ئەدەب لە سەردەمی  ڤیکتۆریان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-27-16:38:00 - کۆدی بابەت: 12705
ئەدەب لە سەردەمی  ڤیکتۆریان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەب لە سەردەمی  ڤیکتۆریان (بە عەرەبی؛ الادب من عصر الفیکتوري، بە ئینگلیزی؛  Litrerature in Victorian era) ئەدەب لە سەردەمی ڤیکتۆریان بە سەردەمی وێژەی بەڕیتانیش ناسراوە، بریتییە لەو ماوەیەی شاژنە ڤیکتۆریا حووکمی ئیمپڕاتۆیەتی خۆر لێ ئاوا نەبووی بەڕیتانی کردووە. لە سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا بەڕیتانیا بووژانەوەی زۆری بەخۆوە بینی بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئەدەبدا. ئەم پێشکەوتنە لە ئەدەبدا بە جۆرێک بوو کە شێوازی نووسینی بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم سەردەمە جیاواز بوو لە سەردەمانی پێش خۆیان و بە شێوازی ڤیکتۆریان ناوبرابوو Victorian Style. 

باکگراوندی مێژوویی لەسەر سەردەمی ڤیکتۆریان لە ئەدەبدا

جۆن ستیوارت مێڵ لە بارەی سەردەمی ڤیکتۆریان دەڵێت: ئێستا ئێمە لە چاخی گواستنەوەداین. 

سەردەمی ڤیکتۆریان ئەو ماوەیە کە شاژنە ڤیکتۆریا ١٨٣٧-١٩٠١ تیایدا حووکمی ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانی کردووە. بەوە ناسراوە کە ئاسۆی پەروەردە و ئەدەب فراوان بوو و گەشەی بە خۆوە بینی، هەروەها سەردەمێک بوو مرۆڤ بۆ ڕاستی شتەکان هەنگاوی نا لە بواری ئایین، زانست، سیاسەت. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا زانستی بایۆلۆجی و پەنتەلۆجی چووە قۆناغێکی نوێ لە ڕێگەی دانانی گریمانە و بیردۆز، زۆرێک لەمانە بوونە ڕاستی زانستی هەر لەو ماوەیەدا.

ئەم سەردەمە هاوتا بوو لەگەڵ هاتنە کایەی بیردۆزەکانی بەڕێوەبردن وەک مارکس و ئەنگلز کە بیردۆزی کۆمۆنیست یاخود سۆشیالیزم کە لە هەمان کاتدا بە مارکسیزمیش ناسراوە. جگە لەوە دانراوەکانی چارلز داروین بەتایبەتی کتێبی "ڕەچەڵکی چەشنەکان" لە ساڵی ١٨٥٩. 

سەردەمی ڤیکتۆریان بە سەردەمێکی گرنگ دادەنرێت لە گەشەی ئابووریدا بۆیە زۆرترین کتێب و توێژینەوە لە بارەی ئەم چەمکەوە نووسراون لە زانکۆکاندا کە هاوکات تەکنەلۆجیای نوێ دۆزرایەوە و هۆکاری نوێی گواستنەوە داهێنران بە تایبەتی ئۆتۆمبێل لەلایەن کاڕڵ بێنز لە ساڵی ١٨٨٦ کە دواتر بووە بڕاندی مێرسیدس بێنز وەلەو پێشتر ماتۆرسکیل بوونی هەبوو کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆپڵی ئەڵمانی داهێنرابوو. 

ئەدەبیاتی ڤیکتۆریان

لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا هەر تاکێکی بەڕیتانی بەوە ناسراو بوو کە گرنگی زۆریان دەدا بە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، زۆر کتێبی نووسەرە دیارەکان وەک "چارلز دیکنس" سەرەتا لە ڕۆژنامەکان بە شێوەی هەفتانە و مانگانە چیرۆکەکانی بڵاو دەکرانەوە وەک ڕۆمانەکانی (دەیڤد کۆپەرفیڵد، چاوەڕوانییە مەزنەکان، سروودی کریسمس، چیرۆکی دوو شارەکە، کاتە سەختەکان) هەموو ئەمانە لە سەرەتادا بەهۆی ئەوەی دەزگاکانی چاپ نرخیان بەرز بوو لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەکرانەوە، پاشان چیرۆکەکان کۆدەکرانەوە و دەکران بە کتێب. لە گۆڤارەکانیشدا گرنگی زۆر بە وتار دەدرا کە خوێنەرێکی ئێجگار زۆریان هەبوو. شارەزایان دەڵێن هیچ ماڵێک نەبوو خوێنەری تێدانەبێت! 

