چۆن بەرەنگاریی گەندەڵی ببینەوە؟

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-05-01-22:25:00 - کۆدی بابەت: 12731
چۆن بەرەنگاریی گەندەڵی ببینەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن بەرەنگاریی گەندەڵی ببینەوە (بە عەرەبی: كيفية محاربة الفساد، بە ئینگلیزی: How to fight corruption)، بریتییە لە کۆمەڵێک کار و ڕێکار بۆ نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتدا.

ئاستەکانی بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی

گەندەڵی دیاردەیەکی بەرفراوانە لایەنێک ناتوانێت بەتەنها کار بکات بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی، لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی حکومەت وەک لایەنی فەرمی کار بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ڕێگەی کۆمەڵک هەنگاو و کارەوە.

ڕۆڵی تاکەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا

تاک بناغەی بنیاتنان و بناغەی کۆمەڵگایە، ڕۆڵی ئەو لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا گرنگە و دەکرێت بەم شێوەیە دیاریبکرێت:

١- گەیشتن بە بنەمای ژمێریاری کۆمەڵایەتی: هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، ئەمەش بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە کۆمەڵگاکانیان، هەروەها پێشخستنی بنەمای لێپرسینەوەی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای بەدواداچوونی گەندەڵی لە دەوڵەت یان کۆمەڵگادا دامەزراوە، پاشان ڕەخنەگرتن لە بڕیارەکانی بڕیار بەدەستان، ڕاپۆرتکردنی تاوانەکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران.

٢- وەرنەگرتنی بەرتیل و دیاری لە چوارچێوەی کاردا: گرنگە هاوڵاتیان، هەریەکەیان لە کار و پێگەی خۆیان لە دەوڵەتدا بزانن بەرتیل و خزمایەتی دەرکەوتەو شێوەی گەندەڵین لە کۆمەڵگەدا، بۆیە هەبوونی هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەفتارانە لە شوێنی کاردا هەنگاوێکی باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کۆمەڵگاکاندا.

٣- پەروەردەکردنی منداڵ بە شێوەیەکی دروست: خێزان بناغەی کۆمەڵگایە، کاتێک نەوەکان  بەپێی ڕەوشت و بەهاکان پەروەردە بکرێن، دەبێتە هۆی  ئاگادار بوونیان لە واتای گەندەڵی بە هەموو فۆرم و جۆرەکانیەوە لەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژین لەڕووی ڕادەی مەترسیی و چۆنیەتی کەمکردنەوەی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگاکان بەرەو سەلامەتی بڕۆن.

٤- پەروەردەکردنی نەوەیەک کە لە چەمکی گەندەڵی تێبگات: لە پاش خێزان قوتابخانە ماڵی دووەمە بۆ قوتابیان، کەتێیدا مامۆستایان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە فێرکردنی خوێندکارەکان دەربارەی چەمکی گەندەڵی، فۆرمەکانی، ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژین، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی نەوەیەکی هۆشیاری کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بەرانبەر بە خۆی و خێزان و کۆمەڵگاکەی.

ڕۆڵی حکومەت (دەوڵەت) لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا

دەوڵەت دەسەڵاتی فراوانی هەیە کە ڕێگەی پێدەدات شێوازی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەوانیش بریتین لە:

١- دەستکاریکردنی سیستمی خوێندن: ئەم هەنگاوە لە نەوە نوێیەکان و ئاستی هۆشیارییانەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی نوێکردنەوەی مەنهەجی قوتابخانەکان لە هەموو ئاستەکاندا و پەرەپێدانیان، واتا وەزارەت و حکومەتەکان پلانێکی بیرکراوە و ڕوون پەیڕەو بکەن بە شێوەیەک کە هۆشیاری سەبارەت بە گەندەڵی دروست بکات، بۆ ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ کۆمەڵگایەکی دوور لە گەندەڵی.

٢- دەرکردنی یاسای توند: بوونی یاسا و لێپرسینەوەیەکی توند لە دۆسیەکانی گەندەڵی لەلایەن حکومەتەوە وا دەکات هاوڵاتیان کەمتر نەرم بن لەو بابەتەدا، بە جۆرێک ئەم شێوازە ڕێگرییەک لە بەشداریکردن لە گەندەڵی دروست دەکات و بەم شێوەیە کولتووری یەکپارچەیی لەنێو ئەندامانی هەمان کۆمەڵگادا بەهێزتر دەبێت.

٣-چاکسازی لە کارگێرییە گشتییەکان و بەڕێوەبردنی دارایی: دانانی  فەرمانبەر و خاوەن فەرمانگە گونجاوەکان لەو شوێنانەی کە شایەنیەتی (دانانی کەسی شیاو لەشوێنی شیاو)، هەروەها بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی دروست، و دابینکردنی لیژنەیەکی وردبینی دارایی ڕاستگۆ کە پارەی دەوڵەت و هاووڵاتیان بپارێزێت هەنگاوێکی گەورەیە لە بواری کەمکردنەوەی گەندەڵی لە کۆمەڵگاکاندا.

٤-بەهێزکردنی هاوڵاتیان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا: ڕەنگە هاووڵاتیان بەرپرسیاربن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕاپۆرتکردن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام دەبێت ئەگەر یاسایەک نەبێت کە بتوانێت ئەو کارە بکات. کردنەوەی دەرگای لێپرسینەوەی حکومەت بۆ هاوڵاتیان و دابینکردنی کەناڵ و شێوازی جۆراوجۆر بۆ ڕاپۆرتکردنی کێشەکانی گەندەڵی وا دەکات هاووڵاتیان متمانەیان بە حکومەت زیاتر هەبێت و بەرپرسیارتر بن بەرانبەر پرسی گەندەڵی.


سەرچاوەکان



40 بینین