مافەکانى قورئان چییە لەسەر باوەڕداران؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-01-22:56:00 - کۆدی بابەت: 12734
مافەکانى قورئان چییە لەسەر باوەڕداران؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مافەکانى قورئان چییە لەسەر باوەڕداران؟ (بە عەرەبی: ما هو حقوق القرآن على المؤمنين، بە ئینگلیزی: What are the rights of the Qur'an on believers)، یەکێک لە گەورەترین بەخششەکانی خوای پەوەردگار بەسەر ئەومەتی ئیسلامەوە بریتیە لە دابەزاندنی قورئان، ئەو کتێبەی کە هیچ ناڕوونی و دژیەکیەکی تێدانییە، ئەو کتێبەی کە خوای پەروەدگار كردويەتی بە بەرنامەی ژیان و هۆکاری سەبەرزی بۆ هەر کەسێک کە دەستی پێوە بگرێت لە دونیا و دوا ڕۆژدا. 

قورئان چییە؟

قورئان: بریتیە لە وتەی خوای پەروەردگار و دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەری خوا ﷺ و مرۆڤی دەستەوسان کردوە کە بتوانن هاوشێوەی بهێنن تەنانەت بە یەک ئایەتیش بێت، پەرەستنی خوای پەروەدگار دەکرێت بە خوێندنەوەی قورئان بە دەستمان گەیشتووە بە شێوازی تەواتور، پێک هاتووە لە (٦٠٤) لاپەڕە و ژمارەی سورەتەکانی (١١٤) سورەتە و لە (٣٠) جوزء پێکهاتووە و خوای پەوەردگار لە ماوەی (٢٣) ساڵدا دای بەزاند بۆ پێغەمبەری خوا ﷺ. 

ناوەکانی تری قورئانی پیرۆز

١- كلام الله: وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: (وَإِنْ أَحَدٌ مِّنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّىٰ يَسْمَعَ كَلَامَ اللَّهِ) [سورة التوبة: ٦]
٢- الفرقان: وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: (تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَىٰ عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيرًا) [ الفرقان: ١] 
٣- الكتاب: وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: (الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنْزَلَ عَلَىٰ عَبْدِهِ الْكِتَابَ وَلَمْ يَجْعَلْ لَهُ عِوَجًا) [سورة الكهف: ١]
٤- الذكر: وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: (وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ) [النحل: ٤٤]
٥- حبل الله: وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: (وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا) [آل عمران : ١٠٣]. 

مافەکانی قورئان 

١- مافی باوەڕ هێنان بە قورئان: لە پێشترین مافی قورئان بریتییە لە باوەڕهێنان پێی چونکە یەکێکە لە بنەماکانی باوەڕ و ئەگەر کەسێک باوەڕی بە قورئان نەبێت ئەوا بە موسوڵمان دانانرێت، چونکە خوای پەروەردگار لە قورئانە پیرۆزەکەیدا لەباسی باوەڕداردا دەفەرمووێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي نَزَّلَ عَلَى رَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي أَنْزَلَ مِنْ قَبْلُ وَمَنْ يَكْفُرْ بِاللَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا بَعِيدًا) [النساء: ١٣٦] واتا: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە، بەردەوام بن لەسەر باوەڕهێنانەکەتان بە خوای پەروەردگار و پێغەمبەرەکەی و بەو کتێبەی کە دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەرەکەی و بەو کتێبانەش کە پێشتر دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەران، هەرکەسێک بێ باوەڕ بێت بە خوای پەروەدگار و فریشتەکان و کتێبەکانی و پێغەمبەرانی و بەڕۆژی دوایی ئەوا گومڕا بووە گومڕابونێکی ئاشکراوە و لە ئاینی ئیسلام چوەتەوە دەرەوە. هەروەها پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرمووێت: (الإِيمَانِ: أَنْ تُؤْمِنَ بِاللَّهِ وَمَلائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وَتُؤْمِنُ بِالْقَدَرِ خَيْرِهِ وَشَرِّهِ) واتا: باوەڕ بریتیە لەوەی کە باوەڕت هەبێت بەخوای پەوەردگار و بە فریشتەکان و بە کتێبەکانی و بە پێغەمبەرانی و بە ڕۆژی دوایی وە باوەڕت بە قەدەر هەبێت بە خێر و شەڕیەوە.

