ئیڤەنگلیستا تۆرچێللی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-03-12:00:00 - کۆدی بابەت: 1077
ئیڤەنگلیستا تۆرچێللی

ناوه‌ڕۆك

ئیڤەنگلیستا تۆرچێللی ١٦٠٨ - ١٦٤٧ ز


تۆرچێللی زانایەکی نێوداری زانستی ڤیزیایە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئیتاڵیایە، گاهێک ئەو دەردەکەوێت کێبڕکێی تاقیکردنەوە زانستیی لە ترۆپکدا دەبێت. لەم ژیانە کورتەی خۆیدا، چەندان تاقیکردنەوەی زانستیی پڕ بەهای ئەنجا داون.
باڵاترین دەسکەوتی زانستیی ئەو، داهێنانی (بارۆمەتری جیوەیی)بوو، کە ئێمە پێی دەڵێین: پەستانپێو (قیاس الظغط الجوي)، بە هۆیەوە دەتوانرا با پێوانە بکرێت.
دەربارەی ژیانی منداڵی تۆرچێللی زانیاریێکی وامان لەبەر دەستدا نییە، تەنێ ئەوە نەبێت کاتێک لە خوێندنگەی (جیزویت) وەردەگیرێت، زۆر خۆشبەخت بووە. ئەوسا گەردەنکەچی مەزەبی کاسۆلیکی ڕۆمانیی بووە، کە لە ڕوانگەی ماددی هاوکاریی کردووە.

کار و بەرهەمەکانی تۆرچێللی

تۆرچێلیی تەمەنی گەیشتبووە سی و دوو  ساڵ، کچی هێشتا لە باسە زانستییەکەی دەربارەی جووڵەی تەنە قورسەکان بە کۆتا نەگەیشتبوو. تۆرچێللی لە توێژینەوەکەیدا باسی ئەو تەنانە دەکات، کە لە سەرەوە دەکەونە خوارەوە. زۆر وشیاوانە، تیۆرەکەی لەسەر دۆخی شلەمەنیی جێبەجێ کرد، کە لە کاتی ڕشتنیدا، لە نێو شەبەق و لوولی دۆڵچە و مەسیەدا تەکان دەدات. پێوەندیی نێوان تەکاندان و قووڵیی شلەمەنییەکەی دەرخست.
گالیلۆ کە دەزانێت کەسێکی هێندە زیرەک و وریایە لە (فلۆرنس) دەیکات بە یاریدەدەری خۆی، دوای ئەوەی گالیلۆ کۆچی دوایی دەکات، تۆرچێللی جێگەی دەگرێتەوە.
تۆرچێللی لە قۆناغەکانی خوێندندا، قوتابیەکی چالاک و زیرەک بووە. وەک سەرچاوەکانی مێژوو ئاماژەی پێ دەکەن، یاریدەدەرەکانی زۆر  ڕەفتار و ڕەوشتی بەرزی لێ فێر دەبن. لە چاخی خۆیدا بە ڕوونکاری بوارە زانستی و بیردۆزەکان ناسراوە.

ئارامی و خۆگری

تۆرچێللی لە هەمبەر ئەزموون و تاقیکارییەکانیدا زۆر ئارام و لەسەرخۆ بووە، زیدەگۆیی نییە گەر بڵێین لە دنیادا کەم زانا هەبوون وەک ئەو، خۆگر و هۆگری کارەکانی بووبێت.
ئەو تەلسکۆبە تایبەتەکانی خۆی، بە شێوەیەکی زانستیی و گونجاو، دروست کردبوون، چەندان میکرۆسکۆبی جۆراوجۆری داهێناون. دەیانە هەفتە و مانگ و ساڵ، بە دیار داهێنراوەکانی دانیشتووە و ڕەنجی لەگەڵدا کێشاون، بەڵام هەرگیز مەلوولی و نیگەرانیی نەناسیوە.

پەستان پێو

گالیلۆ بیری لە ترۆمپای ئاو هەڵکێش دەکردەوە، ئایا بۆچی ناتوانێت لە ٧، ٩ مەتر پتر ئاو بەرز بکاتەوە؟ دواتر گەیشتنە ئەو ئەنجامەی، کە ئەوە بەهۆی شکانی سروونی ئاوە لە نێو پەستانپێوی ترۆمپا، هەڵبەت ئەمیش لە ژێر کاریەریی کێشەکەیدا کاتێک دەگاتە ئەو بەرزییە ... لەمەدا ئەنجامێکی دیکەی هەڵگۆزی: شلەمەنیی چڕتر، دەشێ بۆ مەودایەکی کورت تر بەرز بکرێتەوە. بەڵام تۆرچێللی دوای تاقیکارییەکی زۆر، بە ئەنجامێکی ورتر گەیشت... بارۆمەترێکی جیوەیی داهێنا، کە تاکوو ئەمڕۆش وەک پەستانپێو کاری پێ دەکرێت.
دوای کۆچی دوای ئەم بلیمەتە مەزنە، ئەو بارۆمەترە بوو بە ڕەگەزێکی هەرە بنچینەیی کارگەکان، تاکوو ئێستەش ئەم ئامێرە ورترین پەستانپێو هەژمار دەکرێت. ئەو بۆشاییەی دەکەوێتە سەر ستوونی جیوەی بارۆمەتر بە نێوی تۆرچێللی ناودەبرێت، ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ نەمریی و مانەوەی ناوەکەی لە مەیدانی زانست و داهێناندا.

پوختەیەک لە ژیانی

- لە شاری ڤینزای باکووری ئیتاڵیا لە دایک بووە، بە هەتیو و سێوی ژیانی بەسەر بردووە.
- لە تەمەنی نۆزدەساڵی بۆ خوێندن ڕوو لە ڕۆما دەکات.
- لە تەمەنی چل ساڵی، لە  هەڕەتی پێگەیشتن و کامڵ بووندا کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



970 بینین