کۆئەندامی هەرس

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-11-24-22:15:00 - کۆدی بابەت: 541
کۆئەندامی هەرس

ناوه‌ڕۆك

کۆئەندامی هەرس

 Digestive system، کۆمەڵە ئەندامێکە بەیەکەوە کاردەکەن بۆ هەرس کردنی خۆراک تا لەش بتوانێ بەکاری بهێنێت.

 

تێڕوانینێک بە کۆئەندامی هەرسدا

زۆرترین بەشی ئاشکرای کۆئەندامی هەرست، زنجیرە ئەندامێکی لولەیین بە جۆگەی هەرس ناسراون. خۆراک بە جۆگەی هەرس تێپەڕ دەبێ کە دەم و گەروو سورێنچک و گەدە و ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستورە و ڕێکە کۆم دەگرێتەوە.لەوانەیە درێژی جۆگەی هەرس لە مرۆڤدا بگاتە زیاتر لە ٩مەتر. جگەر و تورەکەی زراو و پەنکریاس و لیکە ڕژێنەکان، بەشێکن لە کۆئەندامی هەرس بەڵام خۆراکیان بەنادا تێپەڕ دەبێت.

 

هەڵوەشاندنی خۆراک

هەرس کرداری هەڵوەشاندنی خۆراکە، بۆ نمونە فەلافل و کەباب و شیرینی لە دوایی هەرس کردنیان دەکرێت بگوازرێنەوە بۆ ناو لوولەی خوێن. دووجۆر لە هەرس کردن هەن: هەرسی میکانیکی و هەرسی کیمیایی، جووین و هاڕینی خۆراک هەرسی میکانیکین، بەڵام هەسی کیمیایی، تێیدا گەردەگەورەکانی خۆراک دەگۆڕدرێن بۆ یەکەی بچووک تا ئاسان بن بۆ مژین، کە لەش پێویستی پێیان هەیە، لە کردارەکانی گەشە و ساڕێژکردنەوە و چاککردنەوەی سروشتیدا.

زۆربەی ئەو خواردنەی کە دەیخۆین سێ جۆرە خۆراکە ماددەیە ئەوانیش کاربۆهیدرات و چەوری و پڕۆتینەکانە، فەلافل و کەباب و شیرینی هەموو جۆرە پێکهاتەکانی خۆراکیان تێدایە . وە هەندێ ماددەی دیکە هەن بە ئەنزیمەکان ناسراون، دەتوانن هەندێک خۆراکە ماددەکان هەڵبوەشێنن و بیانگۆڕن بۆ تەنۆلکەی بچووتر تا لەش بەکاریان بهێنێ. بۆ نمونە پڕۆتینەکان زنجیرەی درێژن لە گەردی بچووک پێکهاتوون پێیان دەڵین ترشە ئەمینیەکان، پڕۆتینەکان گەردی گەورەن و ناکرێ بمژرێن و بگوازرێنەوە بۆ ناو لوولەی خوێن، بۆیە ئەنزیمەکانی گەردی پڕۆتین پارچە پارچە دەکەن بۆ یەکەی بچووکتر کە بە ترشە ئەمینیەکان ناسراون دەتوانرێت لە دواییدا بۆ لولەی خوێن بگوازرێتەوە.

 

دەم و هەرسکرن

جووین گرنگە لەبەر دوو هۆ، یەکەمیان وا لە خۆراک دەکات ببێتە پارچەی بچووک و خلیسک، ئەمەش وا ددەکات قووت دانی ئاسانتر بێ لە پارچەی گەورە و وشک. دووەمیان هەرسکردنی پارچە بچوکەکان زۆر ئاسان تر دەبێت.

 

ددانەکان

ددانەکان ئەندامی زۆر گرنگن لە هەرسی میکانیکیدا ئەوەش بە یارمەتی ماسولکە بەهێزەکانی شەویلگە دەبێت، ددانەکان خۆراک تێک دەدەن و دەیهاڕن. چینی دەرەوە ددان کە بە مینا ناسراوە ڕەق ترین ماددەیە لە لەش. چینی مینا یارمەتی پاراستنی دەمارەکان و هەندێ ماددەی نەرمی دیکەی ناو ددان دەدات.

 

لیک

لە کاتی جووینی خۆراکدا، تێکەڵ بە ماددەیەکی شل دەبێت پێی دەڵین لیک، لیکیش لە لیکە ڕژێنەکان دەردەدرێت لەناو دەم. لیک ئەنزیمێکی تێدایە هەڵدەستێ بە هەرس کردنی کیمیایی کاربۆهدیرات. لیک کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکان دەگۆڕێت بۆ شەکری سادە.

 

لە دوای دەم

لەو کاتەی خۆراکە ماددەکان دەگۆڕین بە بارستەیەکی هاڕاوی تەڕ، زمان پاڵی پێوە دەنێت بۆ گەرو کە بە جۆگەیەکی درێژ دەگات پێیدەڵێن سورێنچک، سورێنچک خۆراکە ماددەکان بەرەو گەدە دەجوڵێننێت بە یارمەتی گرژبون و خاوبوونەوە یەک بەدوای یەکی ماسولکەکانی، کەبە کرمە جووڵە ناسراون.

