کوکو شانێڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-25-22:16:00 - کۆدی بابەت: 12688
کوکو شانێڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوکو شانێڵ، کوکو چانێڵ یان شانێل (بە عەرەبی: كوكو شانيل، بە ئینگلیزی: Coco Chanel)، خانمە دیزاینەری فەڕەنسی ناودارە کە بە دامەزرێنەری بڕاند و کۆمپانیای شانێڵ دادەنرێت. کوکو شانێڵ بە یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەم دانراوە و کاریگەرییەکەی زۆری لە جیهانی دیزاین و جلوبەرگی ژنان هەبووە، شانێڵ لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە لە لیستی ١٠٠ گرنگترین کەسایەتییەکانی جیهاندا بوو کە لەلایەن گۆڤاری تایم بڵاوکرایەوە و بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسەکانی سەدەی بیستەم دانراوە.

لە سەردەمی هاوچەرخدا بڕاندی شانێڵ بە یەکێک لە گرانترین و شیکترین بڕاندەکان دادەنرێت و لە هەموو جیهان ناودارە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان لقی هەیە. کوکو شانێڵ لە ساڵی ١٩٧٠ بەهای سامانەکەی بە ١٩ بلیۆن خەمڵێندرا و بە یەکێک لە ژنە دەوڵەمەندەکانی جیهان دانرا.

زانیاری گشتی

ناو  گابرێیل شانێل
شوێن و ڕێکەوتی لەدایکبوون ١٩ـی ئابی ساڵی ١٨٨٣، شارۆچکەی سومۆر، فەڕەنسا
ڕەگەزنامە فەڕەنسی
پیشە  دیزاینەری پۆشاک، دیزاینەری خشڵ و جوانکاری، خاوەن بڕاند
کۆچی دوایی دەی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧١

ژیانی سەرەتای

گابریێل بوونێر شانێڵ لە ١٩ـی ئابی ساڵی ١٨٨٣ لە شارۆچکەی سومۆر لە فەڕەنسا لەدایکبووە، لە خێزانێکی ناجێگیر و هەژار لە یەک ژووردا لەگەڵ چوار برا و خۆشکێکی ژیاوە، کاتێک دایکی بە نەخۆشی سیل کوچی دوایی کردووە، باوکی شانێلی تەمەن ١٢ ساڵی لەگەڵ دوو لە خوشکەکانی بردووەتە خانەی بێسەرپەرشتان و لەوێ هەر لە تەمەنی لاوییەوە لەژێر دەستی خاتوونە قەشەکان شانێڵ فێری دوورمان و چنین و هونەرەکانی نەخش و دوورینی جلوبەرگ بووە.

دوای تەمەنی ١٨ ساڵی خانەی بێسەرپەرشتانی بەجێهێشتووە و چووەتە بەشە ناوخۆییەکی تایبەت بە کچانی کاسۆلیک، پاشان لە تەمەنی گەنجی وەکوو گۆرانیبێژی یانەکانی تایبەت بە ئەفسەرە فەڕەنسییەکان کاری کردووه، نازناوی (کوکو/ Coco) هەر لەو کاتەوە وەرگرت چونکە ناوی گۆرانییەکی فۆلکلۆری فەڕەنسی بوو بە ناوی (Qui qu'a vu Coco) شانێڵ پێی ناودار ببوو.

ئەزموونی کارکردن 

لە ساڵی ١٩٠٩ شانێڵ لە کارگەیەکی دروستکردن و دیزاینی کڵاوی ژنانە وەکوو یاریدەدەر کاری کردووە، پاشان یەکەمین فرۆشگای تایبەتی خۆی لە شەقامی کامیرۆن لە پاریس لە ساڵی ١٩١٠ دامەزراند، فرۆشگاکەی لە سەرەتادا تەنیا تایبەتمەند بوو بە فرۆشتنی کڵاو و شەپقەی ژنانە کە خۆی دیزاینی بۆ دەکرد، پاشان دوای ئەوە جلوبەرگ و پۆشاکیشی بۆ فرۆشگاکەی زیاد کرد کە بەهەمان شێوە لە دیزاین و دوورینی خۆی بوو، سەرەتا لە ساڵی ١٩١٣ جلوبەرگی وەرزشیی ژنانەی دیزاین دەکرد، دواتر
بیرۆکەی دیزاینی جلوبەرگی لەوەوە بۆ دروست بوو کاتێک قەمیسێکی کۆنی زستانەی هەبوو دووبارە بەکاریهێنایەوە و کردی بە کراسێکی زستانەی سەرنج ڕاکێش کە هەرکاتێک بیپۆشیایە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی لێیان دەپرسی کە لە کوێ بەدەستی هێناوە، بۆیە لەدوای ئەوە بڕیاری دا کە پۆشاک و جلوبەرگ بۆ فرۆشگاکەی زیاد بکات.

