ئەتەکێتی مامەڵەی ژن و مێرد لەگەڵ یەکدا

له‌لایه‌ن: - كارزان دوكانی - به‌روار: 2020-09-01-14:46:00 - کۆدی بابەت: 440
ئەتەکێتی مامەڵەی ژن و مێرد لەگەڵ یەکدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرجار مرۆڤ هەست و سۆزەكانی لایەنی بەرامبەری كە نامۆیە بە خۆی بەهەند وەردەگرێت، تا متمانە و ڕێزی بەدەستبهێنێت، بەڵام جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەتەكێت لەگەڵ ئەوانی دی دەكەینەوە؟ كەچی لەگەڵ ماڵ و منداڵ و نزیكترین كەسەكانی خۆمان بەكاری ناهێنین؟ بە جۆرێك كە زۆرجار هیچ گرنگی نادەین بە چۆنیەتی شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ كەسێك كە لەناوماندا دەژی و خۆشمان دەوێـت، بۆچی جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەستی ئەوانی تر بریندار نەكەین و زیاتر گرنگییان پێ بدەین، بەڵام گرنگی نادەین بە شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ هاوبەشی ژیانماندا و بە ئەنقەست یان بێ مەبەست هەستی بریندار دەكەین و ناشمانەوێت داوای لێبووردنی لێ بكەین، ئایا هۆیەكەی ئەوەیە كە وای دادەنێین پێویستە ئەو لێمان تێ بگات و لێمان ببورێت؟ یان هۆی ئەوەیە كە باوەڕمان وایە بنەماكانی ئەتەكێت تەنها لەگەڵ غەریبەكاندا پەیڕەو دەكرێـت!

چەند سەرنجێك!

بە دڵنیاییەوە بەدیهێنانی بەختەوەری خێزانی پێویستی بە بەهەندوەرگرتن و ڕێز لەیەكگرتن و هەست و سۆزی لایەنی بەرامبەر هەیە، بۆیە لەسەر هەردوو هاوسەر پێویستە كە لە سەرەتای ژیانی هاوسەرێتییانەوە لەسەر كۆمەڵێك بنەما ڕێكبكەون كە لە شێوەی بەڵگەنامەیەك یان ڕێككەوتن نامەیەكدا بنووسرێت و هەموو ئەو شتانەی تێدا بێت كە سوودی لێ دەبینن لە ژیانیاندا، ئەمەش بۆ ئەوەی هەر هاوبەشێك بەهای هاوبەشەكەی خۆی بزانێت و ڕێزی لێبگرێت، هەروەها جۆرێك لە سزا یان لێپرسینەوە هەبێت بۆ ئەو كەسەی كە سەرپێچی دەكات وەك دەنگ دابڕینی ڕۆژێك یان دوان یان داوای لێبووردن كردنی كەسی سەرپێچی كار لەوەی هەڵەی بەرامبەر كراوە، یان پێدانی پارە بۆ ڕازیبوون كە دەخرێتە سنوقێكەوە و لەكۆتایی هەر مانگێكدا سندوقەكە بەتاڵ دەكرێت و بەو پارەیەی كە تێیدایە ئێوارە خوانێك لە نێوان ژن و مێردەكەدا لە دەرەوە ڕێك دەخرێـت.