 

گەدە و هەرسکرنی خۆراک

گەدە ئەندامێکی ماسولکەییە لە توورەکە دەچێ بە بەشی خوارەوەی سورێنچک بەندە. گەدە هەرسی میکانیکی ئەنجام دەدات ئەمەش بە گوشینی خۆراک بە یارمەتی گرژبوونی ماسولکەکانی. وە لە کاتی ئەم گوشینە، ڕژێنە زۆر بچوکەکانی دیواری گەدە ئەنزیمەکان و ترشێک بەرهەم دێنن، هەردوو دەردراوەکان بەیەکەوە کاردەکەن لە هەڵوەشاندنی خۆراک بۆ پارچەی زۆر بچووک،  وە ترشەکەش زۆربەی ئەو بەکتریایانە دەکوژێت کە لەوانەیە لەگەڵ خۆراک قووت درابن. پاش چەند کاتژمێرێک دوای هەرسی میکانیکی و کیمیایی کە بەسر خۆراک دادێت، خۆراکە ماددەکە دەگۆڕێت بۆ تێکەڵەیەکی شۆربایی پێی دەڵێن کیمۆس.

 

دوای گەدە

گەدە هەڵدەستێت بە بەڕەڵاکرندێکی هێواشی کیمۆس بەرەو ڕیخۆڵە باریکە لە ڕێگای ئەڵقەیەکی ماسوولکەیی بچووک کە وەک زمانەیەک کاردەکات، ئەم زمانەیە وا دەکات کە خۆراکە ماددە تێکەڵەکە لە ناو گەدە بمێنێتەوە تا بە تەواوی تێکەڵ دەبێت بە شلەکانی هەرس کردن، لە هەموو جارێکدا ئەم زمانەیە دەکرێتەوە و دادەخرێت بەشێکی کەم لە کیمۆس لەگەڵ دەردراوەکانی جگەر و پەنکریاس تێکەڵ بکات،ئەم دەردراوانە یارمەتی هەرس کرندی خۆراک دەدەن و ڕێگە دەگرن لەو ترشە بهێزەی لە ناو کیمۆس داهەیە. زیان بە ڕیخۆڵە بگەیەنێت.

 

پەنکریاس و ڕیخۆڵە باریکە و هەرس کردن

زۆربەی کرداری هەرسی کیمیایی، پاش دەرچوونی خۆراک لە گەدەوە ڕوودەدات. پڕۆتینەکان و کربۆهیدرات و چەوریەکانی کیمۆس بە یارمەتی دەردراوەکانی ڕیخۆڵە باریکە و پەنکریاس هەرس دەکرێن.

 

پەنکریاس

کاتێک کیمۆس گەدە جێدەهێڵێت ترشێتیەکەی زۆر بەرزە. پەنکریاس هەندێ شلە دەردەدات یارمەتی پاراستنی ڕیخۆڵە باریکە دەدەن لە ترشێتی گەدە، پەنکریاس ئەندامێکی هێلکەییە دکەوێتە نێوان گەدە و ڕیخۆڵە باریکە، کیمۆس هەرگیز بەناو پەنکریاسدا تێپەڕ نابێت، لە جیاتی ئەمە دەردراوەکانی پەنکریاس دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵە باریکە،  ئەم دەردراوانەش هەندێ ئەنزیمیان تێدایە کە کیمۆس بە شێوەی کیمیایی هەرس دەکەن، هەروەها کاربۆناتی هایدرۆجینیان تێدایە یارمەتی هاوسەنگ کردنی ترشی ناو کیمۆس دەدات. پەنکریاس وەک کوێرە ڕژێنێک کاردەکات بە دەردانە ئەو هۆڕمۆنانەی کە ڕێژەی شەكر لەناو خوێندا ڕێک دەخەن.

 

لە ڕیخۆڵە باریکەوە

ڕیخۆڵە باریکە بۆڕیەکی ماسولکەییە تیرەکەی نزیکەی ٢.٥ سانتیمەترە. هەرچەندە تریەکەی بچووکەک بەڵام لە ڕاستیدا بچووک نییە. لە کاتی درێژکرندەەوە ڕیخۆڵەباریکە درێژیەکەی دەگاتە ٦م کە زۆر لە تپ درێژترە. وە ئەگەر پانی  بکەینەوە لەوانەیە گەورەتر بێت لە ڕووی یاریگەیەکی تێنسی سەرزەوی، ئایا ئەمە چۆن دەبێ؟ ناوەوەی ڕیخۆڵە باریکە ناوپۆش کراوە بە نووکی زۆر بچووک ەلە پلە پەنجەکان دەچن پێیان دەڵێن مەمیلەکان هەروەک لە شێوە ٦ دا دیارن. ڕوبەری ڕوونی ناوەوەی ڕیخۆڵە باریکە زۆر فراوانە لەبەر  بوونی مەمیلەکان. مەمیلەکان بە جانەی بچوون دەورەدراون توانای مژینی خۆراکە ماددە هەرس کراوەکانیان هەیە، کە دوای مژینیان دەچنە ڕێڕەوی خوێن.