  • ٢- مافی خوێندنەوەی قورئان: خوێندنەوەی قورئان بریتیە لە یەکێک لەو مافە ڕوون و دیارانەی کە خوای پەروەدگار فەرمانی پێکردووە، وەکو دەفەمووێت: ﴿اتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنَ الْكِتَابِ﴾ [العنكبوت : ٤٥] واتا: ئەو قورئانە بخوێنەرەوە کە بۆت دابەزێنراوە. هەروها ئەم خوێندنەوەیەش پێویستی بە چەند مەرجێک هەیە لەوانە: 
    خوێندنەوەی قورئان بە تەجویدەوە: پێویستە لەسەر موسوڵمان بەشێوازێکی جوان و ڕێک قورئان بخوێنێتەوە و گرنگی بە خوێندنەوەی بدات نەوەک وەکو کتێبێکی دیکە سەیری بکات و وەکو ئەو بیخوێنێتەوە چونکە خوای پەوەردگار دەفەرمووێت: ﴿وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا﴾ [المزمل: ٤] واتا: قورئان بخوێنەرەوە بە تەرتیل، زانایانی لێکدەورەی قورئان دەفەرموون: بەلەسەرخۆیی و بەشێوازێک کە شوێن وەستان و شوێنی دەرچوونی پیتەکان دیار بێت. 
  • خوێندنەوەی قورئان بەدەنگی خۆش: پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کە قورئان دەخوێنێت هەوڵ بدات کە بەدەنگێکی خۆش بیخوێنێت چونکە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەمووێت: (زینوا القرءان بأصواتكم فإن الصوت الحسن يزيد القرءان حسنا) واتا: قورئان بڕازێینەوە بە دەنگە خۆشەکانتان، چونکە دەنگی خۆش خۆشی زیاتر بە قورئان دەبەخشێت. هەروەها لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرمووێت: (لیس منا من لم یتغن بالقرءان) واتا: ئەو کەسە لە ئێمە نییە کە دەنگی خۆش ناکاتەوە لە کاتی قورئان خوێندندا.
  • لەبەرکردنی قورئان: پێویستە لە سەر هەموو موسوڵمانێک ئەوەندە قورئانی لەبەر بێت کە بتوانێت عیبادەتەکانی خۆی پێ ئەنجامبدات، بەڵام پێویست نییە هەموو قورئانی لەبەر بێت و ئەو کەسەی قورئان لەبەر دەکات زۆر قورئان دەخوێنێتەوە و ماندووبونێکی زۆری لەسەر دەبینێت پاداشتێکی گەورەی هەیە، هەربۆیە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز پاداشتێکی زۆری تێدایە وەکو پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرمووێت: (يقال لصاحب القرآن اقرأ وارتق ورتل كما كنت ترتل في الدنيا فإن منزلتك عند آخر آية تقرأ بها) واتا: دەوترێت بە ئەو کەسەی کە هاورێی قورئانە بخوێنە و بەرزببەرەوە، بخوێنەوە هەروەکو لەدونیادا دەتخوێندەوە شوێنی تۆ لە ئاستی کۆتا ئایەتدایە کە دەیخوێنیتەوە. هەروەها زانایان فەرموویانە: مەبەست لە (صاحب القرآن) بريتيە لە ئەو کەسەی قورئانی لەبەرە.

