کیسەڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-07-13:42:00 - کۆدی بابەت: 857
کیسەڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کیسەڵ (بە عەرەبی: سلحفاة، بە ئینگلیزی: turtle)، سەر بە کۆمەڵەی کۆنترین خشۆکەکانن کە هەتا ئێستا ماونەتەوە، ئاژەڵی خوێن ساردن و ژمارەیەک ڕژێنیان هەیە کە هاوکارییان دەکات لە پاککردنەوەی ئاو لە خوێیەکان لە کاتی خواردنەوەیان، بەهۆی ڕشتنی فرمێسکەوە و دەردانی خوێیە زیادەکە، زیاد لە چەند جۆر و توخمێکیان هەیە بەڵام سێ جۆریان باوترینن کە بریتین لە کیسەڵی دەریایی و وشکانی و ئاوی سازگار، هەر یەکەیان خۆراک و نشینگە و دروستبوونی جەستەو زۆرینەی تایبەتمەندییەکانیان جیاوازە لەیەکتری، کیسەڵە دەریاییەکان کۆنترینن و مێژووی ژیانکردنیان لەسەر زەوی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا، هەروەها باوەڕ وایە کە کیسەڵی ئاوە سازگارەکانیش لە ئەم جۆرەوە پەیدا بوون، کیسەڵە دەریاییەکان ڕزگاریان بووە لە ژمارەیەکی زۆری گۆڕانکارییەکانی ژینگە، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی تەواوی توخمی زیندەوەری وەک داینەسۆرەکان، بەڵام لە ئێستادا ئەم کیسەڵە خوێن ساردانە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لێرەدا تەنها باسی کیسەڵە دەریاییەکان دەکەین، کە هەموو تەمەنیان لە ناو ئاودایە و بە تەنها دەژین، تەنها کاتی هێلکە دانان نەبێت دەڕۆنە وشکانی.  

شێوەی دەرەوەی

کیسەڵ یەکێکە لە ئەو زیندەوەرانەی کە پشتی بە پارێزەرێکی وەک قەڵغان ڕووپۆشکراوە، بە پێچەوانەی ڕای خەڵکەوە، ئەم توێکڵە ئەندامێکی جەستەی کیسەڵەکانە کە هیچ کاتێک ناتوانن لێی دەرچن و لە خۆیانی جیا بکەنەوە، لەکاتی هەستکردن بە ترس ئەوا سەری دەباتە ناوەوەی ئەم پارێزەرەی، هەروەها پارێزەری کیسەلەکان لە هیچ کام لە خشۆکەکانی دیکە ناچێت، بە جۆرێکە کە ئێسک و کڕکڕاگەی و بەشی دیکەی جەستەی کیسەڵەکەی تێدایە، کیسەڵی دەریایی پەلەکانی پێشەوەی هاوشێوەی پەڕ و پەروانەن ئەمەش هاوکاری ژیانکردنی دەکات لە قوڵایی دەریا و زەریاکاندا، هەروەها قەڵغانەکەشی لووسترە لە جۆرەکانی دیکە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خێراییەکەی و زیادکردنی توانای بۆ بڕینی مەودای درێژ لە کاتی کۆچکردندا، بەڵام ئەم جۆرە ناتوانێت لە ناو قەڵغانەکەیدا خۆی بشارێتەوە، چونکە توانای بردنە ناوەوەی پەلەکانی نییە، درێژی هەندێک جۆریان دەکرێ بگاتە ٦ پێ، بەڵام کیسەڵە دەریاییەکان هەستی بیستنیان بەڕادەی نەبوون لاوازە.

خۆراک

کیسەڵە دەریاییەکان پێکهاتەیەکی هاوشێوەی دەنووکیان هەیە، ئەوەش وەک قەرەبوویەک بۆ نەبوونی ددان لە شەویلگەکانیدا، کە بەهۆی ئەم دەنووکەوە ئەو خۆراکەی بە هەستەکانی بینین و بۆنکردن دەیدۆزێتەوە دەیخوات، خۆراکی کیسەڵە دەریاییەکان بە گوێرەی توخمەکان دەگۆڕێت، سەر گەورەکان خۆراکیان بریتین لە ماسی و توێکڵدارەکان، بەڵام کیسەڵە سەوزەکان ڕووەک و گژ و گیا دەریاییەکان دەخۆن، لە کاتێکدا کیسەڵە چەرمدارەکان بەدوای فانۆسی دەریادا دەگەڕێن بۆ ژەمە خۆراکەکانیان، جۆرێکی دیکە هەیە پێی دەترێت کیسەڵی باز، ئەمە ناوەشی لێنراوە بە هۆی هەبوونی دەنوکێکی وەک باڵندەکان، کە بەکاریدەهێنێت بۆ بڕینی ئیسفەنج و ڕووەکە دەریاییەکان.

زۆربوون و سوڕی ژیان

کیسەڵە دەریاییەکان زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەژین، وە ناتوانرێت بە گوێرەی شێوازی جەستەی تەمەنی دیاریبکرێت، تەمەنی پێگەیشتنی ئەم کیسەڵانە بە هیچ جۆرێک دیاریکراو نییە، هەندێکیان لە ١٠ ساڵییەوە لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان لە ٥٠ ساڵییەوە پێدەگەن، هەموو کیسەڵەکان بە هێلکە کردن زۆردەبن، کە دوای یەکگرتنیان مێینەکان دەڕۆنە کەنارەکان بۆ دانانی هێلکەکانیان، بە گشتی دەڕۆنەوە بۆ هەمان ئەو کەنارەی کە خۆیان لێیەوە هاتوون، زۆربەی جارەکانیش کەنارەکانی هێڵی کەمەرەیی زەوی دەگرێتەوە، کاتی هێلکەدانان بە شەودا دەبێت، چاڵ هەڵدەکەنن بە هۆی پەڕەکانیان کە لەسەر پەلەکانیان هەیە بە قەبارەیەک کە دەتوانن بچنە ناویەیەوە و دواتر بەشێکی جیاواز بۆ هێلکەکانیان هەڵدەکەنن، ژمارەی ئەو هێلکانەش کە دایدەنێت بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕیت، لە نێوان ٥٠-٢٠٠ دانەیە و کرداری هێلکەدانانەکەش هەموو ٢-٤ ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، بە دوایدا هێلکەکانیش پێوستیان بە ٤٥-٧٥ ڕۆژ هەیە هەتا دەتروکێن، ڕەگەزی بێچووی کیسەڵەکان بە گوێرەی ئەو پلە گەرمییەی هەیە دیاریدەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر پلەی گەرمییەکە لە ٢٧.٨ پلەی سەدی کەمتر بێت نێرینە دروست دەبێت، بەڵام مێینەکان پێویستیان بە پلەی گەرمی بەرزتر هەیە، و ئەگەر لە ٢٣.٩ پلەی سەدی کەمتر بێت یاخود ٣٢.٢ زیاتر بێت ئەوا هێلکەکان ناتروکێن، کاتی تروکانی هێلکەکانیش بەیانی و ئێوارانی زووە، لەگەڵ تروکانیان دەڕۆن بۆ ناو ئاوی دەریاکان بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان دژی ئاژەڵە دڕندەکان، هەروەها دەوترێت دواتر تەنها یەک بێچوو لە ١٠٠ دانە ڕزگاری دەبێت و دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن.


سەرچاوەکان



3926 بینین