هەناردە

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-19:44:00 - کۆدی بابەت: 12267
هەناردە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەناردە یان ناردنە دەرەوە (بە ئینگلیزی: Exports یان Export, بە عەرەبی: صادرات) بریتییە لەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی لە وڵاتێک بەرهەم دەهێنرێن و لە وڵاتێکی تر بە کڕیاران دەفرۆشرێن. هەناردە و هاوردە، بازرگانی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.

زۆرجار وڵاتان لەبری ئەوەی خۆیان لە سنووری جوگرافی خۆیان قەتیس بکەن، بە مەبەست بەدوای بازاڕی دەرەکی لە سەرانسەری جیهاندا دەگەڕێن بۆ بازرگانی، ئەمەش ڕێگە بە داهاتی زیاتر و دەرفەتی مامەڵەکردنی زیاتر و تێکەڵاوبوون دەدات. ئەگەر وڵاتێک هەناردەکردنی لە هاوردەکردنی زیاتر بێت ئەوە توشی زیادەی بازرگانی دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هاوردەکردنی لە هەناردەکردنی زیاتر بێت، ئەوە تووشی کورتهێنانی بازرگانی دەبێت.

تێگەیشتن لە هەناردەکردن

هەناردەکردن گرنگیەکی زۆرئ بۆ ئابوورییە مۆدێرنەکان هەیە، چونکە بازاڕی زۆر زیاتر پێشکەش بە خەڵک و کۆمپانیاکان بۆ کاڵاکانیان دەکات. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕامیاری و سیاسەتی دەرەوەی نێوان حکوومەتەکان بریتییە لە پەرەپێدانی بازرگانی ئابووری، هاندانی هەناردەکردن و هاوردەکردن بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەنە بازرگانییەکان.

زۆرجار ڕێککەوتنەکانی هەناردەکردن بە شێوەیەکی زۆر ستراتیجین، وڵاتان ڕێککەوتنەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی وڵاتەکەی خۆیان نەک تەنها دەتوانێت ئەو کاڵایانە وەربگرێت کە پێویستیانە لە ڕێگەی هەناردەکردنەوە، بەڵکوو دەتوانێت کاڵا دابەشبکات بۆ داهاتی زیاتری ناوخۆیی لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە.

هەروەها بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن حکوومەتەکان دەتوانن هەناردەکردن وەکوو کاریگەری لەسەر دۆخە سیاسییەکان بەکاربهێنن. لە بەرانبەر شەڕی ئۆکرانیا، کۆشکی سپی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد کە هەم هاوردەکردن و هەم هەناردەکردنی هەندێک کاڵا لە ڕووسیاوە قەدەغە دەکات، کە ئەمانەش کاریگەری گەورە لەسەر دۆخی ئابووری دروست دەکات.

زۆرجار کۆمپانیاکان سافی هەناردەکردنی خۆیان دەپێون کە بریتییە لە کۆی هەناردەکردنیان بە کەمکردنەوەی کۆی هاوردەکردنیان. سافی هەناردەکردن پێکهاتەیەکی پێوانەکردنی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵاتێکە، بۆیە هەناردەکردن ڕۆڵی دیاریکردنی ئاستی باشی دارایی و ئابووری وڵاتێک دەبینێت.

ڕەنگە کاڵاکان لە ڕێگەی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ یان هەناردەکردنی ناڕاستەوخۆ بنێردرێت. هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ بریتییە لە کارکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوردەکار. کۆمپانیای هەناردەکار هەموو پەیوەندییەکانی کڕیار بەڕێوەدەبات لە ئەنجامدا پارەی ناوەندکار نادەن و پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندکاردا نییە.

بەڵام شێوازی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ ڕەنگە پێویستی بە تیمەکانی خاوەن زانیاری تایبەتمەند هەبێت، زۆرێک لە کۆمپانیاکان گرێبەست لەگەڵ لایەنێکی ناوەندکاردا بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنە ناڕاستەوخۆکانیان دەکەن.

پرۆسەی هەناردەکردن

لە زۆر باردا وڵاتێک هاوبەشی لەگەڵ وڵاتێکی تردا دەکات بۆ تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی خواست لەسەر هەندێک بەرهەم. لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی کوێرانە کاڵا بەرهەم بهێنرێت و بە هیوای کڕیارێکی نێودەوڵەتی بێت، زۆرجار پرۆسەی هەناردەکردن لە وەرگرتنی داواکاری وڵاتی بەرهەمهێنەرەوە دەست پێدەکات. زۆرجار وڵاتی هەناردەکار دەبێت مۆڵەت لە وڵاتی خۆیانەوە وەربگرێت بۆ هەناردەکردنی کاڵا، زۆرجار ئەمە بە بەدەستهێنانی مۆڵەتی هەناردەکردن یان جێبەجێکردنی مەرجەکانی تری تایبەت بە وڵات ئەنجام دەدرێت.

