وەسیەتنامەی پیرەمێرد

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-01-07-23:07:00 - کۆدی بابەت: 1170
وەسیەتنامەی پیرەمێرد

ناوه‌ڕۆك

وەسیەتنامەی پیرەمێرد

ئەمجارە ئەمرم، لە مردن ناترسم، ژیانێکی باش و عومرێکی درێژم ڕابواردوە، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورە و پادشاهانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتوە. بەنیوە خوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم هێنایەوە. بەسەربەرزی ئەزانمکە لەڕێی باوەڕی خۆما حەپس و زیندانێکی زۆرم دیوە. لەم وڵاتەدا دوو چاوم هەبووە، یەکێ زانست و یەکێ ژین. ئێستە کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم پێوە نەمێنێ ببم بەبار بەسەر خەڵکەوە، ڕوو ئەکەمەوە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەیکە ماڵیکەسم خواردبێ، مموحتاجیکەس بووبێتە. هیچم پاشەکەوت نەکردووە، هیچیشم لەدوا بەجێ نەماوە چاوم لە دوای خۆم نییە، خۆم بەئاخرخێر ئەزانم. هەرچەندە یەگانە هیوام ئەوەبووکە ببینم قەوم و میللەتەکەم پلەیەک لەمە بەرزتر و خوێێندەوارتر و یشتووتر بن، بوو بە گرێ لە دڵما و نەمدی. لەگەڵ ئەوەشا بەختیارم چونکە بۆم دەرکەوت کە قەوم و میللەتەکەم لە پێێشەکەوتنان و هەموو جۆرە توانا و قابیلیەتێکییان تێدایە.

ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن کوڕ و کچ تا خوێندەوار نەبن بێ سوودە. هەموو شتێک بەعیلم و فەنەوەیە. وەکو وتوومە:

((لای من بەخوێندەواریە ،ئاھ خوێندەواریە
هەر میللەتێ کە فەنی نەبێ، دەردی کاریە
ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەکو من ئارەزوو ئەکەم
بیبینم و نەبێـتە گرێی قورسی کفنەکەم،))


ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن مادە مەکەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن. تا ئەتوانن خزمەتی ڕاست و بێ موقابلی قەوم و زمان و وڵاتەکەتان بکەن و دەستی داماوان بگرن و لە دین لامەدەن. خوا و پێغەمبەری خۆتان بناسن و ڕەوشتتان پاک و خاوێن بێ.

ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەکە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێک مەدەن. ئەو یەک دوو کەسانە ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من بێ نازیان مەکەن حەقیان بەسەرمەوەیە.

ڕۆژنامەكەش لە دەست مەدەن، چاپخانەكە ئیش پێ بكەن چونکە لەلایەکەوە ناکوژتێتەوە و خزمەتێکی پێ ئەکرێت لەلایەکی تریشەوە ئەو جیهەتانەی من یارمەتیم داون بەڵکو بەهۆی ئیشکردنی چاپخانەکەوە ئەو یارمەتیەیان لێ نەبڕێت.

ئامۆژگاریم ئەوەیە شیعر و نووسینەکانم کۆکرایەوە مەیفەوتێنن ئیستفادەی لێ ئەکرێت.

ئامۆژگاریم ئەوەیە لە گردی یارە بمنێژن. بۆم مەگرین. ئەگەر زۆر بیرتان کردم جارجار سەرم لێدەن.

فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەوکەسانەیە کە بەتەنگمەوەن. 

 


سەرچاوەکان



2524 بینین