تسۆنامی - شەپۆلە بومەلەرزەییەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-16-21:25:00 - کۆدی بابەت: 1381
تسۆنامی - شەپۆلە بومەلەرزەییەکان

ناوه‌ڕۆك

تسۆنامی- شەپۆلە بومەلەرزەییەکان

تسