پەڕەسێلکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-16-13:20:00 - کۆدی بابەت: 677
پەڕەسێلکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەڕەسێلکە یان پەڕەسێڵکە (بە ئینگلیزی: swallow)، یەکێکە لە ئەو باڵندانەی کە لە کۆمەڵەی باڵندە خوێنەرەکاندا (ئاوازخوێن) پۆلێندەکرێت، هەروەها تیرەیەکە لە پلەی چۆلەکەکان، نشینگەکەی ناوچەی زۆر جیاواز دەگرێتەوە، لە دارستانەکانەوە هەتا لەوەڕگاکان دەگرێتەوە، لە هەرجێگەیەکدا بێت هێلانە دروستدەکات، چونکە تەنها پێویستی بە قوڕە بۆ دروستکردنی هێلانەکەی، هەروەها باڵندەیەکی کۆچەرییە، بۆیە دەکرێت بوترێت کە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا بوونی هەیە، جگە لە وەرزی زۆربوونیان هەموو کاتەکانی تر پێکەوە و لە کۆمەڵەدا دەژین، نزیکەی ٧٠ جۆری جیاوازی هەیە، باڵندەیەکی بچووکە و جەستەیەکی ڕێکی هەیە، بەهۆیەوە زۆرینەی کاتەکانی بە فڕین و ڕۆشتنە سەر چڵەکان و بەدەستهێنانی خۆراک بەسەردەبات، لەبەرئەوەی لە هەموو جیهاندا بڵاون بۆیە لە زۆرینەی کولتوورەکاندا نیشانە و ئاماژەی جیاوازە، وەک ئەوەی کە واتای خۆشەویستی و ئاشتی و بەئەمەکبوونە، هەروەها دەریاوانە کۆنەکان بە نیشانەی بەختی باشیان زانیوە، چونکە باڵندەیەکی ئاوی نییە و بینینی ئاماژە بووە بۆ نزیکبوونەوەیان لە وشکانی و هەبوونی هیوا.

شێوەی دەرەوەی

پەڕەسێلکەکان ژمارەیەکی زۆر ڕەنگی جیاواز و سەرنجڕاکێشیان هەیە، باڵەکانی درێژ و ئاڕاستەکراون، هەروەها کلکێکی جوانی هاوشێوەی چنگاڵی هەیە، سەرەڕای ئەوەی پەرەسێلکەکان جۆری جیاوازی زۆریان هەیە، بەڵام بە گشتی  بە ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەن، بە نزیکەیی هەموویان هەمان جەستەیان هەیە، ڕەنگی پشتی سەوز و شینی درەوشاوەیە، لە دەوری چاوەکانیدا بازنەیەکی ڕەش هەیە، بەشەکانی خوارەوەشی بە زۆری ڕەنگی کاڵ و سپین، بە شێوەیەکی ڕێکخراو لەگەڵ تەواوی جەستەی هەندێک لە پەڕەکانی ڕەنگی جیاوازی هەیە، هەروەها ڕەنگی مل و قوڕگیان ئاگرییە وەک سوور و پرتەقاڵی، هەندێکیشیان سپین، پەڕەسێلکە باڵندەیەکی قەبارە بچووکە، دەنوکێکی بچووک و بەرزی هەیە، درێژی جەستەشی لە نێوان ١٠-٢٤ سانتیمەتر دەبێت، بەڵام درێژی باڵەکانی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، هەروەها کێشی لە نێوان ١٠-٦٠ گرام دەبێت.  

خۆراک

یەکەم سەرچاوە و گەورەترین بەشی ژەمە خۆراکییەکانی پەڕەسێلکە مێرووەکانە، کە لە کاتی فڕیندا مێرووەکان دەگرێت و دەیانخوات، وەک مێش و پەپوولە و قالۆنچە و مێروولە و زەردەواڵە، جگە لە مێروو پەڕەسێلکەکان دەتوانن ژمارەیەک جۆری جیاوازیش لە میوەکان و بەرهەمی درەختەکان و تووی کێوی بخۆن، یاخود توێکڵی هێلکە و گوێچکە ماسی کە مرۆڤەکان جێیاندەهێڵن، ئەمەش بۆ زیادکردنی کالسیۆمە بۆ خۆراکەکەی و ئاسانکردنی هەرسکردنی مێرووەکان لە جەستەیدا.  

