لەرز و تا چییە و چۆن چارەسەر دەکرێ؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-13-19:59:00 - کۆدی بابەت: 668
لەرز و تا چییە و چۆن چارەسەر دەکرێ؟

ناوه‌ڕۆك

لە‌رزو تا چییە‌ و چۆن چارە‌سە‌ری دە‌كە‌یت

یە‌كێك لە‌ كۆنترین نیشانە‌كانی نە‌خۆشی لە‌ ژیانی مرۆڤدا لە‌رزو تایە‌. بۆیە‌ ئێستا و جارانیش دە‌یان لێكدانە‌وە‌ی جیاوازی بۆ كراوە‌. بە‌ جۆرێك كە‌ ئێستاش جارجار ئە‌و لێكدانە‌وە‌ كۆنانە‌مان گوێ لێدە‌بێ بۆ «تا» كە‌ دە‌گە‌ڕێنە‌وە‌ بۆ تێگە‌یشتنە‌ كۆنە‌كان.

چۆن تــا دە‌ردە‌كە‌وێت 

ھە‌موو (تا)یە‌ك بە‌ لە‌شئێشان و داھێزران دە‌ستپێدە‌كات. پاشان نە‌خۆشە‌كە‌ موو چڕكی پێدادێت. دواتر پلە‌ی گە‌رمی لە‌شی بە‌رز دە‌بێتە‌وە‌. نە‌خۆشە‌كە‌ یان دە‌وروبە‌رە‌كە‌ی بە‌ دە‌ستلێدان لە‌ ناوچاوان یان دە‌ست و قاچی نە‌خۆشە‌كە‌ ھە‌ست بە‌و گە‌رمیە‌ دە‌كە‌ن. پاشان بە‌تایبە‌تی ئە‌گە‌ر نە‌خۆشییە‌كە‌ گران بێت، وردە‌ وردە‌ نە‌خۆشە‌كە‌ بێھێز دە‌بێت و لە‌ پە‌ل و پۆ دە‌كە‌وێت. ئینجا ھیچی بۆ ناخورێت. جاری وا ھە‌یە‌ لە‌ ھۆش خۆی دە‌چێت. ھە‌رچە‌ندە‌ نە‌خۆشە‌كە‌ لە‌بە‌ر گە‌رما لە‌شی داخ بووە‌، بە‌ڵام سە‌رمایە‌تی و دە‌لە‌رزێ و بە‌تانی زیاتر بە‌ خۆیدا دە‌دات.

لێكدانە‌وە‌ ھە‌ڵە‌كان

لە‌بە‌ر ئە‌و دیمە‌نە‌ی باسمان كرد، ئە‌و كە‌سانە‌ی دە‌ورو بە‌ری نە‌خۆشە‌كە‌ توشی دڵە‌ڕاوكێ دە‌بن. جاران نە‌زانراوە‌ لە‌رزو تا چییە‌، بۆیە‌ لێكدانە‌وە‌ی نازانستییان بۆ كردووە‌ و چارە‌سە‌ری بێسوودیان بۆ بە‌كارھێناوە‌. لە‌ بابە‌تە‌كانی پێشومدا باسم كردوە‌ كە‌ نازانستی واتە‌ ھە‌ر لێكدانە‌وە‌یە‌ك یان كردارێك كە‌ بە‌ڵگە‌ی لە‌سە‌ر نە‌بێت. یە‌كێك لە‌و بیرو بۆچونە‌ نازانستیانە‌ ئە‌وە‌یە‌ كە‌ دە‌گوترێت ئە‌و نە‌خۆشە‌ سە‌رمای بووە‌. ئێمە‌ گوتمان سە‌رما ھە‌رگیز  كە‌س نە‌خۆش ناكات. مە‌گە‌ر پلە‌ی گە‌رما زۆر زۆر لە‌ژێر سفرە‌وە‌ بێت، یان دە‌‌گوترێت ئە‌وە‌ دوعای لێكراوە‌ یانیش چووە‌ بە‌ چاوە‌وە‌، یان ئە‌وە‌یە‌ بۆیە‌ تای لێھاتووە‌ چونكە‌ خە‌فە‌تی خواردووە‌. ئە‌مە‌ش وادە‌كات نە‌خۆشە‌كە‌ چارە‌سە‌ری ڕاستە‌قینە‌ وە‌رنە‌گرێت و لە‌بری دە‌رمان،بە‌‌تانی زیاتری پێدا دە‌دە‌ن، یان چاوە‌زاری پێوە‌ دە‌كە‌ن. یانیش «تان»ە‌كە‌ی دە‌بڕن بە‌ پە‌ت، یان دە‌گرین بە‌دیاریە‌وە‌ بۆ خە‌فە‌تە‌كە‌ی.

