پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانمان لە کەرەنتینەدا

له‌لایه‌ن: - نزار جه‌زا - به‌روار: 2020-05-07-00:45:00 - کۆدی بابەت: 248
پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانمان لە کەرەنتینەدا

ناوه‌ڕۆك

كه‌ره‌نتینه‌ و ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستان 

بەهۆی قەدەغەى هاتوچۆوە نزیکی ملیۆنێک و  700 هەزار ئۆتۆمبێل بەبێ ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ، لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون ، ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا زیان بە پارچە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، بۆئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان لەم جۆرە حاڵەتانەدا وەربگرن پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بن .

 

پاراستنی تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانمان

کاتێک ئۆتۆمبێل بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نمونە ماوەى مانگێک لە شوێنیک ڕاگیرا، ئەو بەشەی لەسەر زەوییە تایەکانی دەقوپێت و سیمەکانى ناوی دەقدەگرێت، بەتایبەت ئەگەر هەوای کەمبێت، بۆیە پێویستە پێنج ڕۆژ جارێک شوێنی تایەکانی بگۆڕدرێت یان کەمێک ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێنرێت، لەلایەکی دیکەوە چاودێری هەواکەی بکرێت، ئەگەر هەوای کەمکرد، پێویستە تاکو 40 یان 45 هەوای تێبکرێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەریش لە حاڵەتێکدا ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر نەجوڵێنرا، پێویستە ئۆتۆمبیلەکە بەرزبکرێتەوە ئەگەر سێپا هەبوو با ئۆتۆمبێلەکە بکرێتە سەر سێپا، ئەگەریش سێپا نەبوو بخرێتە سەر بلۆک، بەڵام بلۆکەکە لەژێر تەبەڵەکان بێت، بەجۆرێک تایەکان وەک ئەوەبن کە لەسەر زەوییە، نەک ئۆتۆمبێلەکە زۆر بەرزبێت و تایەکان شۆڕ ببنەوە و لەبەرزی بن.

 

 پاراستنی پاتری ئۆتۆمبێله‌كانمان

ئەگەر پاتری ئۆتۆمبێلەکە خراپ بوو، پێویستە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت ، سەبارەت بە پاتری ئۆتۆمبێلەکان ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە مۆدێلی کۆن بێت، ئەوا ئاساییە سەری پاترییەکە لاببرێت بۆ ئەوەی پاترییەکەی نەمرێت، بەڵام هەندێک ئۆتۆمبێل هەیە مۆدێلی بەرزە و ئەگەر سەری پاترییەکەی لابەریت کێشەی بۆ دروستدەبێت، بۆیە پێویستە ئەم ئۆتۆمبێلانە بە شاحینەى تایبەت پاترییەکانیان بدرێت لەکارەبا، بۆئەوەی شەحن بکرێتەوە، بەڵام ئەم شاحینەیە کەمە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، سێ بۆ پێنج ڕۆژ جارێک نزیکی پێنج خولەکێک کار بە ئۆتۆمبێلەکە بکرێت یان کەمێک بجوڵێنرێت، ئەگەریش پاترییەکەی خراپبوو، واباشە هەموو ڕۆژێک کاری پێبکرێت.

 

شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل

لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکە و ڕووی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکە ئەوەی خستەڕوو، وا باشە ئۆتۆمبێل لەبەر خۆر ڕانەگیرێت و بکرێتە گەراجێکەوە، دواتر ئەگەر لەمانگ زیاتر ئۆتۆمبێل ڕاگیرا وا باشە بشۆردرێت و قاتێک پۆڵنیش بکرێت پاشان چادرێکی بەسەردا بدرێت، هەروەها فڵچەى جامەکان لێبکرێتەوە، بۆئەوەی ستۆک نەبێت.

 

پاراستنی به‌شی ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل

لەبارەى ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکە ، پێویستە دەبەیەک بە خەڵوزەوە بکرێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە ، نابێت دەبەی ئاو و شوشەى عەتر و چەرخ و خواردەمەنی و خۆڵ و پیسی لەناو سنووق و کابینەى شوێن دانیشتنەکان هەبێت، ئەگەریش بکرێت مادەی ئەسپەنیک یان خەڵووز بکرێتە ناو دەبەیەکی کونکراوەوە (بەنموونە دەبەی ئاو کون بکرێت)، دواتر دەبەکە بکرێتە سندوق و ناو کابینەى کوشنەکان، بۆئەوەی شێ و بۆنی ناخۆش لەناو ئۆتۆمبێلەکە دروستنەبێت.

 

دەبێت هاندبرێک دابدرێتەوە

وا باشترە هاندبرێک بەرزنەکرێتەوە، نەوەک بۆ دواتر جام ببێت و کێشەی بۆ دروستبکات، بۆیە وا باشترە بەرد یان تاکۆز بخرێتە بەر تایەکان .

 

پاراستنی بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێل

لەبارەى پاراستنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەوە پێویسته‌ ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێل بۆ زیاتر لەمانگێک ڕاگیرا و کاری پێنەکرا ، واباشترە ڕۆنەکەی بگۆڕدرێت. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەى ڕۆنی کوالیتی بەرزیان تێدایە، ئەگەر سەروو پێنج هەزار کیلۆمەتر زیاتر ڕۆشتبوون وا باشە ڕۆنیان بگۆڕدرێت، چونکە تەمەنی ڕۆن شەش مانگ بۆ ساڵێکە، ئەگەریش کوالیتی نزم بوو وا باشە لە کیلۆمەتری کەمتردا بگۆڕدرێت.

 

نابێت تەنکی بەنزین بەتاڵ بێت

شارەزایانی بواری ئۆتۆمبێل لەبارەى تەنکی بەنزینەوە ئەوەیان خستوەته‌ڕوو ، وا باشە تەنکی بەنزین فوول بێت، چونکە تەنکی بەنزین بەتاڵ یان نیوە بێت، ئەگەری ژەنگهێنانی تەنکییەکە هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەو بەشەی تەنکییکە کە بەتاڵە ئۆکسجینی تیایە و شێ دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ژەنگ یان بەنزینەکە تێکدەدات.

پاراستنی شوته‌ی هه‌وا

بۆ پاراستنی  شوتەى هەوا پێویسته‌  بە شتێک داپۆشرێت باشترە ، بۆئەوەی لەمشک و جرج و ئاژەڵەکان پارێزراو بێت، چونکە ئەگەر ئاژەڵێک بچێتە ناویەوە شوتەکە ورد دەکات، کاتێکیش بێئاگایانە کار بەئۆتۆمبێلەکە دەکرێت، ئەو وردەیە دەچێتەوە ناو بستۆنەکان و زیانی دەبێت .


سەرچاوەکان



2237 بینین