سەبارەت بە کتێبیش خوێنەری خۆی هەبوو کەسانی خانەدان لە نێو ماڵەکانیان کتێبخانەیان هەبوو کە لە هەموو بوارەکانی ئەو سەردەمەدا کتێبیان کۆدەکردەوە وەک (ئابووری، سیاسی، ڕۆمان، هۆنراوە، ئامار، مێژوو، خەیاڵی). شاژنە ڤیکتۆریا بۆ ئەوەی هەموو کەس دەستی بە کتێب بگات لە هەموو ناوچە نیشتەجێبوونەکان کتێب فرۆش و کتێب فرۆشی گەڕۆکی دانابوو.

شێوازی نووسین لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا

ستایلی ڤیکتۆریان بۆ ئەو نووسەرانە بەکاردێت کە گوزارشتیان لە واقعی کۆمەڵگەی بەڕیتانی کردووە لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا، کە هەمیشە چەند بابەتێک زۆر زەق بووەتەوە لە نوسینەکانیاندا وەک (نەخۆشی، هەژاری، مردن، بەند کردن، جیاوازی چینایەتی) گەرچی کۆمەڵگەی بەڕیتانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێش دەکەوت بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازی چینایەتی بابەتێک بوو نەدەکرا چاوپۆشی لێ بکرێت، نووسەرانی وەک چارلز دیکنس و نۆرتۆن، تێنسۆن، ئیلۆیت و چەندانی تر بە کتێبەکانیان گوزارشتیان لە ژیانی ناخۆش و ناهەمواری هەژاران دەکرد و بە ڕاستییەکی تاڵ وەسفیان دەکرد بە تایبەتی چارلز دیکنس کە خۆی بەو ژیانە دژوارەدا تێپەڕ ببوو کە هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیبوو. بۆیە ئەو نووسینانەی کە لەلایەن ئەم نووسەرانەوە دەنووسرا مۆرکێکی ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵگەی پێوە دیار بوو، لە سەردەمەکانی پێشتردا نووسەران لە خزمەتی دەسەڵاتدا بوون، بەڵام نووسەرانی ڤیکتۆریان ئاوڕیان دابووەوە لە نزمترین چینی کۆمەڵگە کە کرێکاران بوون هاوکات ماڕکسیش کە ئابووریزانێکی ئەڵمانی بوو و لە سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا ژیاوە لە نووسینەکانیدا ئاوڕی لە کرێکاران داوەتەوە. 

ڕۆمان لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا

ڕۆمان بە بابەتێکی زۆر گرنگی سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا یان ڤیکتۆریان دادەنرێت، کە بە جۆرێک نووسینی ڕۆمان بووە ئەزموونی زۆرێک لە نووسەران، ئەوانەی پێشتر هۆزانڤان بوون هەندێک جار ڕۆمانیان دەنووسی وەک "ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن" کە لە بنچینەدا هۆزانڤان بوو بەڵام لە ڕۆمانیشدا بەرهەمی ئەدەبی هەیە کە دیارترین ڕۆمانەکانی "دکتۆر جەیکڵ و بەڕێز هاید" و "دوورگەی گەنجینە"یە. لەم سەردەمەدا نووسەرە ئینگلیزەکان بە شێوەی ڕیالیزم "واقعبینی" دەیان نووسی وەک لەوەی شێوازی وەسف و ڕازاندنەوە بەکاربهێنن. نموونە چارلز دیکنس گرنگی داوە بە بابەتی تراژیدی و ناڕەحەتی ژیانی هەژار و کرێکاران و دیمەنەکەی وەک خۆی کردووە بە نووسین. یاخود لە کتێبی "چیرۆکی دوو شارەکە"دا چارلز دیکنس باسی جیاوازی گوزەران لە نێوان لەندەن و پاریسدا دەکات لە میانەی شۆڕشی فەڕەنسیدا نووسەر باسی خێزانێک دەکات کە لەو دۆخە ناهەموارەدا چۆن گوزەران دەکەن.

