ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەولەتى

له‌لایه‌ن: - شێرزاد حه‌سه‌ن - به‌روار: 2020-06-06-17:08:00 - کۆدی بابەت: 116
ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەولەتى

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی  ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەولەتى

ڕێکخراوێکە گرنگى دەدات بە مافەکانى مرۆڤ، بەشێوەیەکى سەربەخۆ لەسەرجەم "حکومەتەکان و ئایدۆلۆجییە سیاسییەکان وبەرژەوەندییە ئابوریی وئایننیەکان" کاردەکات، پارێزگاریکردن لە مافی ژنان وستەملێکراوان وزیندانییەکانى کردۆتە ئامانجى سەرەکى خۆى.

دامه‌زراندن

پارێزەرى بەریتانى "پیتەر بینینسۆن" بەر لە چل ساڵ ولەئاکامى حوکمدانى قوتابییەکى پورتوگالی بەناحەق بەزیندانیکردنى بۆ ماوەى حەوت ساڵ هەڵسا بە دامەزراندنى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، لەو کاتەدا لە نوسینێکدا بۆ ڕۆژنامەى ئۆبزێرڤەرى بەریتانى داواى هەڵمەتێکى ناڕەزایەتى کرد بەمەبەستى شەرمەزارکردنى دەسەڵاتەکان لەتەواوى جیهاندا وەک بەرگریکردنێک لە " زیندانییە لەبیرچووەکان".

لە 28 ى ئایارى 1961، ڕۆژنامەى ناوبراو هەڵمەتەکەى خۆى ڕاگەیاند کە ماوەى ساڵێکى پێچوو لەژێر ناونیشانى" بانگەوازێک بۆ لێبوردەیی 1961"، تیایدا داواى لەهەموو کەسێک دەکرد کە ناڕەزایەتتی خۆى دەرببڕێت لەسەر زیندانیکردنى هەر کەسێک بەهۆى بیروبۆچونى سیاسییەوە یان بەهۆى بیروباوەڕى ئایینییەوە.

بارەگا

بارەگاى سەرەکى ئەم ڕێکخراوە دەکەوێتە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا ولە نزیکەى هەشتا وڵات لقى هەیە.

ئامانجەکان

ڕێکخراوەکە چەند ئامانجێکى بۆ خۆى دیاریکردووە وەک: نەهێشتنى توندوتیژى دژ بە ژنان، پارێزگاریکردن لە مافەکان وکەرامەتى ئەو کەسانەى کەوتونەتە ناو دۆزەخى هەژارییەوە، هەڵوەشاندنەوەى سزاى لەسێدارەدان، دژایەتیکردنى ئازاردان وجەنگ لەگەڵ "تیرۆر" دا لەڕێگاى دەستەبەرکردنى دادوەرییەوە، ئازادکردنى ئەو زیندانیانەى بەهۆى بۆچونەکانیانەوە زیندانیکراون، پارێزگاریکردن لەمافی ئاوارە وڕاگوێزراوەکان، هەروەها ڕێکخستنى بازرگانى جەنگ لەسەر ئاستى جیهان.


ئەم ڕێکخراوە – کەخاوەنى خەڵاتى نۆبڵە بۆ ئاشتى لەساڵى 1977- لەفەلسەفەو بۆچونەکانیدا پشت بە ڕاگەیاندنى نێونەتەوەیی مافەکانى مرۆڤ دەبەستێت کەلە 10 ى کانونى یەکەمى ساڵى 1948 ڕاگەیەنرا.

بەپێى ماڵپەری فەرمى ئەم ڕێکخراوە لەسەر ئەنتەرنێت، زیاتر لە 2.8 ملێۆن ئەندام وهاوکارى هەیە لە زیاتر لە 150 وڵات وناوچەکانى جیهاندا.


ئەم ڕێکخراوە لەبوارى پاڵپشتى داراییەوە پشت دەبەستێت بە کەسەکان وکۆمپانیاکان بەڵام پاش ئەوەى کە بەووردى پشکنینیان بۆ کردبێت، بەهیچ جۆرێک هیچ بڕە پارەیەک کەپێویستە لە هیچ پارت وحکومەتێک وەرناگرێت بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لەڕەوشى مافەکانى مرۆڤ.

ئەم ڕێکخراوە زانیارییەکان لە زیندانییەکانەوە یان لەوکەسانەى کە مافەکانیان پێشێل کراوە یان نوێنەرەکانیان یان کەس وکاریانەوە وەردەگرێت، هەروەها پارێزەران وڕۆژنامەنوسان وپەنابەران ودیبلۆماتکاران، دامەزراوە ئایینییەکان وچالاکوانەکانى کۆمەڵکا وپارێزەرانى مافەکانى مرۆڤ سەرچاوەیەکى دیکەى زانیاریین.

پەیکەرییەتى ڕێکخراوەکە

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە سکرتارییەتێکى نێودەوڵەتى پێکدێت کە: ئەرکى ئەنجام دانى لێکۆڵێنە وئامادەکردنى ڕاپۆرتەکان، ئامادەکردنى بەراییە یاساییەکان بۆ ئەو داتا وزانیارییانەى دەگاتە دەست ڕێکخراوەکە، هەروەها چاودێریکردنى بارودۆخى دارایی ڕێکخراوەکە دەگرێتە ئەستۆ.

سکرتێری گشتى بەرپرسی جێبەجێکارى سکرتارییەتى نێودەوڵەتییە وتیمێک لەگەورە یاریدەدەران هاریکاریدەکەن.

سەرچاوەى دارایی

ئەندامان پابەند دەکرێن بەپێدانى ئابونەى بوون بەئەندام، هاوسۆزەکان بەخشین دەدەن بە ڕێکخراوەکە، چالاکوانەکان بەشدارى چالاکییەکانى ڕێکخراوەکە دەکەن وەک بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان وواژۆ کردن لەسەر داواکارییەکان.


سەرچاوەکان



2389 بینین