چەند خاڵێكی گرنگ

  • لەو بنەما ڕەوشتیینەی كە ئیسلام و بیرمەندەكان هانمان دەدەن بۆیان و هەندێك كەسیش بە ئەتەكێتی دادەنێن:
  • بەر لە چوونەژوورەوە، لە دەرگادان و مۆڵەت وەرگرتن پێویستە.
  • كاتی چوونەوە ماڵ یان چوونە ژوورێكەوە یان چوونە ناو ئۆتۆمبیل، پێویستە سڵاو بكرێـت.
  • كاتی چوونە دەرەوە لە ژوورێك لەوانە دەپرسین كە لەوێدان: كەس پێویستی بە هیچ نییە، بەرلەوەی بڕۆین؟
  • كاتێك شتێك سەراوبن دەكەیت و لەشوێنی خۆی لای دەبەیت كە هی تۆ نییە هی هاوبەشەكەتە بیخەرەوە شوێنەكەی خۆی.
  • پەیام یان كاغەزێك ناخوێنینەوە كە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
  • كە یەكێكما هەڵەیەكمان بەرامبەر ئەوی ترمان كرد، بەبێ شەرمەزاری دەبێت داوای لێبووردن بكەین.
  • كاتێك هەڵەكار داوا لێبووردنی كرد دەبێت بەرامبەرەكەی بەبێ بۆڵە بۆڵی زۆر قبوڵی بكات.
  • قسەكردن دەبێت بەشێوەیەكی هێمن بێت دوور لە بەكارهێنانی جنێو و وشەی نەشیاو.
  • ڕێزگرتن لە ئارەزووەكانی لایەنی بەرامبەر و بەكەم سەیرنەكردنیان و بەها پێدانیان.
  • دەمارگیری و تووڕەبوونی یەكێكمان نابێت بە تووڕەبوون و دەمارگیرییەكی هاوشێوە وەڵام بدرێتەوە.
  • پێویست ناكات لە كاتی مشتومڕو جیاوازیدا لەسەر ڕابردوو كێشەو ناكۆكی دروست بكرێت.
  • كار لەنێوانتاندا دابەش دەكرێـت، هەر لایەك بەبێ پێ وتن و بە ئارەزووی خۆی ئەوەی لەسەریەتی جێبەجێی دەكات.
  • درۆنەكردن لە هیچ حاڵەتێكدا ، چونكە درۆ سەرچاوەی هەموو هەڵەكانە، ڕاستی بڵی ئەگەر تاڵیش بێت، بەڵام بە ڕێگایەكی نەرم و دوور بەبرینداركردن.
  • هەركاممان پێویستی بە ئامۆژگاری هەبوو، بە خۆشەویستییەوە و بەبێ خۆ بەزلزانی پێشكەشی دەكەین.
  • كاتێك یەكێكمان دڵی خۆشە، با ئەوی تریش دڵ خۆشی بنوێنێت، ئەگەر یەكێكمان گریا با ئەوی تریش دڵتەنگ بێت.
  • ئەگەر بۆنەیەكی خۆش هەبوو، ئەوا با هەمووان بەبێ بیانوو هێنانەوە بەشداری تێدابكەن.
  • ئەگەر یەكێكمان كارێكی پێ جێبەجێ نەكرا و پێویستی بەهاوكاری هەبوو، با بێ خاوە خاو كردن هاوكاری بكەین.
  • لێبوردن و بەخشین لەكاتی دەسەڵات و تواناییدا لە خەسڵەتی بەخشندەكانە.
  • كاتێك یەكێكمان لەبەردەم خەڵك قسەی دەكرد و چیرۆكی دەگێڕایەوە كە هەردوكمان پێكەوە بینیومانە، شتێكی لێ زیاد كرد یان لێی كەم مرد با ئەوی ترمان بە درۆی نەخاتەوە، بەڵكو لێی بگەڕێت چۆن دەخوازێت تەواوی بكات.
  • هەر یەكێك لە ئێمە چی بۆ خۆی پێ خۆشە با بۆ هاوسەرەكەشی هەمان شتی پێ خۆش بێت و بە پێی توانا كار بۆ پشوودانی هاوسەرەكەی بكات.
  • ئارامگرتن لەكاتی ناڕەحەتییەكاندا پەرستشە، سوپاسكردنی خوداش هەموو كات پێویستە.
  • نوێژ كۆڵەكەی ئایینە، متمانە بەخوا بوونیش بنەمای یەقین و سەركەوتنە.
  • با هەریەكێك لە ئێمە هاوسەرەكەی بەو نازناوە بانگ بكاتك ە پێی خۆشەو، گفتوگۆو گاڵتەكانی بە ئاشكرا و بەنهێنی زۆر لەخۆكردنی تێدا نەبێت.


سەرچاوەکان



3798 بینین