هەڵوێستی پێغەمبەر لە غەزاکاندا

له‌لایه‌ن: - نیهاد جه‌لال - به‌روار: 2019-09-12-17:30:00 - کۆدی بابەت: 46
هەڵوێستی پێغەمبەر لە غەزاکاندا

ناوه‌ڕۆك

هەڵوێستى پێغەمبەر لە غەزاكاندا

پێغەمبەری خوا لە قۆناغى مەدینەدا تا کاتى وەفاتى نۆزدە غەزاى ئەنجامدا، لە هەشت غەزایاندا بەشداری جەنگى کرد، سەبارەت بە سەریەکانیش راجیایی هەیە، هەر لە چل و حەوتەوە هەتا سەد سەریە باسکراوە.

لە دیارترین ئەو غەزایانەى ئایەتیان لە بارەوە دابەزیوە بریتین لە (بەدر، ئوحود، خەندەق، خەیبەر، فەتحى مەککە، حونەین، تەبووک).

 

هەنگاوەکانى پێش جەنگ

پێغەمبەری خوا هەوڵی داوە هەتا بکرێت بەشداری لە سوپادا خۆبەخشانە بێت و لە چەند حاڵەتێکی تایبەتدا نەبێت بەشداری گشتی پەیڕەو نەکردووە.

لە کاتى واجبیشدا رەچاوى پیر و پەککەوتەو ئافرەت و منداڵ کراوە.

هێندەى لە توانادا بوبێت لە رووی چەک و تفاقەوە ئامادەکاری پێشوەختەى کردووە.

ناونووسکردنی پێشوەختەى بەشداربوانی غەزاکە.

پێش دەرچوونى کاروباری ناوخۆی مەدینەی رێکخستووەو کەسی یەکەمی بۆ دیاری کراوەو بارودۆخی ئەمنى شارەکەشی دڵنیا کردووە.

گرنگى زۆری داوە بە بواری هەواڵگری و لەسەر بنەماى گومان هەنگاوى نەناوە.

رەحم و سۆزی هەبووە بۆ ئەو وشتر و ئەسپانەى بەکاریان هێناون، نەیهێشتووە لە تواناى خۆیان زیاتر باریان لێ بنرێ.

ئامۆژگارى هەموو بەشداربوانى کردووەو رێنمایی جەنگی پێ داون.

گەڕاندنەوەى ئەو کەسانەى تەمەنیان کەم بووە یان تواناى جەنگییان نەبووە.

رێنمایی بە موسڵمانان داوە پێش جەنگ بانگەوازى خەڵکەکە بکەن بۆ ئیسڵام.

ڵایەنى دەروونى هاوەڵانى بەهێزکردووەو موژدەى بەهەشت یان سەرکەوتنى پێ داون.

ئامانجى جیهادى دەستنیشانکردووە کە سەرخستنى پەیامی ئیسڵام و ڵابردنی بەربەستەکانى بەردەم بانگەوازە نەوەک خوێن ڕشتن و لەناوبردنی دوژمن، بۆیە دەبینین لە هەموو ماوەى ژیانى پێغەمبەردا جیا لە رووداوى بەنوقورەيضه ژمارەی کوژراوانى دوژمن نەگەیشتۆتە پێنج سەد کەس.

 

هەنگاوەکانى جەنگ

لە زۆربەی جەنگەکاندا پێغەمبەری خوا شوێن و کاتى جەنگى دیاری کردووە.

رێی نەداوە هاوەڵانى لە رێنمایی و ئەخڵاقی جەنگى دەربچن، وەک (کوشتنى ئافرەت یان منداڵ یان پیر یان کەسی مەدەنى یان کەسێ لە مەیدانى جەنگ هەڵدێ، زیان گەیاندن بە پەرستگاکان و بڕینی دارو درەخت و کاولکاری)، هەرکام لە هاوەڵانیش دەرچووبێت سەرکۆنەى کردووە تا جارێکی تر دووبارەی نەکاتەوەو ببێتە وانە بۆ هاوەڵانى تریش.

لانەدان لە فەرمانى سەرکردە و ئەمیری سوپا.

دوورگرتن لە شێواندنى تەرمی دوژمن و نەکوشتنى بریندارەکان و هەر کەسێ کە هەر موسڵمانێ پەناى دابێت.

خۆپاراستن لە ناپاکى کردن لە پەنادان و بەڵێن و رێککەوتنێ کە لەنێوان موسڵمانان و سوپاى بەرامبەردا روویداوە.

سەرکردە هاودەم بە سەربازەکان بەشداری جەنگى کردووەو هاندەریان بووە.

 

سەرەتاکانى مەیدانى جیهاد

هەنگاوى یەکەم بریتی بوو لە ناردنى چەند سەریەیەک بە بێ بەشداری خودی پێغەمبەری خوا ، چونکە هەم دەوروبەری مەدینە بە نەیاران دەورە درابوو و دەبوو تێ بگەن کە موسڵمانان بێ ئاگا نین، هەم قوڕەیش بێخەم دانەنیشتبوون و خەیاڵیان ڵاى لەناوبردنى بنکە نوێکە بوو، هەم جوولەکەکانیش بەرەبەرە هەستیان بە مەترسی کرد ئەگەر دەستی خۆیان نەوەشێنن، ئایینى نوێ بەهێزتر دەبێت و ئەوان هێز و ناوبانگ و دەرکەوتنەکەیان نامێنێت، جا بۆ وەڵامدانەوەى ئەم مەترسیانە، پێغەمبەری خوا بە ئاڕاستەی جیاجیا چەند سەریەیەکی نارد.

 

هەنگاوەکانى دواى جەنگ

رێزگرتنى تەرمەکان، چ تەرمى موسڵمانان یان تەرمی دوژمن.

مامەڵەی جوان لەگەڵ دیلەکان و رێککەوتن لەسەر ئازادکردنیان.

ناچارنەکردنى خەڵکی ناوچە دەست بەسەردا گیراوەکان بە موسڵمان بوون و هێشتنەوەى ئازادى ئایینی.

دڵدانەوەى کەسوکارى شەهیدەکان و بەسەرکردنەوەیان.

هەر کوشتنێکی هەڵە روویبدایە، خوێن باییەکەى دەدرا.

کۆکردنەوەى دەستکەوتەکان و دابەشکردنى بەسەر بەشداربواندا.


سەرچاوەکان



3681 بینین