٣- مافی تێگەیشتن و وردبونەوە لە قورئان: ئەمە مەبەستێکی گرنگە لە دابەزاندنی قورئان وەکو خوای پەروەدگار لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت: ﴿كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ﴾ [ص: ٢٩] واتا: ئەی پێغەمبەری خوا ئەوە وەحیەی کە بۆ تۆمان ناردووە ئەو کتێبە پیرۆزەی دامانبەزاندووە بۆ تۆ، بۆ ئەوەیە بیر بکەنەوە و ورد ببنەوە لە ئایەتەکانی و کار بکەن بە ڕێنماییەکانی. هەر بۆیە خوای پەروەدگار لە وەصف و باسی بەندەچاکەکانی خۆیدا دەفەرمووێت: (وَالَّذِينَ إِذَا ذُكِّرُوا بِآيَاتِ رَبِّهِمْ لَمْ يَخِرُّوا عَلَيْهَا صُمًّا وَعُمْيَانًا) [الفرقان: ٧٣] واتا: بەندە چاکەکانی خوای پەروەدگار ئەوانەن کە ئەگەر ئایەتەکانی خوای پەروەدگاریان بیر بخرێتەوە ئەوا خۆیانی لێ بێئاگا ناکەن و بەسەریدا ناڕۆن وەکو کەڕ و کوێر کە هیچیان نەبینی و هیچیان نەبیستبێت بەڵکو لێی تێدەگەن و بیری لێ دەکەنەوە. هەروەها خوای پەروەدگار سەرزەنشتی ئەوکەسانە دەکات کە قورئان ناخوێننەوە بە تێگەیشتن و لێ وردبنەوەوە وەکو دەفەرمووێت: ﴿أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَى قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا﴾ [محمد: ٢٤] واتا: ئایا بۆ قورئان ناخوێننەوە بە لێ وردبوونەوە و تێگەیشتنەوە، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە دڵەکانیان قوفڵی لێ دراوە.

٤- مافی بەگەورە دانانی قورئان: قورئان بریتییە لە وتەی خوای پەوەردگار و دایبەزاندووە بۆ سەر باشترینی پێغەمبەران و کردویەتی بە بەرنامەی باشترینی ئەومەتەکان هەر بۆیە پێویستە بە بەڕێز و بە گەورە سەیر بکرێت، وەکو خوای پەوەردگار لە وەصفی مەزنێتی و گەورەیی قورئاندا دەفەرمووێت: ﴿لَوْ أَنْزَلْنَا هَذَا الْقُرْآنَ عَلَى جَبَلٍ لَرَأَيْتَهُ خَاشِعًا مُتَصَدِّعًا مِنْ خَشْيَةِ اللَّهِ﴾ [الحشر: ٢١] واتا: ئەگەر ئەم قورئانەمان دابەزاندایە بۆسەر کێوێک لە کێوەکان ئەوە دەتبینی چۆن ملکەچ و زەلیل و شەق شەق دەبوو لەترسی خوای پەروەردگار سەرەڕای ئەو بەهێزی و پتەویەی کە هەیەتی. 

٥- مافی کردەوە پێکردن: کردەوە کردن بەقورئان یەکێکە لە گرنگترین مەبەستەکانی دابەزاندنی قورئان و گرنگترین مافی قورئان چونکە مافەکانی دیکەی قورئان وەکو پێشەکیەک وان بۆ ئەم مافە، چونکە ئەگەر کەسێک قورئان نەخوێنێتەوە و لێ ورد نەبێتەوە و بەگەورەی نەزانێت ئەوا ناتوانێت کردەوەی پێ بکات، هەر بۆیە پێویستە لەسەر موسوڵمان دەست گرتوو بێت بە قورئانەوە و کردەوەی پێ بکات و ڕەوشت و ئاکارەکانی بە گوێرەی قورئان بێت چونکە خوای پەروەردگار بۆ ئەو مەبەستە قورئانی دابەزاندووە وەکو دەفەرمووێت: (فَاسْتَمْسِكْ بِالَّذِي أُوحِيَ إِلَيْكَ إِنَّكَ عَلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ (٤٣) وَإِنَّهُ لَذِكْرٌ لَكَ وَلِقَوْمِكَ وَسَوْفَ تُسْأَلُونَ (٤٤) ) [الزخرف] واتا: ئەی محمد دەست بگرە بەو قورئانەوە کە خوای پەوەردگار بۆی دابەزاندوویت، تۆ لەسەر ڕێگای ڕاستیت و ئەو قورئانە ڕێز و شکۆمەندیە بۆ تۆ و گەلەکەت و لەڕۆژی دوایدا پرسیارتان لێ دەکرێت دەربارەی کردەوە کردن بەم قورئانە و سوپاسکردنی خوای پەوەردگار لەسەری. هەروەها خاتوو عائشە دەڵێت: (فإن خلق نبى الله -ﷺ- كان القرآن) واتا: ڕەوشتی پێغەمبەری خوا ﷺ وەکو قورئان بووە.

٦- مافی حوکم کردن بەقورئان: خوای پەوەردگار قورئانی دابەزاندووە کردویەتی بە بەرنامەی ژیان و پێویستی کردووە لەسەر موسڵمانان حوكمی پێبکەن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەکو دەفەرمووێت: (وَأَنِ احْكُمْ بَيْنَهُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ) [المائدة : ٤٩] واتا: پێغەمبەری خوا حوکم بکە لە نێوانیاندا بەوەی خوای پەوەروەدگار دای بەزاندووە. هەروەها خوای پەوەردگار لە سەرزەنشت کردنی ئەو کەسانەدا کە حوکم بە جگە لە قورئان دەکەن دەفەرمووێت: (أَفَحُكْمَ الْجَاهِلِيَّةِ يَبْغُونَ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّهِ حُكْمًا لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ) [المائدة : ٥٠] واتا: ئایا خەڵکی بە بە پشت کردن لە حوکمی قورئان حوکمی نەفامیان دەوێت؟ بەراستی هیچ حوکمێک نییە باشتر بێت لە حوکمی خوای پەروەدگار بۆ کەسانێک کە زانا و ژیرن و جیاوزی دەکەن لە نێوان حوکمی دادپەوەری و حوکمی نەزانیدا.

٧- مافی گەیاندن وفێرکردنی قورئان: پێویستە لەسەر موسڵمان بانگخواز بێت با قورئانەکەی خوای پەوەردگار و خەڵکی فێری خوێندنەوەی قورئان بکات و حوکمەکانی قورئان بگەیەنێت بە موسڵمانان وەکو پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرمووێت: (بلغوا عني ولو آية) واتا: بيگەیەنن لەمنەوە ئەگەر تەنها ئایەتێکیش بێت. هەروەها لە فەموودەیەکی تردا دەفەرووێت: (نضر الله امرأ سمع منا شيئا فبلغه كما سمع) واتا: خوای پەوەردگار ڕووی ئەو کەسە درەوشاوە بکات کە شتێکمان لێوە دەبیستێت دەیگەیەنێت بەو شێوازەی کە بیستویەتی. (خیرکم من تعلم القرآن وعلمه) واتا: باشترينتان بريتيیە لەوەی کە فێری قورئان دەبێت و خەڵکی فێری قورئان دەکات. هەروەها دەبێت بزانین ئەو قورئانەی خوای پەوەردگار دایبەزاندووە بریتییە لە بازرگانیەکی نەبڕاوە و خێر و پاداشتێکی بەردەوامە.

پاداشتی ئەوانەی مافەکانی تەواوی قورئان دەدەن

  • پلە بەرزی دونیا و دواڕۆژ.
  • دەستکەوتنی پاداشتێکی زۆر.
  • شەفەعاتکاری موسڵمانە لە دواڕۆژدا.
  • تاجی ڕێز وشکۆ دەکرێتە سەری.
  • جل و بەرگی ڕێز و شکۆی لەبەر دەکرێت.
  • دەبێتە ئەهلی خوای پەروەدگار و تایبەتمەندەکانی.
  • ئەو کەسەی قورئان دەخوێنێت باشترین کەسە.
  • هەرکەسێک شوێن قورئان بکەوێت لە دونیادا گومڕا نابێت و لە قیامەتیشدا خەسارەتمەند نابێت. 

ئەگەر پشت بکەین لە بەجێگەیاندنی مافەکانی قورئان ئەوا چەندین خێر وپاداشتمان لەدەست دەچێت و توشی چەندین ناخۆشی دەبین

  • ناخۆشی ناو گۆڕی توش دەبێت.
  • لە قیامەتدا بەکوێری حەشر دەکرێت.
  • رەقبوونی دڵەکان چونکە دڵ بەیادی خوا نەرم دەبێتەوە.
  • چەندین ناخۆشی دیکەش


سەرچاوەکان



46 بینین