بزوتنەوەی تاڵیبان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-17-12:09:00 - کۆدی بابەت: 126
بزوتنەوەی تاڵیبان

ناوه‌ڕۆك

تاڵیبان

بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی ئیسلامی سوننەی سیاسی چەکدارە، ئۆپۆزسیۆنەکانی بە هێزێکی توندڕەوی پەڕگیر دەیناسێنن، بەڵام سەرکردەکانی پێیانوایە کە پەیڕەوی دەستووری ئیسلام دەکەن، دامەزرێنەری بزوتنەوەکە مەلا محەمەد عومەرە کە بە مەلا عومەر دەناسرێت و لە ساڵی ١٩٩٤ دایمەزراندووە، ساڵی ١٩٩٦ دەستی بەسەر شاری کابولدا گرت و حکومەتی ئیسلامی دامەزراند، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ بۆ جاری دووەم وڵاتی ئەفغانستان دەگرێتەوە و دەبێتە فەرمانڕەوا و ئەمیری ئێستای بزوتنەوەکە هەببەتوڵا ئاخوند زادەیە.

ساڵانی چالاکی
  • ١٩٩٤ - ١٩٩٦ (میلیشا)
  • ١٩٩٦ - ٢٠٠١ (حکوومەت)
  • ٢٠٠١ - ٢٠٢١ (ئۆپۆزسیۆن و شەڕی پارتیزانی)
  • ٢٠٢١ - ئێستا (حکوومەت)
ئایدۆلۆژیا
  • حکوومەتداری
  • پەشتونوالی (ڕەوشتی پەشتوونییەکان)
  • نەتەوەیی
  • ئایینی
سەرکردەکان
  • مەلا عومەر
  • ئەختەر محەمەد مەنسوڕ
  • هەببەتوڵا ئاخوند زادە
  • مەلا محەمەد ڕەسول

دامەزراندن

وشەی تاڵیبان واتە (قوتابییەکان) و وشەیەکی پەشتونییە، دوای جەنگی یەکێتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان چەندین هێزی چەکداری دژی داگیرکاری سۆڤیەت دروستبوون، دواتریش لەگەڵ کشانەوەی سۆڤیەت ئارامی لە وڵات هەڵگیرا و سەقامگیری نەبوو، ساڵی ١٩٩٢ مەلا عومەر ڕایگەیاند کە دژی فەسادی ئەخلاقی دەوەستێتەوە و لەلایەن قوتابییەکانییەوە پاڵپشتی کرا و بەیعەتی پێدرا لە ساڵی ١٩٩٤.

لە بەهاری ساڵی ١٩٩٤ هەواڵی ڕفاندن و دەستدرێژی کردنە سەر دوو کچ لە ویلایەتی قەندەهار بڵاوبوویەوە لە یەکێک لە بازگەکانی ئەفغانستان، بۆیە مەلا عومەر ٣٠ کەس لەگەڵ خۆی کۆدەکاتەوە و کچەکان ئازاد دەکات و ڕفێنەرەکە لەسێدارەدەدات.

دوای ئەم ڕووداوە مەلا عومەر هەڵدێت بۆ بەلوچستانی وڵاتی پاکستان و لە پاییزی هەمان ساڵ لەگەڵ ١٥٠٠ چەکدار گەڕایەوە و پارێزگاری لەو قافڵە بازرگانییانە دەکرد کە بەرەو تورکمانستان دەڕۆشتن، بەڵام ڕاپۆرتەکان دڵنیای دەکەنەوە کە ئەو سەربازانە سەربازی پاکستانی بوون و تاڵیبان نەبوون، بەمەش هاوکاری ماددی و مەعنەوی و سەربازی پاکستان بۆ تاڵیبان ڕوونبوویەوە.

داگیرکردنی ئەفغانستان

دوای داگیرکردنی قەندەهار، لە ٥/٩/١٩٩٥ تاڵیبان هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هێزەکانی ئیسماعیل خان لە شاری هیرات، لە زستانی هەمان ساڵیش هێرشی کردە سەر کابولی پایتەخت و گەمارۆی شارەکەی دا، ڕێگاکانی شارەکەی داگیرکرد، بەهۆی ئەمەشەوە هەریەک لە دوو سەرۆک بورهانەدین ڕەبانی و غەلەبەدین حکمتیار ئاشتییان بەرامبەر یەک ڕاگەیاند کە پێشتر لە جەنگدابوون دژی یەکتری، و یەکیان گرت دژی تاڵیبان، لە ٢٦/٩١٩٩٦ هەردوو سەرۆک شاری کابولیان جێهێشت و بەرەو باکوور هەڵهاتن و تاڵیبانیش شاری کابولی گرت و ئیماڕەتی ئەفغانستانی ئیسلامی دامەزراند. 