بەزۆری پرۆسەی هەناردەکردن بریتییە لە یەکلاییکردنەوەی چەندین بابەتی دارایی پێشوەختە. وەکوو هەناردەکار دەتوانێت داوای نامەی قەرز لە هاوردەکار بکات ئەگەر پێویست بێت. ئەمەش دڵنیای دەدات کە هەناردەکار دەتوانێت باوەڕێکی زیاتری بە مامەڵەکە هەبێت. هەروەها هەناردەکار و هاوردەکار ئەو نرخە دیاری دەکەن کە کاڵا هەناردەکراوەکان لە دراوی بیانییەوە بۆ دراوی ناوخۆیی ئاڵوگۆڕ دەکرێن. لەم خاڵەدا زۆرترین جار لیستی نرخەکان دەردەچێت و پارەی بۆ دەدرێت، بەمەش فرۆشتنەکە کۆتایی پێدێت.

لەگەڵ ئامادەکردنی داواکارییەکە، بەڵگەنامە فەرمیەکان کۆدەکرێنەوە لەوانە مۆڵەتێک کە لەلایەن بەشی کڕیارانەوە دەرچووە، ئەم بەڵگەنامانە دەنێردرێت بۆ فرۆشیار، گرنگی سەرەکی پێشینەی بارکردنە کە هاوردەکار ئاگادار دەکاتەوە لەوەی چۆن کاڵاکان دەگوازرێنەوە.

بەربەستی بازرگانی و سنووردارکردنی تر

بەربەستی بازرگانی بریتییە لە هەر یاسایەک، ڕێسایەک، سیاسەتێک، یان پراکتیکێکی حکوومەت کە بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە کێبەرکێی دەرەکی یان بە شێوەیەکی دەستکرد هاندانی هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆیی تایبەت داڕێژراوە.

باوترین بەربەستەکانی بازرگانی دەرەکی بریتین لە ڕێوشوێن و سیاسەتەکانی سەپێنراوی حکوومەت کە ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان سنووردار دەکەن، ڕێگری لێدەکەن، یان ئاستەنگ دەهێننە پێشەوە.

ئەو کۆمپانیایانە کە هەناردە دەکەن کۆمەڵێک گژنێی نائاساییان لەبەردەمدایە. پێدەچێت تێچووی زیادە بەدی بهێنرێت، چونکە کۆمپانیاکان پێویستە سەرچاوەیەکی بەرچاو بۆ لێکۆڵینەوە لە بازاڕەکانی دەرەوە و دەستکاریکردنی بەرهەمەکان تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی داواکاری و ڕێسا ناوخۆییەکان جێبەجێ بکەن.

ئەو کۆمپانیایانە کە هەناردە دەکەن بە شێوەیەکی گشتی توشی مەترسی دارایی زیاتر دەبن. شێوازەکانی کۆکردنەوەی پارەدان، وەک هەژماری کراوە، نووسراوی قەرز (نووسراوێکی بانکە کە گەرەنتی ئەوە دەکات کە پارەی کڕیار بۆ فرۆشیار لە کاتی خۆیدا و بە بڕی دروست وەربگیرێت.)، پێشوەختە پارەدان و ناردن (ناردن یان بارکردن ڕێکخستنێکە کە کاڵاکان لە دەستی لایەنی سێیەمی ڕێگەپێدراودا بۆ فرۆشتن بەجێدەهێڵرێن.)، لە بنەڕەتدا ئاڵۆزترن و کاتی زیاتر دەخایەنێت بۆ جێبەجێکردن لە چاو پارەدانەکانی کڕیارە ناوخۆییەکان.

سوود و زیانەکانی هەناردەکردن

لایەنە باشەکانی هەناردەکردن

زۆرجار ڕێگە بە چالاکی ئابووری زیاتر دەدات کە دەبێتە هۆی داهاتی زیاتر، هەروەها دەبێتە هۆی هەمەچەشنبوونی داهات. کۆمپانیاکان بە هۆکاری جۆراوجۆر بەرهەم و خزمەتگوزاری هەناردە دەکەن.

