شەش هۆکار بۆ سووریی چاوەکان

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-03-20-17:11:00 - کۆدی بابەت: 12171
شەش هۆکار بۆ سووریی چاوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەش هۆکار بۆ سووریی چاوەکان (بە ئینگلیزی: Six reasons for red eyes، بە عەرەبی: ستة أسباب لاحمرار العین) هیچ کەس نایەوێت سەیری ئاوێنە بکات و جووتێک چاوی سوور ببینێت. زۆربەی کات، ئەم سوورییە تەنها کاردانەوەیەکی بێ زیانە بۆ تۆز یان ئەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری و هیچ شتێک نییە کە زۆر بۆی نیگەران بێت. بەڵام ئەمە هەموو کات وانییە. هەندێ جار، نیشانەی چاوە هەڵئاوساوەکان و هەوکردووەکان واتای ئەوەیە کە تۆ پێویستت بە بینینی پزیشکی چاو هەیە، و هەرچی زووتر بێت باشترە.

چۆن دەتوانیت جیاوازی بکەیت لە نێوان ئەوەی کە زیان بەخشە یان  بێزیانە؟ دکتۆری چاو نیکۆل باجیک، ئێم دی Nicole Bajic, MD چەند حاڵەتێک دیاری دەکات کە دەتوانێت ببێتە هۆی سووریی چاوەکان و وە چۆن چارەسەریان بکەیت.

چی دەتوانێت ببێتە هۆی سووربوونی چاو؟

توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە نێوان ٢ تا ٣٪ هەموو ئەو کەسانەی سەردانی پزیشکی چاودێری سەرەتایی و ژووری فریاکەوتن دەکەن بەهۆی کێشەی چاوەوە و زۆرینەی ئەو کەسانەی چاوی سووریان هەیە دێنە ژوورەوە.

لێرەدا شەش حاڵەت هەیە کە دەبێتە هۆی سووریی چاو و کزانەوەی:

هەستیاری Allergy

هەستیاریەکان دەتوانن کار بکەنە سەر چاوەکان و وا دەکات کە سوور بن و هەڵبئاوسێن. نیشانەکانی تر کە لەوانەیە ئەزموونیان بکەیت بریتین لە:

  • خووران
  • هەست کردن بە سووتانەوە
  • زیاد بوونی فرمێسک (ئاوی چاو)

هەروەها نیشانەکانی هەستیاری چاو دەتوانێ لەگەڵ نیشانەکانی تری هەستیاریی یەک بێت، وەک پژمە، خووران، و ئاوکردنی لووت.

وشکی چاو Dry eye

فرمێسکەکان بە ڕژێنی بچووک کە لە سەرووی چاوەکانەوەن دروست دەکرێن. ئەوان وەک یارمەتیدەرێک لە پاراستن و چەورکردنی چاوەکان کاردەکەن. چاوەکان دەست دەکەن بە وشک بوونەوە لەو کاتەی توانای دروستکردنی فرمێسکی تەواویان نییە. وشکبوونی چاوەکان زۆر باون، لێکۆڵینەوەکان ڕێژەی بڵاوبوونەوە لە نێوان ٥ بۆ ٥٠% دەخەمڵێنن. ئەم حاڵەتە زیاتر لە ئافرەتان ڕوودەدات، خەڵکی سەروو ٥٠ ساڵ، وە ئەو کەسانەی کە هاوێنە لە چاو دەکەن. ئەگەر چاوەکانت وشکبوونەوە، لەوانەیە سەرنج بدەیت کەوا سوور دەردەکەون و چەندن نیشانەیەکی دیکەی تێدا دەردەکەوێت، وەک کزانەوە، هەستکردن بەوەی شتێکی تێدایە، هەستیاری بە ڕووناکی، و تەڵخبوونی.

چارەسەر: هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە قەترە چەورکەرەکان کە بە "فرمێسکی دەستکرد" ناسراوە، دەتوانێت چاوەکانت باشتر بکەن، هەندێک جار لە ماوەی چەند خولەکێکدا. ئەم مادەیە چەورکردنێکی زۆر پێویست دابین دەکات. قەترە هەستیارییەکان لەوانەیە یارمەتی کەم کردنەوەی نیشانەکان بدات ئەگەر نیشانەکانی چاو وشکی تۆ لەسەر بنەمای هەستیاری بن. بەڵام هەندێک لە پزیشکەکان لە دژی بەکارهێنانی قەترەی چاو هۆشداری دەدەن کە بە تایبەت دیاری کراوە بۆ کەمکردنەوەی سووری چاو.

تێکشکانی دەفرەکانی خوێن (Broken blood vessels)

لەوانەیە دەفرە شکاوەکانی سەر ڕووی چاوەکە وا دەربکەون کە دەنگی ئاگادارکەرەوەیەک بن، بەڵام ئەوان بە شێوەیەکی ئاسایی هیچ شتێک نین کە جێگەیی نیگەرانی بن. لوولە شکاوەکان عادەتەن بێ ئازارن و کاریگەریان لەسەر بینینت نییە. کەواتە، چی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەو دەفرە خوێناویە لەسەر چاوت؟ لەوانەیە ژمارەیەک هۆکار بێت، لەوانە:

  • فشارکردن لەکاتی کۆکە و پژمە
  • ئازار یان برینی سەر و چاوت
  • سڕینی چاوەکان بە توندی
  • وەرگرتنی دەرمانێکی دیاریکراو وەک ڕوونکەرەوەکانی خوێن (blood thinners)

چارەسەر: ئەمە تەنها کاتی دەوێت دکتۆر باجیک دەڵێت "لە هەفتەیەک یان دووهەفتەدا خۆیان باشتر دەبن". بەڵام ئەگەر ئازارێک هەبوو، ئەوا سەردانی پزیشکێکی چاو بکە.

