سوودەکانی کتێب خوێندنەوە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-24-21:39:00 - کۆدی بابەت: 9529
سوودەکانی کتێب خوێندنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوودەکانی کتێب خوێندنەوە (بە ئینگلیزی: fitbenes of reading books، بە عەرەبی: فوائد قراءة الكتاب)، لەوانەیە بپرسیت مرۆڤ چی دەست دەکەوێت لە ئەنجامی کتێب خوێندنەوە، یان بڵێیت ئایا کتێب خوێندنەوە سوودی هەیە یان تەنها بۆ چێژ وەرگرتنە. کتێب لە چەند کاغەزێکی پڕ لە وشە، بیرۆکە و شارەزایی کەسێک پێکهاتووە و لەناو دوو بەرگدا کۆکراوەتەوە. هەموو کەسێک بە شێوازێکی جیاواز بیردەکاتەوە، هەندێکیان کاتێک وشەی (کتێب خوێندنەوە) دەبیستن، بە بیستنی بە پەرۆش دەبن و هەندێکی تر بێزار دەبن و ئەو شوێنە جێدەهێڵن.

سوودەکانی کتێب خوێندنەوە 

کەمن ئەو کەسانەی کە چێژ لە خوێندنەوە دەبینن و خوێندنەوەیان کردووە بە پیشەیەکی ڕۆژانە. بەهۆی هەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ لە خوێندنەوە دوور کەوتووەتەوە، پێیان وایە سەیرکردنی کورتە گرتەیەک یان فیلمێک باشترە وەک لە خوێندنەوەی کتێبێک و کاتێکی زۆرتریان بۆ دەگەڕێتەوە. زۆربەی کەس وا بیردەکەنەوە کە کتێب خوێندنەوە بەتەنها چێژ وەرگرتنە لە کتێبەکەو هیچی تر، بەڵام جگە لەوەی کتێب خوێندنەوە هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشێت لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک سوودی سەرسوڕهێنەری هەیە. سوودە گرنگەکانی کتێب خوێندنەوە ئەمانە دەگرێتەوە: 

خوێندنەوە خۆراکە بۆ مێشک 

ئەمە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی کتێب خوێندنەوە، هەروەک چۆن خواردن دەخۆیت تاوەکوو وزە بۆ لەشت دابین بکەین و بە تەندروستی بیهێڵیتەوە، بەهەمان شێوە دەبێت خۆراک بۆ مێشک دابین بکەیت. یەکێک لە ڕێگە ئاسانەکان بریتییە لە دەستنیشانکردنی کتێبێک و خوێندنەوەی. خوێندنەوە وەک وەرزشکردن وایە، تا زیاتر بخوێنیتەوە مێشک بەهێزتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٣ دا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی کاریگەری خوێندنەوە لەسەر مێشک بخەنەڕوو، ئەو کەسانەی بەشداریان کردووە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ ڕۆمانی (Pompeii) خوێندۆتەوە، دواتر لە ڕێگەی پشکنینی مێشکەوە، لەسەر ناوەڕۆکی مێشکی ئەم کەسانە ورد بوونەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە چالاکی مێشکییان زیادی کردووە و بەتایبەتی ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسیارە لە جووڵە و هەستکردن. خوێندنەوە چالاکی مێشک زیاد دەکات و بیرەوەری بەهێز دەکات، لە کاتی خوێندنەوەدا بەشێکی مێشک واتای وشەکان ڕوون دەکاتەوە لە کاتێکدا بەشەکەی تر وشەکان دەناسێتەوە. 

سەرنج زیاد دەکات 

سەرنجدان واتە توانای ئەوەت هەبێت کە بەتەنها بیر لە شتێکی دیاریکراو بکەیتەوە لە هەمان کاتدا. لێکۆڵینەوەیەک سەلماندویەتی خوێندنەوە سەرنج زیاد دەکات، چونکە ئەو بەشەی مێشک چالاک دەکات کە بەرپرسیارە لە سەرنجدان. خوێندنەوەی کتێب هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی ٣٠ خولەک کاریگەرییەکی باش لەسەر مێشک جێدەهێڵێت، بەم شێوەیە سەرنجی کەسەکە باشتر دەبێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بیرەوەری. 

بەهێزکردن یان باشترکردنی بیرەوەری 

لەوانەیە ڕۆژانە دووچاری لەبیرکردنی شتەکان ببیتەوە بۆ نموونە ئەچیت بۆ بازاڕ و لەبیری دەکەیت کە چیت پێویستە، یان بە قوورسی ناوی کەسێکت بیر دەکەوێتەوە کە هەفتەیەک لەمەوپێش بینیووتە و زۆر شتی تر. یەکێکی تر لە سوودەکانی خوێندنەوە بریتییە لە بەهێزکردن و بەرەوپێش چوون و باشترکردنی بیرەوەری. لەکاتی خوێندنەوەی کتێب کۆمەڵێک زانیاری جۆراوجۆر بەرچاو دەکەوێت کە پێویستە لە بیرت بن بۆ ئەوەی لە تەواوی کتێبەکە تێبگەیت وەک ناوی شوێن و کەسە جیاوازەکانی ناو کتێبەکە، ئەمەش وا دەکات مێشک و بیرەوەریت بەهێزتر بن، چونکە ئەمە وەک ڕاهێنانێک وایە کە بە مێشکی دەکەیت. 

کەمکردنەوەی فشار 

یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی خوێندنەوە بریتییە لە کەمکردنەوەی فشار. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەک کرا لەسەر کاریگەری یۆگا و خوێندنەوەی کتێب بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی فشار. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت کە ٣٠ خولەک لە خوێندنەوە بووەتە هۆی نزمبونەوەی پەستان و کەمبوونەوەی لێدانی دڵ و فشار، لەبەرئەوە هەوڵبدە لە کاتی هەبوونی فشاردا کتێب بخوێنیتەوە. 

فێربوونی زانیاری 

یەکێک لە سوودە ئاشکرا و ڕوونەکانی خوێندنەوە بریتییە لە فێربوونی زانیاری. جیاواز لەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت، کتێب زانیاری ورد و گرنگ بۆ خوێنەر دابین دەکات. کەواتە ئەگەر بتەوێ لە ڕووی زانست و زانیارییەوە بەرەوپێش بچیت و بەردەوام لە فێربووندا بیت کامیان سوودی زۆرتر دەبێت بۆت، کتێبێک کە لەلایەن کەسێکی شارەزا و بەتواناوە نوسراوە کە بۆ ماوەی چەنەها ساڵ پێوەی ماندوو بووە یان گرتەیەکی ١٠ خولەکی.

خوێندنەوە وا دەکات ئاسانتر خەوت لێ بکەوێت 

خوێندنەوەی کتێب لە جیاتی بەکارهێنانی مۆبایل یان هەر شتێکی تر پێش خەوتن وا دەکات زوو خەوت لێ بکەوێت، هەروەها خەوێکی ئارام بکەیت.


سەرچاوەکان



9525 بینین