دوابەدوای داگیرکردنی کابول، پاکستان دانی نا بە حکوومەتەکەدا و لە ڕۆژی دواتریش سعودیە دانی بە حکوومەتەکەدا نا، دوای ماوەیەکیش ئیماڕات هەمان بڕیاری دا.

تاڵیبان زۆرینەی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو جگە لە بەشی باکوور کە هاوپەیمانی ناتۆ دەسەڵاتی بەسەریدا هەبوو، جگە لەو سێ وڵاتە هیچ وڵاتێکی دیکە دانی بە حکوومەتی نوێی ئەفغانستان نەنا و ڕەبانییان وەک سەرۆک دەناسی لەگەڵ ئەوەی دەیانزانی هیچی لە دەسەڵاتدا نییە.

تاڵیبان هاوکارییەکی زۆری لە شانشینی سعودیەوە وەرگرت، سعودیە ساڵانە دوو ملیۆن دۆلاری بۆ دوو زانکۆ و ٦ بنکەی تەندروستی و بەخێوکردنی ٤٠٠٠ بێباوک ئامادەکردبوو.

لە ٢٢ـی ئەیلوولی ٢٠٠١ بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە هەریەک لە ئیماڕات و سعودیە پاڵپشتی خۆیان بۆ بزوتنەوەکە کشاندەوە و ئەوەی مایەوە بە تەنیا پاکستان بوو، دواتریش لە مانگی ١٠ـی هەمان ساڵ ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و حکوومەتی تاڵیبانیان ڕووخاند.

داگیرکردنەوەی ئەفغانستان - ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار: پەیماننامەی ئاشتی ئەمریکا و تاڵیبان

لە مانگی ئابی ٢٠٢١ بۆ جاری دووەم تاڵیبان چەندین ناوچەی گەورەی وڵاتەکەی داگیرکرد و لە ١٥ـی مانگیش شاری کابولی داگیرکرد لەدوای ڕاکردنی سەرۆکی وڵات شەرەف غەنی لە وڵاتەکە، لە ١٦ـی ئابی ٢٠٢١ جارێکی دیکە حکوومەتی ئیسلامییان دامەزراندەوە.

ئایدۆلۆجیاى تالیبان

تالیبان بزوتنەوەیەکى ئیسلامى سونییە و لەسەر مەزهەبی حەنەفین، زۆربەى ئەندامەکانى لە پەشتۆنییەکانن کە زیاتر لە %٤٨ـی وڵاتەکە پێکدەهێنن.

بزوتنەوەکە هەڵگری ئایینزای حەنەفییە و پابەندن بە جێبەجێكردنی حوكمە شەرعییەكان بەپێی ئایینزای حەنەفی، هاوكات بزووتنەوەكە كاریگەربووە بەو میتۆدی خوێندنەی لە قوتابخانەی خوێندنی زانستە شەرعییەكان پەیڕەوی لێدەكرێت.

ئامانجەکان

١ - دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لەسەر پەیڕەوی خەلافەتی ڕاشدین.
٢ - دەبێت ئیسلام ئایینی فەرمی گەل و حكومەت بێت.
٣ - دەبێت كەسانی زانا و پابەند بە ئایین دیاری بكرێن بۆ گرتنە دەسەتی دەسەڵات و پۆستەكانی حكومەت.

٤ - ڕیشەكێشكردنی دەمارگیری نەتەوایەتی و خێڵەكی.
٥ - پارێزگاری لە ئەهلی سوننە و ئەوانەی پەنایان هێناوەتە بەر ئەفغانستان بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام.
٦ - بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی وڵاتان و ڕێكخراوە ئیسلامییەكان.

٧ - باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی بەگوێرەی بنەما شەرعییەكان.
٨ - جەختكردنەوە لەسەر پۆشینی حیجاب لەلایەن ئافرەتانەوە لە تەواوی دۆخەكاندا.
٩ - دامەزراندنی دەستەی فەرمان بە چاكە و ڕێگری لە خراپە لە سەرانسەری وڵاتدا.

١٠ -قەدەغەكردنی ماددەی هۆشبەر و وێنە و فیلمی نەشیاو لە سەرانسەری وڵات.
١١ -سەربەخۆیی دادگا شەرعییەكان لە سەرجەم ویلایەتەكان.
١٢ -پەیڕەوكردنی میتۆدی ئیسلامیی لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە زانكۆكانیشەوە.
١٣ -لە هەموو بابەتە سیاسیی و نێودەوڵەتییەكاندا بەپێی قورئان و سوننەت مامەڵە بكرێت.

هۆکارەکانی گەورەبوونی تاڵیبان لە ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٤

1 – بەردەوامی جەنگی ناوخۆی گرووپە ئەفغانییەكان بە هۆی ململانێیان لەسەر دەسەڵات، هەر لایەكیان خۆی بە شایستەی دەسەڵاتداری ئەفغانستان دەزانی، ئەم ململانێ و شەڕە ناوخۆییەش زیانێكی گیانی و ماددی زۆری لە ئەفغانییەكان دا، بۆیە دەركەوتنی هێزێك كە بانگەشەی كۆتایی بەو دۆخە بكات بە گشتیی لەسەر ئاستی جەماوەری پێشوازی لێدەكرا.

2- پشێوی و نەمانی ئاسایش: دوای پاشەكشەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەت و جەنگی ناوخۆی گرووپە ناكۆكەكانی ئەفغانستان، ئەو وڵاتە تووشی دۆخێكی سەخت بوو، هێمنی و سەقامگیری تێدا نەما، هەر گرووپە و ناوچەیەكی دابڕیبوو بۆخۆی حوكمڕانی تێدا دەكرد، بێ ئەوەی رێزی یاسا بگرێت، ئەمەش مەترسییەكی گەورەبوو لەسەر یەكێتی وڵاتەكە، بۆیە دەركەوتنی تاڵیبان بەلای خەڵكەوە بە جۆرێك لە رزگاری و فریادەڕەس لەو دۆخە لێی دەڕوانرا.

3- بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، راوڕوت و یاساشكێنی، بە جۆرێك چەندین پێكدادانی چەكداری لە نێوان گروپی جیاواز لەناو سەنتەری شارەكان روویدەدا، بە هۆیەوە جگە لە زیانی گیانی دزی و راوڕووت پەرەیسەندبوو، تەنانەت كار گەیشتبووە بڕینی هەندێك رێگای سەرەكی، ئەمە وێرای ئەوەی هەندێك لە سەركردەكان دەستیاندابویە بازرگانی بە بەرد و كانزای گرانبەهاوە، تاڵیبانیش لە سەرەتاوە بانگەشەی نەهێشتنی ئەم دیاردە و سزادانی تاوانبارانی كرد، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەر.

4- كاریگەری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان: پاكسان خوازیاری دروستبوونی حكومەتێك بوو لە ئەفغانستان كە هاوكاری بێت لە كارئاسانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، بۆیە حكومەتەكەی بورهانەدین رەبانی و ئەحمەد شا مەسعودی بە هاوكار و نزیك لە هیندستانی نەیاری دەزانی، ئەمەش وای كرد كە هاوكاری تاڵیبان بكات لە رووخاندنی ئەو حكومەتە و هاتنەسەركاری تاڵیبان، دەوترێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەسەرەتادا ئەمەریكا لە دەركەوتنی تاڵیبان نیگەران نەبووە و بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خۆی نەزانیوە، بەڵام دواتر و بەتایبەت كە تاڵیبان بووە هاوكاری ڕێكخراوی قاعیدە، ئەمەریكا كەوتە دژایەتی و لە چوارچێوەی نەیارانی خۆی ئەژماری كرد.