هەوکردن Infection

بەکتریاکان، ڤایرۆسەکان، هەستیارییەکان، کەڕووەکان یان مشەخۆرەکان هەموویان دەبنە هۆی هەوکردنی چاوەکانت. هەریەک لەم هەوکردنانە دەکرێت لە ڕێگەی دەستەکانتەوە بۆ چاوەکانت بەهۆی پیسبوونیان و بەرکەوتنیان لەگەڵ چاوەکان بگوازرێتەوە. ئازار، هەستیاریی بە رووناکی و لێڵبوونی چاوەکان هەندێک جار نیشانەی هەوکردنی توندن. هەوکردنی چارەسەرنەکراو دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووشاندن و داخورانی سەر ڕووی چاوت کە دەتوانێت بۆ هەمیشە زیان بە چاوەکانت بگەیەنێت.

چارەسەر: باشتر وایە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەردانی دکتۆری چاو بکەیت ئەگەر نیشانەکانی هەوکردنت تێدا دەرکەوت.

هەوکردنی ڕەنگینەی چاو Uveitis

لێرە ئامارێکی ئاگادارکەرەوە هەیە: هەموو ساڵێک نزیکەی ٣٠.٠٠٠ ئەمریکی بینایی خۆیان لە دەست دەدەن بەهۆی کۆمەڵێک نەخۆشی چاو ناسراو بە هەوکردنی چینی ناوەوەیی چاو (ڕەنگینەی چاو). ئەم حاڵەتە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی چاو وەک ئاوی ڕەشی چاو glaucoma یان ئاوی سپی چاو cataracts.

چاو سووری دەتوانێت لە ڕەنکردنی ڕەنگینەی چاو نیشانەیەکی بینراو بێت. نیشانەکانی تر بریتین لە هەستیاری بە ڕووناکی، لێڵی بینین، ئازار و خاڵی ڕەشی ناو چاو. ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن زیاتر توشی ئەم هەوکردنە دەبن هەروەها دەتوانن توشی برینی چاو، ئازاری چاو، هەوکردنەکانی (وەک ڤایرۆسی تامێسک Herpes virus یان ڤایرۆسی دڕکەو مێکوتە chicken pox) ببن. بەڵام خەمڵاندنی یەک لە سێ حاڵەتی هەوکردنی ڕەنگینەی چاو هۆکارەکەی دیار نییە.

چارەسەر: ئەگەر تووشی نیشانەکانی ئەم جۆرە هەوکردنە بوویت زۆر گرنگە کە پزیشکێکی چاو بۆ پشکنینێک بە زووترین کات ببینیت. چارەسەری دەستبەجێ دەتوانێت زیانی شانەکان سنوردار بکات و ڕەنگە هەر بینینێکی لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە"

چاو داهاتن Pink-eye

ئەم جۆرە لە هەوکردنی چاو هەروەها ناسراوا بە ( هەوکردنی ژێر پێڵوی چاو) زۆر باوە لە نێوان منداڵاندا کە بە شێوەیەکی گشتی منداڵان لە قوتابخانەوە تووش دەبن بە هۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ هاوپۆل و قوتابیانی دی تووش بوو. هەموو کەسێک لە هەر تەمەنێک دەتوانێت تووشی ئەم حاڵەتە ببن.

ئەم حالەتە کاتێک ڕوو دەدات کە ڤایرۆسەکان، بەکتریاکان یان ورژێنەرەکان (وەک کلۆرین) دەبنە هۆی تووشبوون و هەوکردنی لینجە پەردە لە چاوەکانتدا. هەموو ساڵێک نزیکەی ٦ ملیۆن حاڵەتی چاو داهاتن هەیە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕاپۆرت دەکرێت. لەکاتی تووشبوون بەم حاڵەتە  سپێنەی چاو دەگۆڕێت بۆ پەمەییەکی سوورباو و لە هەمان کاتدا هەست بە خوران و سوتانەوە دەکەیت. هەروەها پێڵوی چاوت هەڵدەئاوسێت و پێکەوە دەنووسێت.

چارەسەر: حاڵەتەکانی ئاسان بۆ مامناوەندی ئەم هەوکردنە بە شێوەیەکی ئاسایی بە بێ چارەسەر لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆیان ڕوون دەکەنەوە. بەکارهێنانی "فرمێسکە دەستکردەکان" لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاسانکردنی خوران و سووتاندنەوە. (خۆت بەدوور بگرە لە جۆرەکانی تری قەترەی چاو، کە لەوانەیە چاوەکانت ئازار بدات). بەڵام سەردانکردنی پزیشک لەوانەیە ببێتە هۆی وەرگرتنی دژە بەکتریایەک کە دەتوانێت درێژی هەوکردنەکە کورت بکاتەوە و هەلی بڵاوبونەوەی بۆ ئەوانی تر کەم بکاتەوە.


سەرچاوەکان



50 بینین