ڕێژەی ترشێتیی پێست چییە؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-05-13-21:06:00 - کۆدی بابەت: 12897
ڕێژەی ترشێتیی پێست چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێژەی ترشێتی یان پی ئێچ (بە ئینگلیزی: Potential hydrogen (pH)) بریتییە لە دیاریکردنی ئاستی ترشێتی ماددەیەک. مەودای ڕێژەی ترشێتی بریتییە لە ژمارە ١ تاکوو ١٤، لە ژمارە ٧ کەمتر ترشە ژمارە ٧ هاوسەنگە، لە کاتێکدا لە ژمارە ٧ زیاتر تفتە. پێویستە بزانرێت کە ڕێژەی ترشێتی پێستێکی تەندروست ئاستی ترشییەکەی زیاترە، تاکوو ڕێژەی ترشێتی پێست ترشتر بێت ئەوا پێست باشتر دەتوانێت دژی میکرۆبە زیانبەخشەکان و تەنۆلکە سەربەستەکان (تەنۆلکەی سەربەست پڕۆسەی پیربوون خێرا دەکات) بجەنگێت. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتنەوەی ترشێتی پێست لە ئاستێکی هاوسەنگدا کارێکی ئاسان نییە.

پەیوەندی نێوان پێست و ڕێژەی ترشێتی

وەک زانراوە ئاستی ترشێتی هاوسەنگ بریتییە لە ٧، هەر ماددەیەک کە ئاستی ترشێتییەکەی لە ٧ زیاتر بێت تفت (ئەلکەلاینە)، هەر ماددەیەکیش ترشێتییەکەی لە ٧ نزمتر بێت ترشە. پێست دەکرێت مەودایەکی فراوانی ترشێتی هەبێت کە دەکەوێتە نێوان ٤ و ٧. بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە باشترین ئاستی ترشێتیی پێست لە ٥ کەمترە.

منداڵی تازەلەدایکبوو پێستی هەموو لەشی ترشێتییەکەی لە ئاستێکی بەرزدایە. تاکوو منداڵ گەورەتر ببێت، ڕاستەوخۆ ئاستی ترشێتی پێستی کەم دەبێتەوە. بە تێکڕا ترشێتی پێستی منداڵی تازە لەدایکبوو نزیکەی حەوتە. لە کاتێکدا کە ترشێتی پێستی مرۆڤێکی پێگەیشتوو دەکاتە ٥٫٧.

بەپێی شوێنی لەشی مرۆڤ ئاستی ترشێتی پێست دەگۆڕێت. ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەرکەوتنیان هەیە و هەوا و تیشکی خۆر کەمتر بەریان دەکەوێت، وەک بنباڵ و ناوچە هەستیارەکانی لەش زیاتر ترشن، بە پێچەوانەوە ڕووخسار و سنگ و دەستەکان زیاتر تفتن. ئەم جیاوازیی ترشێتییە زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی چینی ترشیی پێست.
ئەو هۆکارانەی تر کە کاردەکەنە سەر ئاستی ترشێتی پێست بریتیین لە:

  • چەورییە ڕژێنەکان و شێداریی پێست.
  • ئارەقکردنەوە.
  • ناوچەوی لەش
  • بۆماوەیی و تەمەن.
  • ماددە پاککەرەوەکان.
  • ماکیاج و بابەتی جوانکاری و گرنگیدان بە پێست.
  • بەرهەمە دژەبەکتریاکانی وەک سابوون و جێڵ.
  • هەندێک نەخۆشیی پێست.

ئەم هۆکارانە دەکرێت ببنە هۆی ناهاوسەنگی ئاستی ترشێتی پێست. بوونی پێستێک کە ئاستی ترشێتییەکەی زۆر بەرز بێت، زیاتر ئەگەری تووشبوونی بە زیپکە هەیە.

چۆن ڕێژەی ترشێتی پێستت دەپشکنیت؟

ئەمە چەند ڕێگایەکە کە دەتوانیت لەڕێگەیەوە ئاستی ترشێتی پێستت بپشکنیت:

ستریپی پشکنین لە ماڵەوە

جۆرێکە لە ستریپی کاغەزی و دەخرێتە سەر پێست، لەڕێگەیەوە دەتوانیت خۆت لە ماڵەوە ئاستی ترشێتی پێستت دیاری بکەیت. ستریپی ماڵەوە دەکرێت بە بەراورد بە پشکنین لای پزیشکی پێست ئەنجامێکی زۆر وردت پێ نەبەخشێت، چونکە دەتوانیت لەڕێگەی پشکنینی لیک یان میزەوە تێکڕای ترشێتی لەشت بپێویت، بەڵام بە وردی ناتوانێت ترشێتی پێستت دیاری بکەیت.

