چارەسەری هەوکردنی ئاڵووەکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-02-16:12:00 - کۆدی بابەت: 12740
چارەسەری هەوکردنی ئاڵووەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چارەسەری هەوکردنی ئاڵووەکان (بە عەرەبی: علاج التهاب اللوزتین، بە ئینگلیزی: Tonsillitis treatment)، ئەو چارەسەرانەی کە بۆ هەوکردنی ئاڵووەکان بەکاردەهێنرێن بەپێی هۆکاری هەوکردنەکە جیاوازە، بۆ نموونە ئەگەر هۆکارەکەی هەوکردنی ڤایرۆسی بێت، ئەوا زۆرجار کەسی تووشبوو چاک دەبێتەوە بەبێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە چارەسەرێکی تایبەت، تەنها پشت بە چەند ئامۆژگارییەک دەبەستێت و لە ماڵەوە ئەنجامی دەدات بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی، بەڵام ئەگەر هەوکردنەکە بەکتریایی بێت ئەوا بە دەرمانی دژە زیندەیی گونجاو چارەسەر دەکرێت.

لەبەر ئەمانە باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی، یان ئەگەر هەست بە نیشانەکانی هەوکردنی ئاڵووەکان کرا و بە پشوودان لە ماڵەوە باشتر نەبوو، ئەوا گونجاوترە کە پزیشکێکی پسپۆڕ نەخۆشەکە ببینێت، ڕەنگە هەندێک جار پێشنیاری لابردنی ئاڵووەکان بکات بە ڕێگای نەشتەرگەری، ئەمە بەتایبەتی ئەگەر ئاڵووەکانی نەخۆشێک چەندین جار تووشی هەوکردن ببن.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ نەهێشتنی هەوکردنی ئاڵووەکان

شێواز و ڕێگا تاقیکراوەکانی ماڵەوە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی توندی هەوکردن بە شێوەیەکی کاریگەر، بەبێ گوێدان بە هۆکاری بنەڕەتی ئەم ڕێگایانەی خوارەوە چەند هەنگاوێکن کە کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت لەسەر نەخۆش:

پشوودان: واتە خەوتنی پێویست بۆ یارمەتیدانی جەستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن.

خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی: ئاو یارمەتی شێدارکردنی قوڕگ دەدات و دوریدەخاتەوە لە وشکبوونەوە، بۆ نموونە شلە گەرمەکانی وەک شۆربا و ئاوی گەرم لەگەڵ هەنگوین یارمەتیدەرن بۆ نەهێشتنی خرۆشانی قوڕگ.

غەرغەرەکردن بە خوێیاو: غەرغەرەکردن بە خوێیاو یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری قورگ دەدات، گیراوەکە دروستدەکرێت بە زیادکردنی کەوچکێکی بچووک خوێی چێشت بۆ پەرداخێک ئاوی شلەتێن و بە جوانی تێکەڵبکرێت.

شێدارکردنی هەوا: شێدارکردنی هەوای دەوروبەر بە شێدارکەرەوەیەکی هەوا یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە هەوای وشکی جێگەکە کە زیاتر قوڕگ دەخرۆشێنێت.

دوورکەوتنەوە لەو ماددانەی کە قوڕگ توشی خرۆشان دەکەن: وەک جگەرەکێشان و بەکارهێنانی پاککەرەوەی بەهێز.

چارەسەرکردن بە  بەکارهێنانی دەرمان

ئەو بژاردە دەرمانییانەی کە لە حاڵەتی هەوکردنی ئاڵووەکاندا بەکاردەهێنرێن دەتوانرێت دابەشبکرێن بۆ دووکۆمەڵە، یەکەمیان ئەوانەن کە نیشانەکانی نەخۆشی کەم دەکەنەوە، دووەمیش ئەوانەن کە هۆکارەکە لەناو دەبەن، لە خوارەوە زیاتر ڕوونکراوەتەوە:

دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان: وەک ئازارشکێن و کەمکەرەوەی تا، نموونەی ئەمانیش پاراسیتامۆڵ و ئیبوپڕۆفین کە ئازاری قوڕگ کەم دەکەنەوە، یاخود بەکارهێنانی هەندێک نوقڵی پزیشکی کە بە مژینی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری قوڕگ نموونەش وەک سترێپسیل، کە هەموو ئەمانە لە دەرمانخانەکاندا بەردەستن.

