ئەندرێ ئەمپێر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-05-23:02:00 - کۆدی بابەت: 1124
ئەندرێ ئەمپێر

ناوه‌ڕۆك

ئەندرێ ئەمپێر ١٧٧٥ - ١٨٣٦ ز

هانز کریستیان یەکەم زانا بووە، کە کاریگەریی تەزووی کارەبای لەسەر قیبلەنما دەرخستووە، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژی دەربارەی پێوەندیی نێوان کارەبا و موگناتیس کردووە ... بەڵام ئەندرێ ئەمپێر توانی زۆر بە وردیی ئەو بیردۆزە شەرح بکات و پێوەندیی نێوان کارەبا و موگناتیس بە ڕوونیی دەربخات.
ئەمپێر لە توێژینەوەکەیدا زانستی (موگناتیسی کارەبا)ـی دەرخست، کە تا هەنووکە خودان کاریگەرییەکی زۆرە.

بواری ماتماتیک

ئەمپێر بەر لە هەموو شتێک مامۆستای زانستی ماتماتیک بووە، ئەو زانستە لە توێژینەوەی موگناتیسی کارەبا، دەستبارێکی باشیان گرتووە. هەر لە منداڵییەوە سەرەتاکانی بلیمەتی و زانایی تێدا دەرکەوتوون. لە ساڵی ١٧٧٩ز، بووەتە مامۆستای بیرکاری. لە ساڵی ١٨٠٢ز، دەبێتە مامۆستای فیزیا و کیمیا، لە ساڵی ١٨٠٩ز، دیسان دەبێتەوە مامۆستای بیرکاری. لە ساڵی ١٨٠٨زز، ناپلیۆن دەیکاتە سەرپەرشتیاری گشتی سیستەمی زانستگە.

یاسای ئەمپێر

بەشێک لە زاناکان ئەندرێ ئەمپێریان بەوە تۆمەتبار کردووە، کە لە  توێژینەوەکانی، کاریگەریی تەیارێکی کارەبای خستووەتە سەر تەیارێکی دیکە. ئەو لە توێژینەوەکانیدا تێبینی ئەوەی کردبوو، کە دوو موگناستیس دەشێ کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێت، بەڵام مادەم وێکچوون لە نێوان موگناتیس و کارەبادا هەیە، دوو تەیاری کارەبا کاریگەرییان بەسەر یەکەوە نابێت.
ئەمپێر کارەبای لە نێو دوو تەلی هاوسەنگ ڕاکێشا، تێبینی ئەوەی کرد ئەگەر کارەبا لە یەک ئاڕآستەدا بە نێویاندا بڕوات،  ئەوە یەکتر کێش دەکەن، وەلێ ئەگەر بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە بڕوات ئەوە یەکتر کێش ناکەن. دواتر بە چەندان تەلی جیاواز توێژینەوەی لەو بارە کرد، هەموو تێبینی و سەرنجەکانیشی بە درێژیی و وردیی تۆمار دەکردن... دوای سۆراخ و توێژیەوەیەکی زۆر، لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٨٢٧ز، گەتشتە دانانی قانوونی ئەمپێر. ئەوەی نیوتن لە یاسای زەوی کێشکردن داینابوو، ئەو ڕوونتری کردەوە و دۆزینەوەیەکی دیکەی خستە سەر. (ئەندرێ) زۆر بە جوانی و زانستیی پێوەندیی موگناتیسی نێوان دوو تەلی دەرخستن، کە تەزووی کارەبا دەگەیەنن، ماوەی گونجاوی نێوانیشیان خستە ڕوو. ئەو گوتی: لە کاتی زیادکردنی ماوەی نێوان دوو تەل، هێزی موگناتیسی بە ئەندازەی چواریەکێک کەم دەبێتەوە. بۆ ئەوەی قەت ناوی بزر نەبێت و لە مێشکی خەڵکیی بە گەشیی بمێنێتەوە، ئەو زانایەیان بە ئەمپێر نێوزەند کرد. ئەو ئامێرە تاکوو ئێستەش کاری پێدەکرێت و ڕۆژانە چەندان جار ناوی دەهێنرێت.
ئەندرێ جگە لە ئەمپێر چەندان داهێنانی دیکەی کردووە، وەک: دروستکردنی سپرینگ، کە بۆ زەنگ و زمانە (صمام) و چەندان ئامێری میکانیکیی دیکە وەکار دێت.
هەروەها (گالڤانۆمەتر)ـی دۆزیەوە کە ئامرازێکە بۆ دۆزینەوە و پێوانی تەوژمی کارەبایی کز بەکار دێت.

ئاماژەیەک لە ژیانی ئەمپێر

- (ئەندرێ ماری ئەمپێر) لە فەڕەنسا لە دایک بووە. بە منداڵی باوکی فێری زمانی لاتینیی کردووە.
- ساڵی (١٧٩٦)دا دیدەنی کچێکی کردووە بە نێوی (جولی کارۆن)، دوای هەبوونی پێوەندیی چەند ساڵیک لە نێوانیان، ساڵی (١٧٩٩) هاوژینیی لەگەڵدا دەکات، بێئەندازە خۆشەوسیتیی بۆ ئەو ژنەیە هەبووە، دوای لە دایک بوونی یەکەم منداڵی لە ساڵی ١٨٠٣ز، کۆچی دوایی دەکات، ئەمپێر بەمە زۆر دڵتەنگ و نیگەران دەبێت.
- ئەمپێر لە تەمەنی (٦١) ساڵیدا لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



992 بینین