جلەکانی بڕاندی شانێڵ بە ڕەنگی ڕەش و سادەیی و کوالێتی بەرز ناسراو بوون، بۆیە زۆرێک لە کڕیارەکانی شانێڵ ژنە دەوڵەمەند و کەسە ناودار و هونەرمەندەکانی فەڕەنسا بوون، هەرئەمەش وایکرد دیزاین و کارەکانی بڵاوببێتەوە. لە ماوەی ڕووداوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم چەند لقێکی تر لە فرۆشگاکانی شانێڵ کرانەوە و گرنگی دەدرا بەو پۆشاکانەی کە ئاسان لەبەردەکرێن و سووکن  زیاتر لە قوماشی کەتان و پەموو جلەکان دروست دەکران. لە ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ بڕاندی شانێڵ لە زۆرێک لە ناوچەکانی فەڕەنسا بڵاوبووەوە و لە چەندان شوێن لقی کردەوە، ژنان بەهۆی ئەوەوە ئارەزووی جلەکانی شانێڵیان دەکرد چونکە سادە و ساکار بوونە و زۆرێک لە پۆشاکەکان بیرۆکەی دیزاینەکەی لە دیزاینی جلوبەرگی پیاوانەوە وەرگیرا بوون.

لە ساڵی ١٩٢٠ شانێڵ یەکەمین بۆنی تایبەت بە ژنانی دروستکرد و بۆنی (Chanel No. 5) خستە بازاڕەکانەوە کە بۆنەکە تێکەڵەی بۆنی چەند جۆرێک گوڵ بوو، بە هاوکاری خاوەن فرۆشگایەکی ناودار و کارسازێکی فەڕەنسی بە ناوی (Pierre &  Paul Wertheimer) بۆندێکی واژۆ کرد کە داهاتی فرۆشی بۆن و بەرهەمەکانی جوانکاری لە ٧٠٪ بۆ کۆمپانیای (Pierre) بێت، بە بڕی ٢٠٪ بۆ کۆمپانیای (Bader) بێت، شانێڵ تەنیا بڕی ١٠٪ داهاتی بۆنی وەردەگرت و لە داهاتووشدا لەسەر پشکەکانیچەندان کێشەی هەبوو.

لە ساڵی ١٩٢٥ دیزاینی تەنوورە و چاکەتێکی بێ قۆڵی لە هەمان قوماش بۆ ژنان خستە بازاڕەکانەوە کە بیرۆکەی دیزاینەکەی لە جلی پیاوانەوە وەرگرتبوو، ئەم دیزاینەی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو و دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بە دیزاینی سێ پارچە ناوی دەرکرد و شانێڵ یەکەم کەس بوو کە چاکەتی بێ قۆڵی بۆ ژنان دیزاین کرد.

لە ساڵی ١٩٢٩ کوکو شانێڵ یەکەم دیزاینی جانتای دەستیی ژنانەی بەردەست کرد و بەرهەمەکانی زیاتر فراوان بوو. لە ساڵی ١٩٣٢ گرنگی بە بواری ئێکسسواراتی ژنانە دا و شوێنێکی تایبەتی بۆ دروستکردنی خشڵ و ئێکسسوارات و جوانکاری ژنانە دامەزراند، لە دیزاینی خشڵەکانی ئەڵماس و بەردی گرانبەهای بەکاردەهێنا. لە دوای هەرەسهێنانی ئابووریی جیهانی لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوو و پاشان ڕووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم بووە هۆکاری وەستان و داخستنی کارگە و فرۆشگاکانی شانێڵ لە فەڕەنسا.

لە ساڵی ١٩٥٣ شانێڵ دووبارە دەستیکردەوە بە دیزاین و فرۆشگاکانی کردەوە و کارەکانی لە هەموو جیهاندا زیاتر بڵاوبووەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کرستیان دیۆر دەرکەوتبوو و بوونە ڕکابەری یەکتر، شانێڵ نوێکاری کرد لە بەرهەمەکانی گرنگی بە بەرهەمە چەرمییەکان دەدا پاشان دواتر گرنگی بە بەرهەمی بۆنی پیاوانە دا و چەند بۆنێکی پیاوانەی بەرهەم هێنا، بۆیە لە ساڵی ١٩٥٧ شانێڵ خەڵاتی ئۆسکاری بۆ فاشن و دیزاین لە داڵاس بەدەستهێنا.

باری سۆزداری

شانێڵ لە ساڵی ١٩٢٠ پەیوەندییە سۆزدارییەکانی دەستی پێکردووە، بۆ ماوەیەک لەگەڵ دووک وێتمنستەر بەیەکەوە بوون، ئاشان لە تەمەنی ٢٣ ساڵی ئیتیان دی بالسانی ناسی کە کەسایەتییەکی دەوڵەمەند و ناودار بوو، هەر ئەویش هاوکاری بوو لە دامەزراندنی یەکەم فرۆشگا و کردنەوەی چەند لقێکی لە پاریس.

لە کاتی داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە، کوکو شانێڵ لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەڵمانی بە ناوی (Hans Gunther von Dincklage) پەیوەندی سۆزداری هەبوو، دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و کەوتنی دەسەڵاتی نازییەکان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو پەیوەندییەی شانێڵ حکوومەتی فەڕەنسی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرد بەڵام هیچ تۆمەتێکی فەرمی ئاڕاستە نەکرا، بەڵام بەوهۆیەوە بەشێک لە دانیشتووانی فەڕەنسا ئەو پەیوەندییەی شانێڵیان بە خیانەت لە وڵاتەکەی وەسف کرد، بۆیە بۆ ماوەیەک لە فەڕەنسا دوورکەوتەوە چووە وڵاتی سویسرا.

کۆچی دوایی

کوکو شانێل لە دەی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧١ لە شوقەکەی خۆی لە ئۆتێلی ریتز لە تەمەنی ٨٧ ساڵی کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



57 بینین