تاعون

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-04-17:09:00 - کۆدی بابەت: 581
تاعون

ناوه‌ڕۆك

تاعوون

تاعوون لە راستیدا نەخۆشیی گیانەوەرە قرتێنەرە کێویەکانەو لە ڕێگەی گەزینی کێچەوە لە نێوانیاندا بڵاو دەبێتەوە. لە هەندێ بارودۆخی لەباردا تاعوون دەشی ببێتە هۆی پەتایەکی بەربەڵاو لە مرۆڤدا. هۆکاری نەخۆشیەکە بەکتریایە.

زانیاری گشتی لەسەر نەخۆشیەکە

-سێ جۆری سەرەکی تاعوون هەیە
١. تاعوونی سی رودەدات کاتێ بەکتریا پەلاماری سی دەدات
٢. تاعوونی هەلاوساو باوترین جۆری تاعوونە کاتێ مرۆڤ تووشی دەبێ کە لە ڕێگەی گەزینی کێچەوە دەچێتە پێستەوە یاخوود راستەخۆ لە رێگەی پیسبوونی برینەوە بە مادەی ئالوودە بە بەکتریاکە.
٣. تاعوونی ژەهراوی کاتێ روودەدات بەکتریاکە لە ناو خوێندا گەشەدەکات و دابەش دەبێ.
ئەم جۆرە رەنگە وەک ئالۆزبوونی هەرکام لە دوو جۆرەکی تر روبدات. رەنگیشە بەجیا روبدات. کە بەتەنیا رودەدات مرۆڤ بەهەمان شێوەی تاعوونی زام تووش دەبێت.
-زوو چارەسەرکردنی تاعوونی سی زۆر گرنگە
- تەنیا تاعوونی سی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاو دەبێتەوە
- لەناوبردنی مشکی ناوماڵ زۆر پێویستە لەو ناوچانەدا کە تاعوونی تێدایە

ماوەی متبوون (هەڵگر بوون)

ماوەی نیوان بەرکەوتنی بەکتریا تا سەرهەڵدانی یەکەم نیشانەکان ١-٦ رۆژە و بەزۆریش ٢-٤ رۆژە.

تووشبوون

بەکتریاکە لە شیردەرەکانەدا هەیە بەتایبەتیش قرتێنەرەکان و کێچەکانیاندا. شلەمەنیەکانی لەشی ئەو گیانەوەرەی تووشی ئاوڵە بووە پڕە لە بەکتریا. پرژی لیکی ئەو مرۆڤەی تووشی تاعوونی سی بووە لە دووریی یەک مەترەوە مرۆڤ تووش دەکات.

بەکتریای تاعوون لە دەرەوەی لەشی خانەخێکەیدا ۆر ناسکە. پلەی گەرمای بەرز و تیشکی خۆر و وشکی لەناویان دەبەن و پاکژکەرەوەی ئاسایی وەک ئەوانەی کلۆریان تێدایە لەماوەی ١-١٠ خولەکدا دەیانکوژێت.

مرۆڤ بە ئاسانی تووشی تاعوون دەبێ ئەگەر هەلی بۆ هەڵکەوێ.

گواستنەوە

زۆربەی کات مرۆڤ بەهۆی گەزینی کێچی توشبووەوە تووشی تاعون دەبێ. بەڵام دەشێ مرۆڤ راستەوخۆ لەو گیانەوەرەشەوە تووش ببێ وەک لە کاتی گروونی ئاژەڵی تووشبوودا. هەروەها مرۆڤ تووشی تاعوونی سی دەبێ لە رێگەی هەلمژینی ئەو پرژانەوە کە لەلایەن کەسێک یان ئەژەلێکی نەخۆشەوە لەکاتی پژمە و کۆکەدا دەکرێنە دەرەوە.

نیشانەکان

-لە تاعوونی سیدا سەرەتا نەخۆش تووشی تا و سەرئێشە و بێهێزی و هەوکردنی سی دەبێ هاورێ لەگەڵ تەنگە نەفەسی و سینگ ئێشە و کۆکە و بەڵغەمی هەندێ جار خوێناوی. هەوکردنی سی لە ماوەی ٢-٤ رۆژدا پەرەدەسێنێ و لە ٪٥٠ ـی حاڵەتەکاندا ڕەنگە کوشندە بێت
- لە تاعوونی هەڵاوسادا گرێ لیمفەکان هەڵدەئاوسێن و نەخۆش تاو سەرئێشە و لەرز و بێهێزیی دەبێ.
-لە تاعوونی ژاهراویدا لەوانەیە هەڵاوسان دروست ببێ یان نەبێ. نەخۆش حەزدەکا بکەوێن و تووشی تا و لەرز و سک ئێشە و لەخۆچوون و خوێنبەربوونی پێست و ئەندامەکان دەبێ.

چارەسەر

ژمارەیەک دەرمانی دژەژی بەکەڵکن. باشترین دەرمان ستریپتۆمایین و جەنتاماسینە. ۆ کەمکردنەوەی ئەگەری مردن پێویستە لە یەکەم رۆژی سەرهەڵدانی نیشانەکانەوە دەرمان دەستی پێ بکرێت.

وریایی و خۆپاراستن

-لەبەر ئەوەی تاعوون بەستراوە بە گیانەوەرە قرتێنەرە کێوییەکانەوە، خاوێنکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ژینکە زۆر پێویستە لەو ناوچانەکا کە نەخۆشیەکەی تێدا باوە.
-پەیوەندی نزیک لەگەڵ توشبوودا پێوستی بە شێوازی خۆپاراستن هەیە بەتایبەتی لە تاعووی سیدا (جوداکردنەوەی نەخۆش، خۆلادان لە پرژی هەناسە). لەم کاتانەدا بەکارهێنانی دەرمانێک بۆ خۆپاراستن شتێکی باشە هەروەها پاش گەزینی کێچ لەناوچەی درمدا.
- لە حاڵەتی تاعوونی سیدا جوداکردنەوەی نەخۆی زۆر گرنگە.
پێکوتەیەک هەیە دژی تاعوون بەڵام رۆتینی بەکارناهێنرێ.تەنیا بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێ کە لە مەترسیدان.
-هەرکە گومان لە حالەتێک کرا پێویستە دەسەلاتە تەندروستیەکان ئاگاداربکرێن.

 


سەرچاوەکان



4855 بینین