زەیتی گەنمەشامی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-22:17:00 - کۆدی بابەت: 12182
زەیتی گەنمەشامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زەیتی گەنمەشامی (بە عەرەبی: زيت الذرة، بە ئینگلیزی: Corn oil) زیتێکە کە لە گوشراوی ڕووەکی گەنمەشامی دەردەهێنرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی لە خواردن دروستکردن بەکاردهێنرێت و زۆر جار لە دروستکردنی پیکهاتەی ڕۆنی ڕووەکی تریش بەکاردەهێنرێت. زەیتی گەنمەشامی بەراورد بە زەیتەکانی تری خواردن دروستکردن نرخ و تێچووی کەمترە و بەوهۆیەشەوە لە زەیتەکانی تر زۆر بەربڵاوترە.

سوودەکانی زەیتی گەنمەشامی

  • دژە شێرپەنجەیە و دژی دروستبوونی خانەشێرپەنجەییەکانە چونکە ماددەی دژەئۆکسێنی تێدایە نموونەی ئاسید فنۆلیک.
  • یارمەتی کەمکردنەوەی ئاست و ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی زیانبەخش دەدات.
  • یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس دەدات.
  • یارمەتی بەهێزکردنی ئێسک دەدات.
  • لە دروستکردنی بەرهەمی جوانکاری بەکاردەهێنرێت.

زیانە تەندروستییەکانی زیتی گەنمەشامی

بەهۆی ئەوەی ڕێژە و ئاستی چەوری لە پێکهاتەی خۆراکی زەیتی گەنمەشامی بەرزە و هەروەها کالۆری زۆرە، بۆیە زۆر بەکارهێنانی بە شێوەیەکی لەڕادبەدەر زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ دروست دەکات گرنگترین زیانەکانیشی بریتییە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، لەگەڵ تووشبوون بە قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێن.

جیاوازی نێوان زەیتی گوڵەبەڕۆژە و زەیتی گەنمەشامی 

لە ئێستادا چەندان جۆری زەیتی دروستکردنی خواردن بوونی هەیە و زەیتی گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژە لە دوو هەرەباوی زەیتن کە لەنێو خەڵکیدا بەربڵاون، ئەم دوو جۆرەی زەیت هەردووکیان زەیتی ڕووەکین بەڵام جیاوازییان لە پێکهاتە و تام و شێوازی بەرهەم هێنان هەیە، گرنگترنین جیاوازییەکان بریتیین لە:

  • کالۆری زەیتی گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژە: پێکهاتەی خۆراکی هەردوو زەیتەکە تا ڕادەیەک هاوشێوەیە، یەک گرام لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە و زەیتی گەنمەشامی تەنها نۆ کالۆری لەخۆدەگرێت.
  • ڕێژەی چەوری تێر و چەوری ناتێر: ڕێژەی چەوری ناتێری تەندروست لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە ٩٥٪ـە و ڕێژەی چەوری تێری ناتەندروست ١٠٪ـە. زەیتی گەنمەشامی ڕێژەی چەوری ناتێری تەندروست ٨٥٪ـە و ڕێژەی چەوری تێر و ناتەندروستی ١٥٪ ـە. لە هەردوو زەیتەکە ڕێژەی چەوری ناتێری تەندروست بەرزە بۆیە بە دوو زەیتی تەندروست دادەنرێن، بەڵام زەیتی گوڵەبەڕۆژە لەسەر گەدە سووکە و لەکاتی بەکارهێنانی بۆ خواردن دروست کردن هەرسکردنی خواردنەکە قورس ناکات.
  • ڕێژە و پلەی دووکەڵکردن: پلەی دووکەڵکردن یان خاڵی گەرمی بزووتن smoke point لە زەیتی خواردن دا بریتییە لەو پلە گەرمییەی کە زەیتەکە تێیدا دەسووتێت، پلەی دووکەڵکردنی زەیتی گەنمەشامی کەمترە لە پلەی دووکەڵکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژە و پلەی گەرمبوونی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بەرزە، بۆیە بۆ ئەو خواردنەی کە سوورکردنەوەیەکی زۆر و گەرمی پێویستە بەکارهێنانی زەیتی گوڵەبەڕۆژە پەسەندترە لە زەیتی گەنمەشامی، چونکە پلەی گەرمی بەرز دەبێت و ڕەنگی ئاڵتوونی و شێوەیەکی ڕەق دەبەخشێتە خواردنەکە.
  • تام و بەکارهێنان: تامی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بەراورد بە زەیتی گەنمەشامی پەسەندترە چونکە تامێکی سادەی هەیە و تاڕادەیەک بێتامە، واتا لەکاتی بەکارهێنانی لە خواردن دروستکردندا تامی خواردنەکە ناگۆڕێت و تامی زەیتەکە کاریگەری ناکاتە سەر تامی خواردنەکە. بەڵام تامی زەیتی گەنمەشامی لە سوورکردنەوەی تامی گەنمەشامی لە خواردنەکە دروست دەبێت و هەندێک کات کاریگەری لەسەر تامی خواردنەکە دروست دەکات.
  • بۆیە بۆ سوورکردنەوەی خواردن زەیتی گوڵەبەڕۆژە پەسەندترە لە زەیتی گەنمەشامی.
  • بەڵام بۆ دروستکردنی شیرینی و هەویرکاری، زەڵاتە و خواردنەکانی تر هەردوو زەیتەکە پەسەندن.

چۆنییەتی هەڵبژاردنی زەیتی گەنمەشامی گونجاو

هەڵبژاردنی زەیتی گەنمەشامی گونجاو و تەندروست کە کوالێتییەکەی بەرز بێت زیانە لاوەکییەکانی کەم دەکاتەوە و سوودە تەندروستییەکانی زیاتر دەکات. ئەو جۆرە زەیتە گەنمەشامییەی کە لە گوشینی یەک جاری گەنمەشامی دەرهێنراوە بە بەراورد بە جۆرەکانی تر کوالێتییەکی بەرزی هەیە، هاوکات ئەگەر گوشین و دەرهێنانی زەیتەکە لە بارودۆخ و پلەی گەرمی سارد بەرهەمهێنرا بێت کوالێتییەکەی باشترە بە بەراورد بەو جۆری زەیتەی کە لە بارودۆخی گەرم و پلەی گەرمی گەرم بەرهەم هێنراوە. زەیتی گەنمەشامی ئۆرگانیک و سروشتی تەندروستتر و پەسەندترە لە جۆرەکانی تر. بۆیە پێویستە پێش کڕین و بەکارهێنانی زەیتەکە گرنگی بە چۆنێتی بەرهەمهێنان و کوالێتی زەیتەکە بدرێت و لەسەر بتڵی هەر زەیتێک زانیاری تەواو نووسراوە.


سەرچاوەکان



74 بینین