ئەو شتانەی لەکاتی مردن لێی پەشیمان دەبیتەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-08-15:15:00 - کۆدی بابەت: 12811
ئەو شتانەی لەکاتی مردن لێی پەشیمان دەبیتەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو شتانەی لەکاتی مردن لێی پەشیمان دەبیتەوە (بە عەرەبی: اشياء التي تندم عليها عند الموت، بە ئینگلیزی: Thinges that you will regret about it when you die) مرۆڤ کاتێک دەگاتە تەمەنی پیری و لە دواساتەکانی ژیانێتی زۆرکات لە بەشێک لەو کارانەی کە ئەنجامی داوە پەشیمان دەبێتەوە، خۆزگە و ئاوات دەخوازێت کە کات بگەڕێتەوە یان بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو کارانە ڕاست بکاتەوە کە لێیان پەشیمانە و لە کۆتا ساتەکانی تەمەنی ئازاری دەدەن.

گرنگترین ئەو شتانەی کەمرۆڤ لەکاتی مردن لێی پەشیمان دەبێتەوە

ئەنجامنەدانی خولیا و حەزەکانت
حەز و خولیای مرۆڤ لە هەر بوارێک بێت بۆ خودی کەسەکە گرنگ و بایەخدار وچێژبەخشە، ئەنجامدانی حەز و خولیاکان یان کارکردن لەو بوارەی کە گرنگە بەلاتەوە هۆکاری دڵخۆشی و خۆشبەختی ژیانی کەسەکەن، زۆر کەس بە بیانوو و هۆکاری جیاجیا خولیا و حەزەکانیان پشتگوێ دەخەن و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار حەزەکانیان لەلا کاڵ دەبێتەوە و گرنگی پێنادەن، ئەوانەی لە کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنیانن پەشیمان بوونەتەوە لەوەی کە خولیا تایبەتییەکانیان پشتگوێ خستووە و پەشیمانبوونەتەوە لەو کارانەی کە نەیانکردووە.

ترس لە قسە و تێڕوانینی کەسانی تر
قسە و تێڕوانینی خەڵک و کەسانی تر بۆ هەندێک لە شتەکان گرنگن، بەڵام بەو ڕادەیە گرنگ نین کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خودی کەسەکە دروست بکات، ئەو کەسانەی کە لە دواساتەکانی تەمەنیان بوونە لەوە پەشیمان بوونەتەوە کە لەبەر تێڕوانین و قسەی خەڵک زۆرجار ئەو ژیانە نەژیاون کە ویستیان لێی بووە، یاخوود بەهۆی قسەی کەسی ترەوە دڵگران بوون و تووشی خەم و کێشە بوونە. 

بۆیە قسە و تێڕوانین و ڕەخنەی کەسانی تر تا ئەو ڕادەیە بایەخدارە کە کاریگەری نەرێنی و خراپی لەسەر ژیان و تەندروستی دەروونیت نەبێت، قسە و ڕەخنە بنیاتنەرەکان پێویستە بە هەند وەربگیرێت، بەڵام ڕەخنەی ڕووخێنەری کەسانی تر و تێڕوانین و بۆچوونی هەڵەی ئەوانی تر لەسەر ژیان و ئەو شتەی کە خودی خۆت پێت باشە و پێت ڕاستە گرنگ نییە و پشتگوێی بکە.

بەسەرنەبردنی کات لەگەڵ خێزان
بەهۆی سەرقاڵییەکانی ژیان و خوێندن و کارکردنەوە دەکرێت مرۆڤ کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و منداڵ و کەسە نزیک و هاوڕێکانی پشتگوێ بخات، هیچ کارێک و هیچ کەسێک جێگرەوەی خێزان نییە، بۆیە دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و کەسە نزیکەکان و نزیکبوونەوەی زیاتر لێیان دەکرێت هاوکار بێت کە لە داهاتوودا ئەم هەستەت لەلا دروست نەبێت.

دەرنەبڕین و هەڵاتن لە هەستەکان
دەرنەبڕینی هەست و سۆز و هەڵاتن لە هەستەکان هۆکاری زۆرێک لە کێشە و خەم و ناکۆکییەکانی مرۆڤن، زۆرێک لەوانەی کە گەیشتوونەتە دواساتەکانی تەمەنیان هەمیشە لەوە پەشیمان بوون کە هەست و سۆزی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ خێزان و دۆست و هاوڕێکانیان دەرنەبڕیوە، بۆیە هەرکاتێک دەرفەت ڕەخسا پێویستە خۆشەویستی و هەستی خۆت بۆ ئەو کەسەی کە گرنگە بەلاتەوە یان بۆ خێزانەکەت دەرببڕیت و هیچ کات بە بیانووی جیاجیا لە بابەتەکە ڕانەکەیت و هەستەکانت لە ناختدا بە قەتیسکراوی مەهێڵەوە.

کارکردنی زۆر
کارکردنی زۆر و نەبوونی کاتی بەتاڵ و زیادەڕۆیی لە کارکردن خۆشی و چێژی ژیان لەناودەبات، ئەم خاڵە زۆرێک لە بەساڵاچوان لەکاتی نەخۆشی و پەککەوتەیی لێی پەشیمانن، کارکردن و ئەنجامدانی ئەرکەکان هیچ کات کۆتاییان نایەت، بۆیە دانانی پلان و خشتە و کاتێکی تایبەت و دیاریکراو دەکرێت هاوکار بێت لەوەی کە کار و ئەرکەکان بە شێوەیەکی سنووردار ئەنجام بدرێت.

قبوڵ نەکردنی خودی خۆت و کەسایەتت
هەمو مرۆڤێک خاوەن تایبەتمەندی جەستەیی و دەروونی و کەسایەتی تایبەتی خۆیەتی، چەند تایبەتمەندییەکی مرۆڤ هەیە کە نەگۆڕە و جێگیرە، بۆیە پەسەندکرنی لایەنە نەرێنی و جێگیرەکانی کەسایەتیت هاوکاریت دەکات لەوەی کە ژیانێکی سادە بژیت، ئەوانەی کە لە دواساتەکانی تەمەنیانن خۆزگە و ئاواتی ئەوە دەخوازن کە ژیانیان بگەڕێتەوە و خۆیان قبوڵ بکەن بەو شێوەیەی کە هەبوون و خۆزگە دەخوازن که بۆ کەسانی تر خۆیان کەسایەتی نەگۆڕیایە.

گەورەکردنی کێشەکان و خەمخواردنی زۆر
ژیانی هەر مرۆڤێک لە خەم و کێشە خاڵی نییە، بەڵام بەشێک لە کەسەکان گرنگی زیاتر بە وردەکاری شتەکان دەدەن بۆیە کە کێشە و خەمەکانیان لەلا زیاتر گەورە دەبێت، ئەو کەسانەی کە گەیشتوونەتە تەمەنی پیری و لە ساتەکانی کۆتایی تەمەنیانن زۆرجار لەوە پەشیمان بوونەتەوە کە گرنگی زۆر و لەڕادەبەدەریان بە کێشەکانیان داوە، هەر کێشەیەکیان هەبووبێت لە کۆتاییدا بە هەر جۆرێک بێت چارەسەر بووە.


سەرچاوەکان



54 بینین