لەڕێگەی پزیشکەوە

پزیشکی پێست زۆرجار پشکنین بۆ ئاستی ترشێتی پێست دەکات، تاکوو لە ڕێگەیەوە بتوانێت بەرهەمی گونجاو بۆ چارەسەر یان گرنگیدان بە پێستی نەخۆش دیاری بکات.

چاودێری و خەمڵاندن

دەکرێت لەڕێگەی چاودێرییەکی وریایانە و وردی خۆتەوە بتوانیت وێنای ئاستی ترشێتی پێستت بکەیت. ئەو پێستەی کە دەرکەوتەیەکی تەندروستی هەیە و وشکبوونەوەی نییە، دەکرێت ئاستی ترشێتییەکەی بە هاوسەنگ بخەمڵینرێت. لە کاتێکدا کە کزانەوە، وشکبوونەوە، سووربوونەوە، زیپکە و خوران دەکرێت هەمووی نیشانە بن بۆ بەرزیی ڕێژەی ترشێتی پێست و تفتێتی زیاتری پێست.

چۆن هاوسەنگی ڕێژەی ترشێتی ڕادەگریت؟

ئەم چەند خاڵەی خوارەوە یارمەتیدەرن بۆ هێشتنەوەی ڕێژەی ترشێتی پێست لە ئاستێکی هاوسەنگدا:

شۆردنی ڕووخسار بە پاککەرەوەیەکی نیان

پاککەرەوەی نیان واتە پاککەرەوەیەک هەڵبژێریت کە پێکهاتەکانی زۆربەی لە سروشت و ڕووەکەوە سەرچاوەی گرتبێت، هەروەها بەتایبەت بۆ پاککردنەوە و شۆردنی ڕووخسار دروست کرابێت. بەڵام باشترە بزانرێت ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت ئەو ئاوەی ڕووخساری پێ دەشۆردرێت کاربکاتە سەر پێست.

دەکرێت تاکوو پاککەرەوەی ڕووخسارەکەت تفتتر بێت، زیاتر پێست تووشی کزانەوە ببێت. تاکوو پاککەرەوەی ڕووخسار ترشتر بێت زیاتر یارمەتیدەرە تاکوو پێست دژی زیپکە بجەنگێت. ئەو بەرهەمی گرنگیدان بە پێستانەی کە پێکهاتەکانیان زیاتر ترشن دەکرێت یارمەتیدەربن بۆ بوونی پێستێکی تەندروست و دووربوون لە نەخۆشیی پێست. هەوڵبدە کاتێک بەرهەمێکی پاککەرەوەی پێست دەکڕیت، ئەوانە هەڵبژێریت کە ڕێژەی ترشێتییان لە چوار یان کەمترە. (هەموو بەرهەمێک ئاماژە بە ڕێژەی ترشێتییەکەی نەکراوە).

ڕوونکەرەوەی پێست بەکاربهێنە

ڕوونکەرەوە یان تۆنەری پێست بەتایبەت تۆنەری هەڵبژاردەی پاولا (Paula’s Choice, skin toner) ئاساییانە ڕێژەی ترشێتییەکەی لەنێوان پێنج و حەوتدایە، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەر تفتێکی کاریگەر مابێت لەسەر پێستت هاوسەنگی بکات. تۆنەر بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە کە نەخۆشی پێستی وەک ڕۆزەیشیایان هەیە. بۆیە باشترە پێش بەکارهێنانی ڕاوێژ بە پزیشکی پێستەکەت بکەیت.

شێدارکەرەوە

بەردەوامبە لەسەر بەکارهێنانی شێدارکەرەوە، بەپێی جۆری پێست و وەرز شێدارکەرەوەی گونجاو بۆ پێستت بەکاربهێنە.

پوختە

ڕێژەی ترشێتی پێست تەنها یەکێکە لە لایەنەکانی پاراستنی تەندروستی پێست. گرنگیدان بە پێست بە بەکارهێنانی پاککەرەوە و شێدارکەرەوەیەکی گونجاو، یارمەتیدەرە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگیی چەوریی پێست و بە تەندروست هێشتنەوەی پێست.

ڕۆژانە بەکارهێنانی دژەخۆر بە هەمان شێوە گرنگە بۆ پاراستنی پێست دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر. هەر کێشەیەکی پێستی وەک زیپکە یان کزانەوە و خوران باشترە لەگەڵ پزیشکی تایبەتی پێست ڕاوێژی بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دیاری بکرێت.


سەرچاوەکان



2971 بینین