كە‌واتە‌ زانست چی دە‌ڵێت

لە‌ ساڵە‌كانی سە‌دە‌ی ڕابردوو زانراوە‌ كە‌ (تا)نیشانە‌یە‌كی نە‌خۆشییە، شە‌ڕكردنی جە‌ستە‌ی مرۆڤ لە‌گە‌ڵ نە‌خۆشییە‌كە‌. ھاۆكارە‌كە‌ی بە‌ھۆی ئە‌و ماددە‌ دژە‌ تە‌نانە‌وە‌یە‌ كە‌ لە‌شی مرۆڤ دە‌ریدە‌كات بۆ شە‌ڕكردن لە‌گە‌ڵ نە‌خۆشییە‌كە‌. ماددە‌كان وادە‌كە‌ن ڕاگری پلە‌ی گە‌رمی لە‌شی مرۆڤ تێكبچێت. بۆیە‌ نە‌خۆشە‌كە‌ لە‌شی گە‌رم دە‌بێت، بە‌ڵام مێشك وادە‌زانێت سە‌رمایە‌ و لە‌رزی پێدێنێ. بە‌ڵام لە‌گە‌ڵ ئە‌م ڕاستییە‌ حاشا ھە‌ڵنە‌گرە‌دا، ئە‌وە‌ش زانراوە‌ كە‌ زۆربە‌ی كات (تا) ئە‌نجامێكی زیادە‌یە‌ و جگە‌ لە‌ ماندوو كردنی نە‌خۆشە‌كە‌ سوودی نیە‌. ھە‌روە‌ھا ئێستاش كە‌ زانراوە‌ نیشانە‌ی نە‌خۆشییە‌، بە‌ڵام ھە‌ندێك كە‌س ھۆكاری نە‌خۆشییە‌كە‌ نازانن.

ھۆكارە‌كانی

لە‌ ھە‌موو باوتر، میكرۆبە‌. میكرۆبە‌كان ماعلانن لە‌ دروستكردنی (تا)دا بۆ مرۆڤ. بە‌ڵام دە‌كێرێت ھە‌وكردنە‌ ڕۆماتیزمیە‌كان بێت  یان دە‌رمان بیكات، یان پلە‌ی گە‌رمای دە‌وروبە‌ر بیكات، یان بۆماوە‌ی بێت، یانشێرپە‌نجە‌ بێت. كە‌واتە‌ دە‌كرێ ئە‌و (تا)یە‌ بە‌ھۆی ھە‌ڵامە‌تێكە‌وە‌ بێت. دە‌شكرێت بە‌ھۆی شێرپە‌نجە‌ی خوێنە‌وە‌ بێت!
بە‌ڵام كێ ئە‌مە‌ یە‌كلایی دە‌كاتە‌وە‌؟ 
تە‌نیا پزیشك، بە‌تایبە‌ت پزیشكی ھە‌ناوی.

چارە‌سە‌ر

 ١- چارە‌سە‌ركردنی ھۆكاری (تا)یە‌كە‌ وە‌كو گوتمان تە‌نیا پزیشك دە‌توانێت.
 ٢- بە‌كارھێنانی دە‌رمانی وە‌كو پاراسیتامۆڵ.
 ٣- ساردكردنە‌وە‌ بە‌ پە‌ڕۆی تە‌ڕ.
 ٤- خواردنە‌وە‌ی شلە‌مانی.
 ٥- دووركە‌وتنە‌وە‌ لە‌ چارە‌سە‌رە‌ ھە‌ڵە‌كان: وە‌كو تێكە‌ڵكردنی دوو درزی یان زیاتر.


سەرچاوەکان



13829 بینین