بارانی دەستکرد

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-25-13:25:00 - کۆدی بابەت: 943
بارانی دەستکرد

ناوه‌ڕۆك

دروستکردنی باران

دروستکردنی باران (بە ئینگلیزی: Rainmaking) هەروەها ناسراوە بە بارانی دەستکرد بریتییە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی باران بە شێوەیەکی دەستکرد بەمەبەستی کەمکردنەوەی وشکەساڵی یان گەرمبوونی زەوی (global warming)، باران دروستدەکرێت بەپێی تایبەتمەندی فیزیکی هەورەکە کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) بەکاردەهێنرێت بۆ تۆوکردنی هەورەکە (Cloud seeding) بە ماددەی کیمیایی هاندەر (catalyst) وەک سەهۆڵی وشک، ئایۆدیدی زیو، پۆدرەی خوێ، کە ئەم ماددانە یارمەتی باران بارین و زیادکردنی باران دەدەن.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا باران دروستکردن بۆ یەکەمجار لەلایەن چەند نمایشکارێکی گەڕۆکەوە تاقیکراوەتەوە، پاشان ئەم تەکنیکە لە ئەمریکای ڕۆژئاوای کۆن بەکارهێنراوە و دواتر لە وشکەساڵییە گەورەکەی کە تووشی ئەمریکا بوو بەناوی (Dust Bowl) لە ساڵانی 1930ـیەکان ئەم تەکنیکە لە بەرزترین ئاستی بەکارهێنانیدابوو، ئەم کاری باران دروستکردنە لە فیلمێکدا نمایشکرا لە ساڵی 1956 بە ناوی (The Rainmaker)، هەروەها لە هەندێک ناوچەدا نوێژ بەکاردەهێنرێت بۆ هێنانی باران بەتایبەت لە دینەکانی موسوڵمانان و مەسیحییەکاندا، لە هەندێک ناوچەی مەسیحییەکاندا باوەڕ وایە کە پیاوانی ئاینی کەنیسەی ئۆرثۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، توانای ڕاگرتنی بارانیان هەیە و دەتوانن بەرەکەت بۆ کێلگەکان بهێنن و هەروەها توانای هێنانی بارانیان هەیە کاتێک باران کەمدەبارێت و وشکەساڵی دروست دەبێت.

تۆوکردنی هەور - Cloud seeding 

لە ساڵەکانی 1940ـەوە تۆوکردنی هەورەکان بەکارهاتووە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی هەورەکان بە بەکارهێنانی ماددەکان، بەمەبەستی دروستکردنی باران یان زیادکردنی، هەرچەندی چەندین تاقیکردنەوە لەسەر دروستکردنی باران ئەنجامدراوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە بەڵام تە ئێستا نەزانراوە تۆوکردنی هەور دەبێتە هۆی ڕێژەی چەندی باران بارین، کرداری پۆپ ئای (Operation Popeye) کارێکی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکابوو بۆ زیادکردنی ڕێژەی باران بارین کە لە جەنگی ڤێتنامدا بەکاریان هێنا بەمەبەستی زیادکردی باران بارین لە ڤێتنامدا بۆ کەمکردنەوەی جووڵە سەربازییەکانی ئەو ناوچەیە.
باران دروستکردن بەشێک نییە لە ئەندازیاری ئاو و هەوا چوونکە نابێتە هۆی دروستکردنی گۆڕکاری لە ئاو و هەوای گشتیدا بەڵکو بەشێکە لە دەستکاری کردنی کەش و تەنها کاریگەری لەسەر گۆڕینی کەش و هەوای ناوخۆ هەیە.

سەما و پاڕانەوەکانی باران 

لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا سەماکردنی باران و چەندین نەریتی تر بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی باران، هەندێک لە ئەمەریکییە ڕەسەنەکان سەماکردنی باران زۆر بەکاردەهێنن، هەروەها لە ئەوروپادا چەندین نەریت هەیە بۆ داواکردنی باران بە ناوەکانی دۆدۆڵا (Dodola) و کالۆیان (Caloian)، هەروەها چەندین جوتیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزاو پاڕانەوەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ هێنانی باران.

هەروەها لەناو موسوڵماناندا جۆرە نوێژێک هەیە کە پیدەوترێت نوێژە بارانە، ئەم نوێژە لە دەشتێکدا دەکرێت بە بەشداریکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە موسوڵمانان و لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت کە وشکە ساڵییە بەمەبەستی داواکردنی باران لە خودای گەورە.


سەرچاوەکان



2011 بینین