ئەتەکێتی میوانداری و نانخواردن

له‌لایه‌ن: - كارزان دوكانی - به‌روار: 2020-08-09-01:17:00 - کۆدی بابەت: 337
ئەتەکێتی میوانداری و نانخواردن

ناوه‌ڕۆك

گرنگی ئەتەكێت

لەوانەیە هەندێك كەس گاڵتەیان بەو هەڵسوكەوتە وردبینانە بێت ، كە دەچنە چوارچێوەی بنەما و ئادابەكانی خوانسازییەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا بەڵگەی ڕوون و ئاشكران لەسەر ئەو گەنجینەیەی كە مرۆڤ لە شكۆمەندی و ڕەوشتی جوان و هەستی ناسكی دەست دەكەوێت ، تەنها هێندەمان لەسەرە ئاگامان لە هەڵسوكەوتمان بێت و پەیڕەوی ئەو بنەمایانە بكەین تاكو قەدرگرتن و بەدڵ بوون و ڕێزی هەمووان بۆ خۆمان دەستەبەر بكەین ، تاكو تۆی ئافرەتیش جیاوازتر و شكۆمەندتر بیت لە داوەت و ئاهەنگە كۆمڵایەتییەكاندا ، پێویستە پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بیت

 

كاتی ئامادەبوون

پێویستە چەند خولەكێك بەر لەكاتی دیاریكراو بگەیتە شوێنی داوەتەكە ، شتێكی جوان نییە زۆر زوو یان زۆر درەنگ بگەیتە جێ ، باشترین شت لە هەموو كارێكدا مامناوەندبوونە ، بە گشتی كاتی نموونەیی بۆ خوانی نیوەڕۆ ، لە نێوان كاتژمێر دوانزە و نیو بۆ یەكی نیوەڕۆیە و ، بۆ ئامادەبوون لە ئێوارەدا باشترین كات كاتژمێر هەشت بۆ هەشت و نیوی ئێوارەیە .

 

شێوازی دانیشتن

 لە كاتی تێپەڕینی میوانەكان لە ساڵۆنەكەوە بەرەو ژووری نان خواردن خاوەنی خوانەكە (میواندار) بانگهێشتكراوەكان پێش خۆی دەخات ، خاوەن ماڵ لە دوای میوانەكانەوە و دواهەمین كەس دەبێت كە دێتە ژوورێ .

دانیشتن لەسەر سفرەكەش ، دیسان ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە ، پێویستە جەستە ڕێك و ڕاست بێت و ، دەستت لە قەراغی سفرەكە پشوو بدات ، خۆ ئەگەر شوێنەكە بۆمان تەسك بوو ، پێویستە هێندەی دەتوانین نەهێڵین ئەوانەی چواردەورمان بێزار ببن ،لەلایەكی ترەوە دەبێت ئاگامان لەوە بێت كە بەركۆشەكەمان هێندە نەكەینەوە بگاتە سەر قاچمان ، هەروەها نەهێڵین دەنگی بێزاركەر كاتی خواردنەوە یان خواردن لە دەممانەوە دەربچێت ، لەوانەیە ئەو دەنگانە ئەوانی دی بێزار بكات و وایان لێ بكات خۆیان لە تۆ بەدوور بگرن .

 

لە كاتی نان خواردندا 

نابێت نان بە چەقۆ كەرت بكەیت ، بەڵكو بەدەست و لەسەر ژێرنانەكە ، بەڵام گۆشتەمەنییەكان هەمووی پێشتر بە تەواوی كەرت كەرت ناكەین ، بەڵكو هەر پارچەیەك بە جیا پارە پارە دەكرێت بەر لەوەی بخرێتە دەمەوە.

نابێت ئێسقانەكان بە دەست لاببەین ، یان بەدەست پاشماوە صاصەكە لەناو دەورییەكەدا بسڕینەوە .

دەبێت وریا بین لە كاتی بەرزكردنەوەی قاپەكەماندا كاتێك خواردنێكی دیكەمان بۆ دەهێنن .

خۆبپارێزە لەوەی ئەو خواردنەی بۆ تۆ دێت ، ڕای بدێریت بۆ كەسێكی تر ، خۆ ئەگەر كەسەكە دوور بوو لێتەوە ، ئەوە كێشە نییە .

لە گرنگترین ئادابەكانی سەر سفرە و خوان ئەوەیە ، كە ئەو میوەیەی لە كۆتایی بانگهێشتەكەدا پێشكەش دەكرێت ، لەڕێگەی چەتاڵ و چەقۆوە دەخورێت ، هەروەها ئەو میوەی كە ناتوانین لەسەر سفرەكە توێكڵەكەی لێ بكەینەوە ، دەبێت وازی لێ بهێنین .

 

چەند هەڵەیەك كە دەبێت لێیان دووربكەوینەوە

  • تانەدان لە چۆنیەتی ئامادەكردنی خواردنەكە .
  • گوشینی میوەكە بۆ دڵنیا بوون لەوەی پێگەیشتووە یان نا .
  • خوارد بە شێوەیەكی چاوچنۆكانە .
  • ناوكی میوە خستە ناو خواردنەكەوە .
  • قسەكردن یان خواردنەوە ، كاتێك دەم پڕە لە خواردن .
  • ئەنیشك خستنە سەر مێزی نان خواردن .
  • بەردەوام بوون لە خواردن كاتێك هەمووان دەستیان هەڵگرتووە .
  • بەركۆش (دەستەسڕ)دانان لەسەر مێزەكە دوای تەواوكردنی خواردن بەبێ پێچانەوەی .
  • هەڵسان جێهێشتنی ماڵەكە ڕاستەوخۆ دوای خواردنەوەی قاوە ، چونكە دەبێت كەسی بانگهێشكراو لەگەڵ میواندارەكەدا قسە بكەن و بدوێن ، نابێت بە لایەنی كەمەوە تا نزیكەی كاتژمێرێك دوای نان خواردن ماڵەكە بەجێ بهێڵیت ، ناشێت كاتژمێر و نیوێك زیاتر تێ بپەڕێنیت .

 

ئەركەكانی میواندار

دەبێت جەخت بكەنەوە لەسەر پشوودانی میوانەكانیان و هەرچیان پێویستە بۆیان دابین بكەن . كەسانێك لەیەك كاتدا داوەت مەكە كە پێكەوە ناكۆك بن ،تا لە كاتی داوەتەكەدا هەست بە بێزاربوون نەكەن ، وەك ڕێگرتن لەهەر شڵەژانێك ، داوەتكردنی خەڵكی جەختكردنەوەیە لەسەر كامەران بوون و پشوودانیان لە ماوەی داوەتەكەدا .


سەرچاوەکان



4827 بینین