 

جگەر و تورەگەی زراو

جگەر ئەندامێکی گەورەی ڕەنگ قاوەیی مەیلەو سوورە، بەشفاری هەرس دەکات. لەوانەیە جگەری مرۆڤ قەبارەکەی بگاتە قەبارەی تۆپێکی پێ.

جگەرت دەکەوێتە لای ڕاستت، کەمێک لە سەرەوەی گەدەتە. جگەر بەم فرمانانە هەڵدەستێ.

  • زراو دروست دەکات
  • خۆراکە ماددە کۆدەکاتەوە
  • ژەهرەکان شیدەکاتەوە

 

هەڵوەشاندنی چەوریەکان

هەرچەندە جگەر زراو دروست دەکات، بەڵام بە شیوەیەکی کاتی لە ناو توورەگەیەکی بچوک کۆدەکرێتەوە بە توورەگەی زراو ناسراوە. زراوی ناو توورەکەی زراو دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵە باریکە، ئەویش دڵۆپە چەوریە گەورەکان تێک دەشکێت بۆ دڵۆ]ی زۆر بچووک. ئەم میککانیزمەش ڕێگە بە بەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆرتر لە گەردەکانی چەوری دەدات بە بە ئەنزیمەکانی هەرس.

 

کۆکردنەوەی خۆراکە ماددەژان و پاراستنی لەش

خۆراکە ماددەکان دوای هەڵوەشاندنیان دەمژرێن بۆ ڕێڕەوی خوێن، کە دەیانگوازێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی لەش، بەڵام ئەو خۆراکە ماددەی کە پێویستی پێی نییە یەکسەر لە ناو جگەردا کۆدەکرێنەوە. لە دوایدا لە کاتی پێویست جگەر ئەم خۆراکە ماددانە دەردەپەڕێنێتە ڕێڕەوی خوێن لە کاتی پێویستدا، هەروەها جگەر زۆر لەو ماددە کیمیاییانە گڵدەداتەوە کە لەناو لەش داهەن و ژەهرەکانیان لادەبات. بۆ نمونە جگەر زۆر ئەنزیم بەرهەم دێنێت کە زۆر لە دەرمانی کیمیای شی دەکەنەوە.

 

ڕیخۆڵە ئەستوورە

ئەو ماددەیەی کە خوێن ناتوانێت بیمژێت پاڵی پێوە دەنێت بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە. ڕیخۆڵە ئەستوورە ئەندامێکەلە کۆئەندامی هەر، ئەو ماددانە کۆدەکاتەوە کە هەرس ناکرێن، لە دوایدا پەستانیان دەخاتە سەر و پاڵیان پێوە دەنێت و لەشیان لێ ڕزگار ددەکات.  ڕیخۆڵە ئەستوورە، تیرەکەی گەورەترە لە تیرەی ڕیخۆڵە باریکە، درێژی ڕیخۆڵە ئەستوورە دەگاتە نزیکەی یەک مەتر و نیو وە تیرەکەشی نزیکی ٧،٥ سم ـە.

ماددە هەرس نەکراوەکان دەچنە ناو ڕیخۆڵە ئەستوورە لە شێوەی تێکەڵەیەک، ڕیخۆڵە ئەستوورەش زۆربەی ئاوی ئەم تێکەڵەیە دەمژێت، وە بەشەماوەی شلەکەش دەگپڕێت بۆ پاشەڕۆی نیمچە ڕەق پێی دەڵێن پیسایی. لە ناو گەنم و سەوزە و میوەدا ماددەیەکی کاربۆهیدراتی هەیە پێی دەڵێن سلیلۆز، مرۆڤ ناتوانێ هەرسی بکات، بەشێوەیەکی گشتی ئەم ماددەیە ئاماژە دەکرێت بە ڕیشاڵەکان، ڕیشاڵەکانیش نەرمی پیسایی دەپارێزن و یارمەتی جووڵەی ماددەکان دەدات لە ناو ڕیخۆڵە ئەستوودا.

 

دەرکردنی پیسایی

ڕێکە دوابەشی ڕیخۆلە ئەستوورەیە، ڕێکە پیسایی کۆدەکاتەوە تاکاتی دەرکردنی بۆ دەرەوەی لەش لە ڕێگەی دەرچەی کۆمەوە، لە کاتی خواردنی لەفەیەک پێویستی بە ٢٤ کاتژمێر هەیە تا ئەم گەشتە تەواو بکات بەناو کۆئەندامی هەرسدا.


سەرچاوەکان



14489 بینین