شێوازی ڕۆمانە ئەویندارییەکانی سەردەمی ڤیکتۆریان هەموو کات بە خۆشی تەواو نابن بەتایبەتیش تیشک خراوەتە سەر ئەوینداری هەژاران لەگەڵ خانمێکی خانەدان ئەمەش بۆ ئەوەی جیاوازی چینایەتی نیشان بدەن وەک لە ڕۆمانی "چاوەڕوانییە مەزنەکان"دا چارلز دیکنس کارەکتەری سەرەکی ئاشق بە کچێکی خانەدان دەکات بەڵام خانمەکە هێندە سووکایەتی پێ دەکات کە دەڵێت "دەستەکانت زبر و وشکن، پێڵاوەکانت قوڕاوی و چەرمن" ئەمەش نیشانی دەدات کە چینی کرێکار بە هۆی زۆر کارکردن دەستەکانیان زبر و وشک دەبێت پێڵاوەکانیشیان ناتوانن بۆیاخی بکەن چونکە پارەی زۆری پێویستە بۆیە هەمیشە چڵکن و قوڕاوی دەبێت.

جۆرج ئیلۆت لە نووسینەکانیدا کە زیاتر لە بارەی ئەوینداری دەدوێت پیاوان تووشی شکستی ئەوینداری دەکات و دۆخیان بە زامدار و دڵشکاو دەردەخات و ڕووبەڕووی ڕەخنە و سەرزەنشتیان دەکاتەوە بەتایبەتیش هەژاران، نووسەر دەڵێت: کاتێک هەژار بوویت هەمووان سەرزەنشتت دەکەن و ڕووبەڕووی چارەنووسێکی ناهەموارت دەکەنەوە.

هۆنراوە لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا

هەروەکو چۆن ڕۆمان ڕۆڵێکی کاریگەری لە پێشخستنی ئەدەبیاتی ئینگلیزی یان ڤیکتۆریاندا هەبوو هۆنراوەش بە هەمان شێوە کاریگەری خۆی هەبوو لە پێش خستنی ئەدەبیاتی ڤیکتۆریاندا. هۆزانڤانەکانی سەردەمی ڤیکتۆریان لە هۆنراوەکانیان پەیڕەوی ستایلێکیان دەکرد کە گێڕانەوەی چیرۆکێک بوو بە شێوەی هۆنراوە، وەک شێوازی epic poems کە شێوازێکی مەودا درێژی هەبوو لە نووسیندا کە بە زمانی عەرەبی پێی دەوترێت غەزەل، هۆزانڤانە ناوبانگەکانی سەردەمی ڤیکتۆریان بریتین لە (ڕۆبەرت براونینگ، ئەلفرێد لۆرد، تێنسۆن) کە هۆنراوەکانیان شێوازێکی درامی و تراجیدی هەیە و لە شێوەی گێڕانەوەدایە. 

هۆنراوەکانی ئەم  سەردەمه خاوەنی ئاوازن کە خوێنەر تووشی کاردانەوە دەکەن و تێکەڵ بە وشەسازی دەکەن پێشکەوتنی نووسینی هۆنراوە لە سەردەمی ڤیکتۆریاندا دابەش دەبێت بۆ دوو ماوە یەکەمیان (١٨٤٨-١٨٦٠) و دووەمیشیان (١٨٨٠-١٩٠٠)  یەکەمیان گەشەسەندن و پێدانی تابلۆیەکی هونەری بوو بە هۆنراوەکان کە خوێنەر ناوەڕۆکی بابەتەکە وەک تابلۆیەک ببینێت ئەگەر بە نموونە بڵێین بابەتەکە چیرۆکێکی ئەوینداری بێت هەردوو ڕەگەز و چیرۆکەکە بە پارچەیەکی هونەری ببینین. 

شێوازی دووەم پێیان وایە کە هۆنراوە نابێت چەق بەستوو بێت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی هۆنراوە پەیام ئاڕاستە بکرێت چونکە هۆنراوە زیاتر لە یادگەدا دەمنێتەوە و ناکرێت تەنها وەکو پارچەیەکی هونەری سەیر بکرێت. 


سەرچاوەکان



56 بینین