زستان

زستان

له‌لایه‌ن: سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-17-01:17:00 - کۆدی بابەت: 5924
زستان

ناوه‌ڕۆك

وەرزی زستان

زستان یەکێکە لە چوار وەرزەکەی ساڵ و ساردترین وەرزە بە دوای وەرزی پاییزدا دێت و دوای زستانیش وەرزی بەهار دێت، وشەی "winter" کە بە زمانی ئینگلیزی واتای زستان دەدات لە زمانی جێرمەنی کۆنەوە هاتووە و بە مانای "کاتی زستان" دێت ئەمەش ئاماژەیە بۆ باران و بەفری زستان لە ناوەڕاست و سەرووی پانەهێڵەکاندا.

لە نیوەگۆی باکووردا وەرزی زستان لە کاتی هەڵگەڕانی زستانانەی گۆی زەوی دەست پێ دەکات "کورتترین ڕۆژی ساڵ" کە دەکاتە 21 یان 22ی کانونی یەکەم و لە یەکسان بوونی بەهاری "یەکسانبوونی درێژی شەو و ڕۆژ" کە دەکاتە 20 یان 21ی ئازار کۆتایی دێت، هەروەها لە نیوەگۆی باشووردا وەرزی زستان لە 20 یان 21ی حوزەیران دەست پێ دەکات و لە 22 یان 23ی ئەیلول کۆتایی دێت.

چەمکی وەرزی زستان لە زمانە ئەوروپییەکاندا بە وەرزی سڕبوون دەناسرێت و بەتایبەتی دانەوێڵەکان، هەندێک لە ڕووەکەکان دەفەوتێن و تۆوەکانیان دەمێنێتەوە وە گەشەیان دەوەستێت هەتا وەرزی بەهار، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکانیش دەچنه سووڕی متبوونەوە بەتایبەتی ئەوانەی کە سڕدەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە مێرووەکان دەتۆپن.

کات و بەرواری دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی وەرزی زستانیش وەکو هەموو وەرزەکانی تر لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە و بە پێی کەلتوری وڵاتەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە، لە شانشینە یەکگرتووەکان کەشناسەکان مانگەکانی کانونی یەکەم، کانونی دووەم و شوبات بە ساردترین وەرزی ساڵ "زستان" دادەنێن و لە ئەسکەند یناڤی وەرزی زستان لە 14ی تشرینی یەکەم دەست پێ دەکات و لە کۆتا ڕۆژی شوبات کۆتایی دێت، لە وڵاتی ڕووسیاش زستان لە 1ی کانونی یەکەم دەست پێ دەکات و لە 28ی شوبات کۆتایی دێت، هەروەها لە زۆربەی وڵاتەکانی نیوەگۆی باشوور کە وڵاتانی "ئوسترالیا و نیوزلاند و باشووری ئەفریقا" لەخۆ دەگرێت، وەرزی زستان لە 1ی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و لە 31ی ئاب کۆتایی دێت.

مرۆڤ و زستان

خەڵکی کۆماری فینلەندا چێژ لە ئاووهەوای وەرزی زستان وەردەگرن و کاتەکانیان لە دەرەوە بەسەر دەبەن، مرۆڤ بە گشتی بە ئاووهەوای سارد هەستیارە چونکە پلەی گەرمی لەش لە پلەی ئاسایی خۆی زیاتر دادەبەزێت و پێستی لەش تووشی سوربوونەوە و فۆتۆفۆبيا دەبێت، هەروەها هەندێک کەس تووشی خەمۆکی وەرزی دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا خلیسکانی سەر شەقام و ڕێگا و بانەکان لە وەرزی باران و بەفردا کێشەیەکی تری پەیوەندیدارە بە وەرزی زستان و تەندروستی مرۆڤەوە، یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانی وەرزی زستان ئەنفلوەنزایە، لە نیوەگۆی باکوور شتێکی نائاسایی نییە ئەگەر مرۆڤ لە سەرماندا ڕەق ببێتەوە و بمرێت.