یەکگرتن و زۆربوون

پەڕەسێلکەکان لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا لە ناوچەی نیوە گۆی باکووری زەوی دەژین و زۆردەبن، دواتر لە وەرزی زستاندا کۆچدەکەن بۆ باشوور، لە وەرزی زۆربووندا نێرینەکان زۆر شەڕەنگێز دەبن بەتایبەتی لە کاتی بینینی نێرینەیەک لە نزیک مێینەکەی یاخود هێلانەکەی، لە کۆمەڵەی پەڕەسێلکەکاندا فرەژنی نییە، واتە هەموو ژیانیان تەنها لەگەڵ یەک هاوبەشدا دەبن، بەڵام دەکرێت زۆر بە دەگمەن نێرینەیەک لەگەڵ دوو مێینە یەکگرتن ئەنجام بدات، نێرینە هاوبەشەکەی و هێلانەکەی دەپارێزێت لە نێرینەکانی تر، هەر لە سەرەتای گەشتنی دوو هاوبەش بە جێگەی زۆربوونەکەیان دەستدەکەن بە دڵداری، کە لە ماوەی نیوەی مانگی ٣ هەتا مانگی ٤ دەخایەنێت،  نێرینەکە دەستدەکات بە ئەنجامدانی کۆمەڵیک نمایش و فڕین بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکەی، یەکگرتنی ڕاستەقینە یەک هەفتە پێش دانانی هێلکەکانە، مێینە بە جارێک دەتوانێت ٣-٨ هێلکە دابنێت، هێلەکانی خاڵدارن بە ڕەنگەکانی قاوەیی و سوور، وە دەکرێت لە ماوەی یەک وەرزی زۆربووندا دووجار هێلکە دابنێت و لەسەریان بنیشێت، بەڵام ئەگەر لە جاری دووەمدا هێلانەکەی تێکچووبێت، ئەوا سەرەتا هێلانەکەی چاکدەکاتەوە پاشان یەکگرتن و هێلکە دانانەکەیان ئەنجامبدەن، سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان هەموو جەستەیان قاوەییە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک پەڕەسێلکە پێگەیشتووەکان خۆراک بۆ بێچووەکان دابیندەکەن، پاش دەرچوونیان لە هێلانەکان پاشان بێچووەکان فێردەکرێن کە چۆن خۆراک ڕاودەکەن و دەیانخۆن لە کاتی فڕیندا، بە گشتی ئەم جۆرەی باڵندەکان ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان دەگاتە ١٦ ساڵ.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

شێوازی پەیوەندیکردنی پەڕەسێلکەکان لە نێو یەکدیدا لە ڕێگەی دەرکردنی ژمارەیەک ئاوازی مەودا کورتەوەیە، دەنگ و ئاوازەکانیش بە گوێرەی باورودۆخەکە جیاوازە، بۆ نموونە لە کاتی دڵداریکردن و هێلکەداناندا، کە بریتییە لە زنجیرەیەک ئاوازی درێژ و بە دواییەکداهاتووی داینامیکی خێرا کە ٢٠ چرکە دەخایەنێت، بەدوایدا ئاوازێکی جوان دەخوێنێت، بەڵام لە کاتی ترس و هەبوونی مەترسی ئەوا بانگکردنێکی توندی دەبێت کە هاوشێوەی فیکە لێدانە، یاخود دەکرێت دەنگی هاوشێوەی ئاگادارکردنەوە بخوێنن بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی ئەوەی مێینەیەک لەگەڵ نێرینەیەکی جیاواز لە هاوبەشەکەی خۆی یەکگرتن ئەنجام بدات.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • پەڕەسێلکەی گەوڕ
  • پەڕەسێلکەی درەخت
  • پەرەسیڵکەی ئەشکەوتی
  • پەڕەسێلکەی وەنەوشەیی و سەوز
  • پەڕەسێلکەی بنکەن


سەرچاوەکان



2067 بینین