میشێل ئۆباما

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-22-15:23:00 - کۆدی بابەت: 12221
میشێل ئۆباما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میشێل ئۆباما (بە عەرەبی: ميشيل أوباما، بە ئینگلیزی: Michelle Obama) خێزانی باراک ئۆبامای ٤٤ـەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا و خانمی یەکەمی ئەمریکا بووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧، یەکەم خانمی ئەمریکی ڕەش پێست بووە.

زانیاری گشتی

ناو میشیل لاڤۆن ڕۆبنسۆن
بەرواری لەدایکبوون  ١٧ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٤
شوێنی لەدایکبوون شاری شیکاگۆ، ویلایەتی ئیلینۆی
ڕەگەزنامە  ئەمریکی
ڕەچەڵەک  ئەمریکی ئەفریقی
ئایین  مەسیحی پرۆستانتی
هاوسەر باراک ئۆباما
ناوی منداڵەکانی  مالیا، ساشا
پیشە پیشە نووسەر، پارێزەر، چالاکوانی مافی مرۆڤ، سەرۆک زانکۆ، مامۆستا

ژیاننامەی

میشێل لاڤۆن ڕۆبنسۆن لە ١٧ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٤ لە باشووری شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا لەدایکبووە. باوکی کە ناوی فێزەر ڕۆبنسۆن بووە کارپێکەری پەمپەکانی شارەکە بووە و دایکیشی کە ناوی ماریان بووە کاری سکرتێری کردووە، میشێل خاوەن یەک برایەک بوو بە ناوی (گرێج) و تەمەنی منداڵی لە گەڕەکێکی بچووک لە بەشی باشووری شیکاگۆ بەسەربردووە.

دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی میشێل بۆ خوێندنی ئامادەیی نێردراوەتە خوێندنگەی بەهرەداران چونکە زیرەک بووە و ئارەزووی خوێندنی هەبووە، هەر لە قۆناغی ئامادەیی فێری زمانی فەڕەنسی بووە و لە ساڵی ١٩٨١ خوێندی ئامادەیی تەواو کردووە و پلەی دووەمی بەسەر خوێندنگەکەی بەدەست هێناوە.

دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی چووەتە زانکۆی پرێنستۆن و لە ساڵی ١٩٨٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەدەست هێناوە، دوای تەواوکردنی زانکۆ دووبارە دەستیکردەوە بە خوێندن و لە زانکۆی هارڤارد پسپۆڕی یاسای تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٨٨ بڕوانامەی لە یاسا بەدەستهێنا.

دوای تەواوکردنی زانکۆی هارڤارد و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە یاسا، لە کۆمپانیایەکی چینی تایبەت بە خانووبەرە بە ناوی (سایدلی ئۆستن) کە لقی هەبوو لە شیکاگۆ لە بواری بازاڕگەری و یاسا دەستبەکار بوو و هەر لەوێش ئاشنای باراک ئۆباما بووە.

ژیانی تایبەتی

میشێل ئۆباما هاوسەری باراک ئۆبامایە و لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شوێنی کارکردنەکەیان یەکتریان ناسیووە، دوای دوو ساڵ پەیوەندی بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە و لە ساڵی ١٩٩٢ هاوسەرگیرییان کردووە و بوونەتە خاوەن دوو کچ بە ناوەکانی مالیا و ساشا.

میشێل ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٦ بە ئیلهامبەخشترین ٢٥ ژنی جیهان دیاریکراوە، ئەوگرنگییەکی زۆر بە دیزاینی پۆشاک و جلوبەرگی خۆی و کچەکانی دەدات و بە کەسێکی سادەپۆش و شیک ناسراوە.

ئەزموونی کارکردنی

دوای کارکردن لە چەند کۆمپانیایەک لە ساڵی ١٩٩١ بڕیاری دا کە لە کەرتی گشتی کاری پارێزەری بکات و وازی لە پارێزەری کۆمپانیاکان هێنا. لە ساڵی ١٩٩٣ بووە یاریدەدەری سیاسەتوانی ئەمریکی (ڕیتچار دالی)، پاشان بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەشی پلاندان و گەشەپێدان لە شاری شیکاگۆ.

دوای ماوەیەک میشێل ئۆباما بووە بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئۆفیسی شیکاگۆ لە هاوپەیمانی گشتی، کە پرۆگرامێکی کارامەیی قازانج‌نەویست بووە یارمەتی گەنجانی داوە بۆ گەشەپێدانی شارەزایی و تواناکانیان لە پیشە و کارەکانی داهاتوویان. لە ساڵی ١٩٩٦ میشێل ئۆباما بووەتە سەرۆکی یاریدەدەری زانکۆی شیکاگۆ. لە ساڵی ٢٠٠٢ وەکوو بەڕێوبەری جێبەجێکاری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی شیکاگۆ دامەزراوە و دەستبەکار بووە.

میشێل ئۆباما لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی باراک ئۆبامای هاوسەری ڕۆڵی کاریگەری هەبووە و پاڵپشتی تەواوی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ کار و ئەرکە پارێزەرییەکانی کەم کردووەتەوە و گرنگی داوە بە بەربژێرکردنی ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، پاشان دوای بەربژێرکردنی ئۆباما بایەخی زۆری داوە بە بانگەشەکانی هەڵبژاردن، لە ساڵی ٢٠٠٩ دوای سەرکەوتنی ئۆباما و بوون بە ٤٤ـەمین سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، میشێل ئۆباماش وەکوو ٤٤ـەمین خانمی یەکەمی ئەمریکا دەستنیشان کرا. لە ساڵی ٢٠١٢ دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئۆباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دووبارە نازناوی خانمی یەکەمی ئەمریکای وەرگرتەوە.

لە ماوەی دەسەڵاتی ئۆباما وەکوو سەرۆکی ئەمریکا و دەسەڵاتی میشێلیش وەکوو خانمی یەکەمی ئەمریکا، گرنگییەکی زۆری بە بانگەشە و چالاکییە هەمەجۆرەکان دەدا نموونەی پاڵپشتیکردنی دەروونی ئەو خێزانانەی کە لە کەرتی سەربازی کاریان دەکرد، هەروەها گرنگی دەدا بە مافی ژنان و یەکسانی موچەی ژن و پیاو لە کارکردن، هاوکات گرنگی بە مافی منداڵ و بێلانەکان داوە، هەروەها بایەخی بە بابەتی تەندروستی نموونەی قەڵەوی منداڵان داوە و چالاکی لەبارەیەوە ئەنجام داوە. میشێل ئۆباما لە ماوەی بەربژێرکردنی هێلاری کلینتۆن بۆ سەرۆۆی ئەمریکا پاڵپشتی کردووە و دژی دۆناڵد ترامپ بووە.

نووسین و بەرهەمەکانی

میشێل ئۆباما ژمارەیەک کتێب و بەرهەمی نووسینی هەیە کە ناودارترینیان بریتییە لە (Becoming) کە ژیاننامەی خۆیەتی و لە ٤٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە، بۆ سەر ٣٠ زمانی جیهان وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکرایەوە ڕێژەی فرۆشی لە یهاندا زۆربەرز بوو، بە جۆرێک بوو کە لەسەر ماڵپەری ئەمازۆن لەڕووی ڕێژەی فرۆشتنەوە پلەی یەکەمی هەبوو و بەجۆرێک کە لە هەر نۆ چرکەیەکدا کتێبێکی لێ فرۆشراوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ بەشی دووەمی کتێبی ژیاننامەکەی بە ناوی (The Light We Carry) بڵاوکردەوە.


سەرچاوەکان



83 بینین