حوکمڕانی

مەلا محەمەد عومەر وەك كەسی یەكەمی ئەفغانستان و ئەمیری بزووتنەوەكە بەیعەتی پێدرابوو، ئەو دەسەڵاتێكی بەرفراوانی هەبوو بۆ بەڕێوبردنی كاروبارەكانی، هیچ ماوەیەك بۆ حوكمڕانی دانەنرابوو، وەك خەلیفەیەك ئەژمار دەكرا كە لەلایەن ئەهلی حەلوعەقدەوە هەڵبژێردراوە و بەیعەتی پێدراوە و لەسەر هەمووان بوو گوێڕایەڵی فەرمانەكانی بن و تەنها لە حاڵەتی بێتوانایی لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی، یاخود سەرپێچیكردنی شەریعەت دەسەڵات لەدەستدەدات، بۆیە تا مردنی بەردەوام دەبێت لە سەرۆكایەتی، ئەو ئەنجومەنێكی بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانی كابول بە سەرپەرشتی خۆی پێكهێنابوو، هاوكات ئەنجومەنی وەزیران هەبوو كە هەفتانە كۆدەبویەوە و كاروباری وڵاتی دەبرد بەڕێوە، ئەنجومەنی فەتوای دامەزراندبوو بۆ راپەڕاندنی كاروبارە شەرعییەكان، بۆ هەر ویلایەتێكیش والیەكی دانابوو كە دەسەڵاتێكی بەرفراوانی هەبوو، هەر والیەكیش ئەنجومەنێكی شورای هەبوو كە ڕاوێژی پێدەكردن لە بەڕێوەبردنی كاروباری ویلایەتەكە، كاروبارە سەربازیەكانیش لەلایەن ژمارەیەك سەركردەوە بەرێوەدەبران كە راستەوخۆ فەرمانیان لە مەلا محەمەد وەردەگرت.

مێژووی زنجیرەیی

  • لە ٢٥/٥/١٩٩٧ حکوومەتی پاکستان دانی بە حکوومەتەکەدا نا.
  • ساڵی ٢٠٠٠ تاڵیبان توانی %٩٠ـی وڵاتەکە داگیربکات.
  • دوای ڕووداوەکانی ٢٠٠١ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەریەک لە ڕێکخراوی قاعیدە و تاڵیبانی بە هۆکاری تیرۆر خستە لیستی تیرۆرەوە.
  • لە ٢٢/٩/٢٠٠١ سعودیە و ئیماڕات بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە داننانی خۆیان کشاندەوە بۆ حکوومەتەکەی تاڵیبان.
  • لە مانگی دەی ٢٠٠١ ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەفغانستانیان داگیرکرد، لە باکووریشەوە ناتۆ و بەرەی ئیسلامی نەتەوەیی بۆ ئازادی ئەفغانستان هێرشیان کرد و حکوومەتەکەیان ڕووخاند.
  • تاڵیبان لەدوای ٢٠٠١ چووە شەڕێکی پارتیزانییەوە و لەڕێگای خۆکوشتن و خۆتەقاندنەوە و بۆمبڕێژکردنەوە چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا دژی هێزی سەربازی و خەڵکی سڤیل، کە بووە هۆی کوشتنی ٣٠٠٠ سەربازی هاوپەیمانان.
  • بەهۆی بەهێزی بزوتنەوەکەوە چاودێریان پێیانوابوو شەڕکردن چارەسەر نییە و پێویستە دانووستان بکرێت، لە ٢٠١٢ گفتوگۆی ئاشتی دەستی پێکرد و لە بەهاری هەمان ساڵ هەڵوەشایەوە. 
  • ساڵی ٢٠١٣ لە قەتەڕ نووسینگەیەکی بزوتنەوەی تاڵیبان کرایەوە بە مەبەستی بەردەوامی دانوستان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتییانە، قەتەڕ ئەو نوسینگەیە وەک نوسینگەی سیاسی تاڵیبان دادەنێت نەک نوسینگەی ئیمارەتی ئەفغانستانی ئیسلامی، 
  • ساڵی ٢٠١٤ تاڵیبان و ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی سەربازێکی ئەمریکی کە ماوەی پێنج ساڵ دەستگیرکرابوو بەرامبەر ئازادکردنی پێنج سەرکردەی بزوتنەوەکە کە لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بوون.
  • ساڵی ٢٠١٤ تاڵیبان مانەوەی هێزی هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان لەدوای ١٣ ساڵ بە شکستخواردوو وەسف کرد.
  • ساڵی ٢٠١٥ و دوای کۆچی دوایی مەلا عومەر ئەنجوومەنی شورا لە ٢٩/٧/٢٠١٥ مەلا ئەختەر مەنسووڕیان کردە سەرۆکی بزوتنەوەکە.
  • ساڵی ٢٠١٦ مەلا ئەختەر بەهۆی بۆردومانێکی ئەمریکییەوە دەکوژرێت و دوای ئەو هەببەتوڵا دەبێتە ئەمیری تاڵیبان.


سەرچاوەکان



4998 بینین