مۆنتاژ چییه‌

له‌لایه‌ن: - صه‌مه‌د كه‌ریم - به‌روار: 2020-02-06-00:55:00 - کۆدی بابەت: 178
مۆنتاژ چییه‌

ناوه‌ڕۆك

مۆنتاژ

مۆنتاژ بەو کارە تەکنیکیانە دەوترێت کە لەکاتی کارکردن لە دروستکردنی فلیمێکدا یان ڤیدۆیەکدا دەکرێت، وەک بڕین، کورتکردنەوە، دەستکاریکردن لە کاتدا و وشەکە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت و بۆ یەکەم جار لە سینەمادا لەلایەن سێرگەی ئایزنستاین بەکارھاتووە.

 

مۆنتاژ چییە

مۆنتاژ بریتییە لە ھونەری رێکخستن یان کۆکردنەوەو پێکھێنانی ( گرتەکانی کامێرا) ئەمەش بەپێی  :-
1- روانینی دەرھێنەر
2- سکرێپت یان سیناریۆ
3- سروشتی بابەتەکە

 

پڕۆسەو کاری مۆنتاژ


پڕۆسەو کاری مۆنتاژ بە کارێکی گرنگی تەلەفزیۆن دادەنرێت، بۆ سەرلەنوێ پێکھێنان و دروستکردنی کار، کە تێیدا کۆکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ و موزیک و تایتڵ لە خۆدەگرێت، واتە بە بێ مۆنتاژ ھیچ کارێک شیاوی بڵاوکردنەوە نیە.
مۆنتاژ دوای کۆکردنەوەو تەواوبوونی ھەموو ئەو بابەتانە دێت کە لەبەرنامەدا بەکاردێت و شێوەیەکی کۆتایی لەخۆ دەگرێت.
ئەوکەسەی کە ھەڵدەستێت بەکاری مۆنتاژ  پێی دەڵێن مۆنتێر، کە پسپۆڕ و شارەزایە لەبواری ھونەرەکانی مۆنتاژ، بە پێی رێنماییەکانی دەرھێنەر کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی روانینەکانی تایبەت بە مۆنتاژکردنی کارەکە، بۆیە مۆنتێر دەبێت

 

تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی مۆنتێر 

1- دەبێت توانای داھێنانی ھەبێت لەیارمەتیدانی دەرھێنەر لە جێبەجێکردندا.
2- دەبێت شارەزایی ھەبێت لەسەر ئامێر و بەرنامە نوێکان و توانا ھونەریەکان.
3- خاوەن خێراییەکی زۆر بێت لە کاردا، بەڵام لەسەر بنەمای وردی و دروستی.
4- خاوەن روانینێکی ھونەری بەرز بێت، بەتایبەت لە دەنگ و وێنە.

 

شێوازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وێنه‌ 

لە پڕۆسەی مۆنتاژ، شێوازەکانی گواستنەوەی وێنە بەچەند جۆرێک دەبێت وەک:-


- بڕین  Cut / گواستنەوەی راستەوخۆییە لە دیمەنێکەوە بۆ دیمەنێکی تر.
- تێکەڵکردن  Dissolve / گواستنەوەی دیمەنێکە بۆ دیمەنێکی تر بە شێوەی تێکەڵکردن.
- ونبوون  Fade / گواستنەوەی دیمەنێکە بۆ دیمەنێکی تر بە شێوەی ونبوون و دیارنەمان.
- سڕینەوە  Wipe / ھاتنی دیمەنی دووەمە بەشێوەی سڕینەوە بۆسەر دیمەنی یەکەم، یان سڕینەوەی دیمەنی یەکەم.

بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسەی کەکاری مۆنتاژ دەکات، دەبێت لەرووی دەروونیەوە زۆر ئاسوودەبێت و پەیوەندییەکی باش و پتەوی لەگەڵ ستافی کارەکەی ھەبێت، لەھەمانکاتدا دەبێتە رێنیشاندەرێک بۆ کامێرامان، بەتایبەت لەکاتی پێدانی تێبینی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چاوێکی ھونەری ھەبێت لەرووی رەنگەوە، بۆئەوەی لەکاتی چارەسەرکردنی رەنگ و بەکارھێنانی رەنگ تووشی گرفت نەبێت، لەھەمووشی گرنگتر مۆنتێر دەبێت مۆسیقی بێت و شارەزایی لە ئیقاعی مۆسیقا ھەبێت.

 


سەرچاوەکان



4819 بینین