هەناردەکردن دەتوانێت فرۆش و قازانج زیاد بکات ئەگەر کاڵاکان بازاڕی نوێ دروست بکەن یان بازاڕەکانی ئێستا فراوان بکەن، تەنانەت ڕەنگە دەرفەتێک بۆ گرتنی پشکی بەرچاوی بازاڕی جیهانی بخاتەڕوو. ئەو کۆمپانیایانەی کە هەناردە دەکەن مەترسی بازرگانی بە هەمەچەشنکردن بۆ چەندین بازاڕ بڵاودەکەنەوە. ئەو کۆمپانیایانە کە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە هەناردە دەکەن، زانیاری و ئەزموونی نوێ بەدەست دەهێنن کە ڕەنگە ڕێگە بە دۆزینەوەی تەکنەلۆجیای نوێ و کردارەکانی بازاڕگەری و تێڕوانین بۆ ڕکابەرە بیانییەکان بدات.

لایەنە خراپەکانی هەناردەکردن

بۆ هەناردەکردنی کاڵاکان، ڕەنگە وڵاتان پێویستیان بە تێچووی زۆری گواستنەوە و مەترسی لەدەستدان بەهۆی گواستنەوەی کاڵاکانەوە هەبێت. ئەگەر خاوەندارێتی کاڵاکان نەگوازرێتەوە بۆ کڕیار لە کاتی گەیشتنی کاڵاکە، هەناردەکردنەکە مەترسییەک هەناردەکارەکە دروست دەکات.

بەهۆی کێشەی ڕێکخەری و ئابووری، ڕەنگە بازرگانی بچووک و مامناوەند یان حکوومەتەکان لە هەناردەکردنی کاڵادا کێشەیان هەبێت. سەرەڕای ئەوەش، کۆمپانیا بچووکەکان زۆرجار ئەو کارمەندە ناوخۆییانەیان نییە کە پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخستنی بازرگانی نێودەوڵەتی.

دواجار هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی دراو. بەپێی ڕێککەوتنەکانی نرخی دراو لە کاتی گرێبەستەکەدا، ڕەنگە بەهای دراوێکی بیانی تێکبچێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هەناردەکارێک دەبێت.

سیاسەتی هەناردەکردن چییە؟

سیاسەتی هەناردەکردن بریتییە لە یاسای حکوومەت کە بڕیار دەدات وڵاتێک چۆن، چی، کەی و لەگەڵ کێ کاڵا هەناردە بکات. سیاسەتی هەناردەکردن باج و پێداویستییە گومرگییەکان و سنووردارکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ هەر وڵاتێک دیاری دەکات.

ئایا هەناردەکردنی کاڵا باشترە لە هاوردەکردنی کاڵا؟

بۆ هەر وڵاتێک ئەم وەڵامە جیاواز دەبێت. لە زۆر باردا باشترە هەندێک کاڵا هاوردە بکرێت و هەندێکی تریش هەناردە بکرێت. زۆرجار هەر وڵاتێک شارەزاترە لە دروستکردنی هەندێک کاڵا بە پشتبەستن بە کەشوهەوا، لێهاتوویی هاووڵاتییان یان دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی خاو.

کاریگەری هەناردەکردن لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

بڕیارەکانی وڵاتێک سەبارەت بە هەناردەکردن و ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەبێت. وڵاتێک دەتوانێت بەربەستە بازرگانییەکانی وەک باجی گومرگی بسەپێنێت، کە باج لەسەر هاوردەکردنە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بازرگانی ناوخۆیی لە کێبەرکێی دەرەکی بپارێزێت.

هەروەها دەتوانێت پاڵپشتییان بکات یان بودجە بۆ بازرگانییە ناوخۆییەکان دابین بکات بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە کێبەرکێکردن لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی بیانی. بەربەستی بازرگانی دەتوانێت قازانجی وڵاتێکی بیانی کەم بکاتەوە و وڵاتی بیانیش لەوانەیە بە هەمان ڕێوشوێن تۆڵەی خۆی بکاتەوە. ئەمەش دەتوانێت جەنگی بازرگانی لێبکەوێتەوە، کە بازرگانی نێودەوڵەتی کەمدەکاتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی گرژیی سیاسی لەنێوان گەلاندا.

سافی هەناردەکردن

سافی هەناردەکردن بە (NX) ئاماژەی پێدەدرێت، پێوەرێکە بۆ کۆی بازرگانی نەتەوەیەک، کە بریتییە لە (هەناردە - هاوردە = سافی هەناردەکردن)، بریتییە لە جیاوازی نێوان بەهای هەموو ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە وڵاتێک هەناردەی دەکات و بەهای ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە وڵاتێک هاوردەی دەکات.


سەرچاوەکان



104 بینین