چۆن بزانم منداڵەکەم تووشی سکچوون بووە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-04-21-23:08:00 - کۆدی بابەت: 12612
چۆن بزانم منداڵەکەم تووشی سکچوون بووە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چۆن بزانم منداڵەکەم تووشی سکچوون بووە (بە عەرەبی: کیف أعرف أن طفلي مصاب بالإسهال، بە ئینگلیزی: How do I know if my baby has diarrhea). سکچوون یەکێکە لە کێشە تەندروستییە باوەکان و لە منداڵدا بەوە جیا دەکرێتەوە ئەو پیسایییەی دەکرێتە دەرەوە نەرم و شلە بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر ئاو لە پێکهاتەکەیدایە. ئەمە جگە لە دووبارەکردنەوەی پرۆسەی پیسایی کردن بە جۆرێک کە کەمتر نەبێت لە ٣ جار یان زیادتر لە ماوەی یەک ڕۆژدا.

ڕێگاکانی جیاکردنەوەی سکچوون لە منداڵدا

سکچوون لە کۆرپەیەکدا کە شیری دایکی دەخوات

پێش ئەوەی ئەو نیشانانە ڕوون بکەینەوە کە ڕەنگە دایک لە ڕێگەیەوە بتوانێت سکچوون لە منداڵێکدا جیا بکاتەوە کە شیری دایکی دەخوات، گرنگە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی گشتیی پیساییی کۆرپەیەک باس بکەین کە شیری دایکی دەخوات:
• پیسایییەکە لە شێوەدا شلە.
• ڕەنگی پیسایییەکە زەردە، بەڵام هەندێک جار دەکرێت سەوزیش بێت.
• لەوانەیە پیسایییەکە شل بێت و بە ئەڵقەیەکی ئاو دەورە درابێت.
• بە زۆری لە ماوەی یەک ڕۆژدا پتر لە ٦ جار پیسایی دەکات؛ لەوانەیە کۆرپەکە دوای هەموو شیر پێدانێک پیسایی بکات تا تەمەنی دەگاتە دوو مانگی.

لەڕاستیدا بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەی باسمان کرد سەبارەت بە پیسایی ئاسایی کۆرپەیەک کە شیری دایکی دەخوات، هەندێک جار قورسە سکچوون جیا بکرێتەوە؛ بەڵام تێبینی کراوە کۆمەڵێک نیشانە هەن، کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ ڕوودانی سکچوون لە کۆرپەدا. لەم دۆخەدا نیشانەکان بەم شێوەیە دەبن:
• زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی جارەکانی پیسایی کردن، یان گۆڕانکاری لە شێوەی پێکهاتەی پیسایییەکەدا. بە جۆرێک کە لەناکاو نەرمتر دەبێتەوە، ئەم گۆڕانکارییانە ٣ جار یان زیادتر کاتێک کۆرپە پیسایی دەکات، تێبینی دەکرێت.
نەمانی ئارەزووی خواردن
• تا
• هەستکردن بەوەی کۆرپەکە ناساغ یان نەخۆشە.
• پیسایییەکە بۆنێکی ناخۆشی هەیە یان لینجە مادەی تێدایە. 

سکچوون لە کۆرپەیەکدا کە شیری وشک دەخوات

بە زۆری، ناسینەوەی سکچوون لە منداڵێکدا کە شیری دەستکرد دەخوات ئاسانترە بە بەراورد بە منداڵێک کە شیری دایکی دەخوات. هەستکردن بە گۆڕانکاری لە ژمارەی جارەکانی پیساییکردن یان ڕۆتینی پیساییکردن لە کۆرپەیەکدا کە شیری دەستکرد دەخوات ئاسانترە. تایبەتمەندییەکانی پیساییی کۆرپەیەک کە شیری دەستکرد دەخوات بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
• ڕەنگی پیسایییەکە لە نێوان قاوەیی و قاوەیییەکی زەردباودایە.
• لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پیسایییەکە ئەستوورتر و پتەوترە بە بەراورد بە پیساییی کۆرپەیەک کە شیری دایکی دەخوات.
• ژمارەی جارەکانی پیسایی کردنی کۆرپە لە ماوەی هەفتەی یەکەمی لەدایکبوونیدا، لە ڕۆژێکدا لە نێوان ١-٨ جاردایە. دوای ئەوە ژمارەی جارەکانی پیسایی کردن وردە وردە کەم دەبێتەوە بۆ نێوان ١-٤ جار لە ڕۆژێکدا و ئەمەش بەردەوام دەبێت تا کۆرپەکە دەگاتە تەمەنی دوو مانگی.
• لەدوای تەمەنی دوو مانگییەوە، ژمارەی جارەکانی پیسایی کردن پتر کەم دەکات، بەجۆرێک پیساییکردن کەم دەبێتەوە بۆ جارێک یان دووجار لە ڕۆژێکدا، هەندێکجاریش ڕەنگە کۆرپەکە دوو ڕۆژ جارێک پیسایی بکات.
سکچوون لە کۆرپەیەکدا کە شیری دەستکرد دەخوات، دەکرێت بەم نیشانانەی خوارەوە جیا بکرێتەوە:
• زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی جارەکانی پیساییکردن یان گۆڕانکاری لەناکاو لە شێوەی پێکهاتەی پیسایییەکەدا بەجۆرێک کە پتر شل دەبێت؛ لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم گۆڕانکارییانە ٣ جار یان پتر لەکاتی پیساییکردنی کۆرپەدا تێبینی بکرێت
• پیسایییەکە لینجە مادەی تێدایە، یان  بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
• نەمانی ئارەزووی خواردن
• تا
• هەستکردن بەوەی کۆرپەکە ناساغ یان نەخۆشە.