ئاژەڵ و زستان

بۆ ڕزگاربوون لە سەختی وەرزی زستان زۆربەی ئاژەڵەکان چەند کردەیەکی جیاوازیان هەیە و هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئاووهەوای زستاندا خۆیان بگونجێنن و زستان تێپەڕێنن.

کۆچکردن

کۆچکردن کاریگەرییەکی باوی وەرزی زستانە لەسەر ئاژەڵەکان و بەتایبەتیش باڵدارەکان، هەروەها هەندێک جۆری پەپولەکانیش وەرزانە کۆچ دەکەن، هەرچەندە زۆرینەی باڵدارەکان کۆچ ناکەن لەوانە چۆلەکەی پۆپنەدار، و باڵندەی خۆشخوێنی ئەوروپی.

سڕبوون

سڕبوون، بارێکە کە ژمارەیەکی زۆر لە گیانلەبەران لەوەرزی زستاندا جوڵە و چالاکییەکانیان کەم دەکەنەوە، هەندێک لە گیانلەبەران بە درێژایی وەرزی زستان دەخەون و تەنیا لەکاتێکدا دێنە دەرەوە کە ئاووهەوا گەرم دەبێت، بۆ نموونە، جرجەکان، بۆقەکان، مارەکان و شەمشەمەکوێرەکان(ڕێوی فڕیو)، هەندێک لە ئاژەڵەکان لەجیاتی سڕبوون خواردن کۆدەکەنەوە و بەدرێژایی وەرزی زستان نایەنە دەرەوە و خواردنە کۆکراوەکانیان دەخۆن، وەک: سمۆرەکان، گۆڕهەڵکەنەکان و ڕاکۆنەکان نموونەی ئەم جۆرە ئاژەڵانەن.

بە هەمان شێوە بەفریش کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانی ئاژەڵەکان هەیە، زۆربەی ئاژەڵەکان سوود لە خاسیەتە جیاکەرەوەکانی بەفر وەردەگرن و زەوییەکە کون دەکەن و خۆیانی لێ دەشارنەوە مشکەکانیش نموونەی ئەو گیاندارانەن کە لەژێر چینی بەفردا دەژین، هەندێک لە جۆری ئاژەڵە شیردەرەکانیش هەن کە بە هیچ جۆرێک بەرگەی سەرمای زستان ناگرن، هەروەها چەند جۆرە ئاژەڵێکی تری شیردەریش هەن کە پێویستیان بە ساردی زستانە هەتا سوڕی ژیانیان تەواو بکەن.

ئەفسانەزانی

لە کەلتووری فارسیدا، هەڵگەڕانی زستانەی گۆی زەوی پێی دەوترێت "یەڵدا" کە بە مانای "لەدایکبوون" دێت ماوەی هەزاران ساڵە ئاهەنگی یەڵدایان گێڕاوە، هەروەها یەڵدا ئاماژەیە بە لەدایکبوونی خواوەند میتراس، کە خواوەندی ڕووناکی و باشی و هێزە لەسەر زەوی.

لە ئەفسانەزانی یۆنانیدا، پلۆتۆ پەرسێفەنی فڕاند بۆئەوەی ببێت بە هاوسەری، زەیۆس فەرمانی بە پلۆتۆ کرد کە بیگەڕێنێتەوە بۆ دێمیتەر "خواوەندی زەوی" و دایکی، هەرچەندە پلۆتۆ فێڵی لێ کرد خواردنی مردووی دەرخوارد دا، بۆیە زەیۆس بڕیاریدا پەرسێفەنی شەش مانگ لەگەڵ دێمیتەردا بەسەر ببات و شەش مانگ لەگەڵ پلۆتۆ، بە درێژایی ئەو کاتەی کە کچەکەی لەگەڵ پلۆتۆدایە دێمیتەر تووشی خەمۆکی دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی وەرزی زستان.


سەرچاوەکان

558 بینین