چاندنی خوێن دەکرێت کاتێک هەوکردنی گومانلێکراو بێت.

کەڕوو لە ژینگەیەکی شێدا گەشە دەکات، وەک مەلەوانگەی گشتی و دۆڵابەکانی یانەی وەرزش، لەناو پێڵاوەکان کاتێک پێی کەسەکە ئارەقی کردووە، لە جلوبەرگی تەسک و لە پێستی لوولبوودا (هەندێک جار پێست دەچێتەوە سەر یەک دەکرێت بەهۆی قەڵەوبوون یان هەر هۆکارێکی ترەوە بێت). هەوکردنی پێستی کەڕوو دەتوانرێت کەم بکرێتەوە بە بەکارهێنانی بابوج یان نەعلە بۆ سنووردارکردنی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، بە گۆڕینی گۆرەوییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام، وشککردنی پێڵاوەکان و هێشتنەوەی ناوچە شێدارەکانی لەش بە پاکی و وشکی.


سەرچاوەکان



180 بینین