سکچوون لە منداڵانی گەورەتردا

شایانی باسکردنە کە نیشانەکانی سکچوون لەوانەیە هاوشێوەی کۆمەڵە نیشانەیەک بن کە  پەیوەندی بە کێشەی تەندروستیی ترەوە هەبێت. سکچوونی توند ڕەنگە هەندێک جار یەکێک بێت لەو نیشانانەی کە پەیوەندی بە کێشەیەکی تەندروستیی ڕوژدەوە هەبێت و پێویستی بە دەستێوەردانی پزیشکی هەبێت. لەبەرئەوە دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە کاتێک منداڵ تووشی سکچوون دەبێت، پێویستە سەردانی دکتۆر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت و هۆکاری ڕوودانی سکچوونەکە بدۆزرێتەوە. شایەنی باسە کە نیشانەکانی سکچوون لەوانەیە جیاواز بن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر، شتێکی سانایە؛ بەڵام لەوانەیە نیشانەکان لە منداڵانی گەورەتردا یەکێک یان زیادتر بێت لەمانەی خوارەوە:
• هەستکردن بە ئازار و گرژبوون لە سکدا 
• هێڵنجدان
• کۆبوونەوەی گاز و هەوا لە سکدا
• تا
• ڕانەگرتنی میز 
• پێویستییەکی بەپەلە بۆ پیساییکردن

هۆکارەکانی سەردانکردنی دکتۆر

لەم حاڵەتانەی لە خوارەوە باس دەکرێن، بەخێوکەر دەبێت پەیوەندی بە دکتۆرەوە بکات و ڕاوێژی پێ بکات لە بارەی کێشەی سکچوونی منداڵەکەوە:
• تێبینیکردنی هەبوونی خوێن بکات لە پیسایییەکەدا.
• تەمەنی ئەو منداڵەی تووشی سکچوون بووە لە ٦ مانگ زیادتر نەبێت.
• نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە لە منداڵەکەدا دەربکەوێت.
• تایەک کە بە دەرمانی دابەزاندنی تا باشتر نابێت.
ڕشانەوە.
• منداڵەکە پێشتر نەشتەرکاری بۆ کرابێت لە دەوروبەری سکیدا.
• نیشانەکانی سکچوون ماوەی زیادتر لە ٢-٣ ڕۆژ بخایەنێت.
 لە لایەکی ترەوە، ئەگەر منداڵەکە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستەی تێدا دەرکەوت، دەبێت دەستبەجێ چاودێری پزیشکی بۆ دابین بکرێت؛ کە نیشانەکان ئەمانەی لای خوارەوەن:
• میز نەکردن بۆ ماوەی  پتر لە ٦ کاتژمێر.
• لە کاتی گریاندا فرمێسک لە چاوەکانەوە نایەت.
• وشکبوونەوەی دەم و زیادبوونی لینجێتیی لیک.
• بەقووڵداچوونی چاوەکان.

پوختەی بابەت 

نیشانەکانی پەیوەست بە سکچوون لە کۆرپە و منداڵی گەورەتردا بەپێی سروشتی خۆراکەکانیان جیاوازە، دەتوانرێت بە پشت بەستن بەو نیشانانەی لەسەری دەردەکەوێت ئەوە جیا بکرێتەوە کە منداڵەکە تووشی سکچوون بووە. جگە لەوەش چەندین حاڵەت هەن کە ڕەنگە پەیوەندی بە ڕوودانی سکچوونەوە بێت لە منداڵەکەدا، پێویست بێت بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت یان داوای چاودێری پزیشکی بکرێت؛ وەکوو وشکبوونەوەی جەستە، تا، بینینی خوێن لە پیساییدا، نیشانەکانی تر کە بەڵگەن لەسەر حاڵەتێکی مەترسیدار.


سەرچاوەکان



37 بینین