دەرمانی دژە زیندەیی: زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی ئاڵووەکان لە ئەنجامی هەوکردنی ڤایرۆسییەوە دروستدەبێت، لەم دۆخەدا تەنها چاودێری کەسی تووشبوو دەکرێت لەگەڵ پێدانی دەرمانێک کە نیشانەکانی کەم بکاتەوە، کە بەزۆری لە ماوەی ٧-١٠ڕۆژدا کەسی تووشبوو چاک دەبێتەوە، پێدانی دژە زیندەیی لە حاڵەتەکانی هەوکردنی ڤایرۆسیدا جگە لە ئەوەی کە چارەسەرناکات بەڵکو هەندێکجار کاریگەریی لاوەکی و خراپ دروستدەکات، واتە دژە زیندەییەکان چارەسەرێکی کاریگەرن تەنها لە حاڵەتەکانی هەوکردنی بەکتریاییدا، نیشانەکانی تەنها لە ماوەی ٢٤-٤٨ کاتژمێردا باشتر دەبن و کاریگەریی دژە زیندەییەکە دەردەکەوێت، بەڵام گرنگە کەسی نەخۆش بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە پزیشک دیاری کردووە بەردەوامبێت لە بەکارهێنانی دەرمانەکە.

چارەسەرکردن بە نەشتەرکاری

نەشتەرگەری لابردنی ئاڵووەکان کە تیایدا ئاڵووەکان بە یەکجاری لادەبرێن، لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتی هەوکردنی بەکتریاییدا ئەنجام بدرێت، لەم دۆخەدا نەخۆشەکە وەڵامی دژە زیندەیی و چارەسەرە بەکارهێنراوەکان ناداتەوە، هەروەها لەوانەیە لە حاڵەتی هەوکردنی درێژخایەندا ئەنجام بدرێت، یان کاتێک هەوکردنەکەی دووبارە دەبێتەوە، دووبارەبوونەوەی هەوکردنەکە بە واتای یەکێک لەم شێوازانەی خوارەوەیە:

  • هەوکردنی ئاڵووەکان لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە حەوت جار ڕووبدات.
  • هەوکردنی ئاڵووەکان لە ساڵێکدا زیاتر لە چوار بۆ پێنج جار ڕووبدات، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەریەک دووبارە ببێتەوە.
  • لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە سێ جار هەوکردنی ئاڵووەکان ڕووبدات، بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک دووبارە ببێتەوە.

هەروەها پزیشک لەوانەیە پەناببات بۆ لابردنی ئاڵووەکان لە ئەگەری دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییانەی کە چارەسەرکردنیان قورسە، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

  • هەناسەبڕان لە کاتی خەودا.
  • سەختی هەناسەدان.
  • سەختی قووتدانی خواردن.
  • دەرکەوتنی دومەڵێك کە وەڵامی ئەو دژە زیندەییانە ناداتەوە کە پێی دەدرێت.

شێوازەکانی ئەنجامدانی نەشتەرکاری

لابردنی ئاڵووەکان بە نەشتەرکارییەکی سادە دادەنرێت، نەخۆشەکە دەتوانێت لەهەمان ڕۆژدا کە نەشتەرکارییەکەی بۆ ئەنجامدەدرێت نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت، چاکبوونەوەشی تەنها ٧-١٤ ڕۆژ دەخایەنێت، ڕێگاکانی نەشتەرکاری بە گوێرەی پزیشکەکان جیاوازن، بەگشتی لە ڕێگەی دەمەوە ئەنجام دەدرێت بە بەکارهێنانی نەشتەر یان لەیزەر یاخود سۆنەر، شایەنی باسە کە هەموو ئەم ڕێگایانە تاڕادەیەک هاوشێوەن لە ئەنجامدا، لە ڕووی پلەی سەلامەتی و ڕێژەی چاکبوونەوەی نەخۆش، هەڵبژاردن لە نێوان ڕێگاکان بەندە لەسەر بنەمای ئەزموون و بۆچوونی پزیشکی نەشتەرکارییەکە.

ئامۆژگارییەکانی دوای لابردنی ئاڵووەکان

جگە لە پێویستی پابەندبوونی نەخۆش بە ڕێنماییەکانی پزیشکی پسپۆڕ، هەندێک ئامۆژگاری هەیە کە یارمەتی چاکبوونەوەی دەدات، ئەوانیش بریتین لە ئەمانە:

  • وەرگرتنی مۆڵەت لە شوێنی کار یان قوتابخانە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ لە هەفتەی یەکەمی دوای نەشتەرکاری بۆ ئەوەی کەسەکە تووشی هەوکردن نەبیت.
  • بەشداری نەکردن لە چالاکییە وەرزشییە چڕەکان کە پێویستی بە هەوڵدانێکی زۆر هەیە.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
  • دڵنیابوونەوە لە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی خواردنی تەندروست، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئایسکرێم و ئەو ماددانەی کە قوڕگ دەوروژێنن وەک ئاوی لیمۆ و بەهاراتەکان، بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژ.
  • دوور کەوتنەوە لە خواردنی ئەسپرین چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری خوێنبەربوون.
  • پابەندبوون بە خواردنی دەرمانەکان بەو شێوەیەی کە پزیشک بۆی دیاری دەکات.


سەرچاوەکان



56 بینین