شێوازی گرژبوونی ماسولکە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-25-14:52:00 - کۆدی بابەت: 415
شێوازی گرژبوونی ماسولکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارچە ماسولكە، یەكەی فرمانی گرژبوونی ماسولكەیە. كاتێك ماسولكە گرژدەبێت دەزووەكانی ئەكتین و مایۆسین كارلێك دەكەن بۆ كورتكردنەوەی درێژی پارچە ماسولكە. دەزووەكانی مایۆسین دەرپەڕیویان هەیە لە شێوەی نووكی هێلكەییدا. هەروەها دەزووەكانی ئەكتین بە شێوەی دەزووی لوولبوو لە مۆرووەكان دەردەكەون. كاتێك دەمارە ڕاگەیاندن ماسولكە ئاگادار دەكاتەوە بۆ ئەوەی گرژ ببێت نووكەكانی مایۆسین بە شوێنی نێوان مۆروەكانی دەزووی ئەكتینەوە دەبەسترێن و پانە پرد پێكدەهێنن، بەمەش نووكەكانی مایۆسین بەرەو ناوەوە دەچەمێنەوە و ئەكتین لەگەڵ خۆیاندا ڕادەكێشن و پاشان پانە پردەكان هەڵدەوەشێنن، نووككان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی سەر لە نوێ بە شوێنی دیكەی دەزووی ئەكتینەوە ببەسرێتەوە، سەر لە نوێ كرداری ڕاكێشان دووبارە دەبێتەوە. درێژی پارچە ماسولكە و تەواوی ڕیشاڵەكە كورت دەبێتەوە، بە دوایدا ماسولكەكە بە تەواوی گرژ دەبێت.

كەشەنگ بوونی ماسولكە

گرژبوونی ماسولكە وزەی ATP پێویستە، ئەم وزەیەش لە كرداری جیابوونەوەی مایۆسین لە دەزووەكانی ئەكتینەوە بەكاردێت. ئەگەر واڕوویدا پێدانی وزەی ATP بە ماسوولكە كەم بوو، پانە پردەكان بە تەنها بە شوێنێكی ئەكتینەوە بە بەستراوی دەمێننەوە، كەشەنگ بوونی ماسولكە ڕوودەدات. گرژبوونی ماسولكە ڕیشاڵ بەپێی یاسای گشت یان هیچ دەبێت. یان گرژ دەبێت یان بە خاوی دەمێنێتەوە. كەواتە چۆن دەتوانێت گرژبوونی توند لە ماسولكەكانتدا بكەیت بۆ ئەوەی قوورساییەك بەرزبكەیتەوە یان گرژبوونێكی هێواشی ماسولكەكانت بكەیت بۆ ئەوەی پێنووسێك بەرز بكەیتەوە؟ هێزی گرژبوونی ماسولكە بە ژمارەی ئەو ماسولكە ڕیشاڵنە دیاریدەكرێت كە ئاگاداردەكرێنەوە، تاوەكو ئاگاداركردنەوەی ڕیشاڵەكان زیاد بێت هێزی گرژبوونیش زیاد دەكات.


سەرچاوەکان



3435 بینین