شێر

شێر

له‌لایه‌ن: جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-13-20:38:00 - کۆدی بابەت: 598
شێر

ناوه‌ڕۆك

شێرەکان

شێرەکان بە ئاژەڵی بەهێز و قەبارە گەورە دادەنرێن، دووەم گەورەترین پشیلەی کێوییە، هەروەها مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان و لە ناوچوونی هەندێک لە جۆرەکانی.

نیشتیمان

شێرەکان ئەو نشینگانەیان بەلاوە پەسەندە کە گیا و درەختی زۆری تێدایە، بەتایبەتی ساڤانا، لە ئێستادا لە ناوچەکانی باشوری بیابانی گەورەی ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیشیان لە هیندستان.

جۆرەکانی

لە بنەڕەتدا شێرەکان جۆری زۆریان هەیە، بەڵام لە ئێستادا پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆری سەرەکی، بەم شێوەیە:

  • جۆرەکانی باشووری: چوار جۆر شێر لە خۆ دەگرێت کە هەریەکەیان چەند جیاوازییەکیان هەیە بە بەراورد بەیەکتری، بەڵام هەموویان لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری ئەفریقا دەژین.
  • جۆرەکانی باکووری: ئەمەیان دوو جۆر شێر لە خۆ دەگرێت، یەکێکیان لە باکووری ئەفریقا دەژی، ئەوی دیکە ئاسیا بە دیاریکراوی لە هیندستان.

شێوەی دەرەوەی

جیاکردنەوەی نێرینە لە مێینەکان زۆر ئاسانە، نێرینەکان قژیان هەیە کە سەر و ملی دادەپۆشێت، مێینەکان نییانە، هەروەها نێرینەکان قەبارەیان گەورەترە، جەستەی شێرەکان ماسولکەیی و درێژە، سەری گەورەیە و پەلەکانی کورتن، هەروەها کلکی بە گورزەیەک مووی ڕەنگ تێر کۆتایی هاتووە، ڕەنگی فەرووەکەی لە نێوان زەرد بۆ قاوەیی کاڵ و تۆخدایە، نێرینە و مێینە پێگەیشتووەکان لە کۆمەڵێک تایبەتمەندیدا جیاوازن بەم شێوەیە:

تایبەتمەندی

نێرینەکان

مێینەکان

درێژی

١.٨-٢.١ م

١.٥ م

بەرزی

١.٢ م

٠.٩-١.١ م

کێش

١٧٠-٢٣٠ کگم

١٢٠-١٨٠ کگم

 

ڕەوشتەکانی

شێرەکان بە ئاژەڵی کۆمەڵایەتی دادەنرێن، کە ژیانکردنیان پێکەوەیە لەنێو کۆمەڵەدا، جیاوازی هەیە لە نێوان جۆری شێرەکاندا، ئەو جۆرانەی لە ئاسیا دەژین تەنها لە کاتی یەکگرتن شێرە مێینەکان دەبینن، یان کاتی خواردنی نێچیری گەورە، بەڵام ئەوانەی لە ئەفریقان هەموو کات بەیەکەوەن کۆمەڵەکانیان پێکهاتووە لە سێ نێرینەی پێگەیشتوو لەگەڵ دەیان مێینە و بێچووەکانیان.

هەر کۆمەڵەیەک لە شێرەکان ناوچەیەک داگیر دەکەن و بۆ چەند نەوە تێیدا دەمێننەوە، ئەو جێگەیە بە ئاو و خۆراکییەوە دەبێت بە نیشتیمانیان، کاتێک کودەتا دەکرێت و کوتلەیەکی نوێ جڵەوی کۆمەڵەکە دەکات، سەرۆکە نوێیەکە دەستبەجێ هەموو بێچووەکان لەناو دەبات بۆ ئەوەی بە خێراترین کات یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان بکات.

پەیوەندیکردن

شێرەکان بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز پەیوەندی دەکەن بە یەکترییەوە، کە یەکتری دەناسنەوە و هێز و توانای بەرامبەرەکەیان دەزانن لەڕێگەی سەیرکردنی قژەوە، ناوچەی دیاریکراوی خۆیان دیاریدەکەن بە میزکردن بە گوڵەکانیدا، کە ئەم ئاکارە پەیوەندییەکی کیمیایی و بینراویشە، هەروەها شێرەکان لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا بە هۆی دەنگەوە پەیوەندی دەکەن، کە نەڕاندنە ئەمەش هێز و توانای شێرەکە دەردەخات، لەگەڵ یەکتریش سڵاو دەکەن بەهۆی بەرکەوتنەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

زۆربەی مێینەکان لە چوار ساڵییەوە دەبن بە دایک، لە کاتێکدا نێرینەکان لە دوو ساڵییەوە پێدەگەن، کاتێک تەمەنیان دەبێت بە چوار یان پێنج ساڵ، چاوەڕێی هەل دەکەن بۆ جڵەوکردنی کۆمەڵەکە، بۆ ئەوەی مافی یەکگرتنیان هەبێت لەگەڵ مێینەکان.

شێرەکان بە درێژایی ساڵەکە توانای یەکگرتنیان هەیە، بەڵام لوتکەی یەکگرتنیان لە وەرزی زستاندایە، ماوەی سکپڕی مێینەی شێر ١١٠-١١٩ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر مێینەکە ١-٦ بێچووی دەبێت، بە گشتیش ٢-٣ بێچووە.

خۆراک

هەموو شێرەکان بۆ خۆراک پشت بە ڕاوکردن دەبەستن، زۆربەی کردەوەکەش مێینەکان ئەنجامی دەدەن، بەتایبەتی لە کاتی زەردەپەڕ و کازیوەدا، بە ئاسانی نێچیرەکانیان ڕاودەکەن بە هۆی توانای بەرزیان بۆ ڕاوکردن بە خێرایی، خێراییەکەیان لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ٥٣ کم، شایەنی باسە کە خواردنی مامز و کەرەکێوی و ئاسکی ئەفریقییان بەلاوە پەسەندە، لە ئەگەری نەبوونی نێچیری گەورەدا، ئەوا ئەمانەی دیکە دەخۆن، باڵندە و قرتێنەر و ماسی و وشکاوەکی و خشۆک و هێلکەی نەعامە.

مەترسی و هەڕەشەکان

شێرەکان ڕوبەڕوی مەترسی زۆر دەبنەوە کە بووەتە هۆی کەمبونەوەی جۆر و ژمارەکانیشیان، وەک (بازرگانی گۆشتی کێوییەکان، ناکۆکی نێوان مرۆڤەکان و شێرەکان، لەدەستدانی نشینگەکان، ڕاوکردنی لە ڕادەبەدەر، کانزاسازی لە ناوچە کێوییەکان، بڕینەوەی نایاسایی درەختەکان و هەندێک لە شێرەکانیش توشی نەخۆشی دەبن).


سەرچاوەکان

451 بینین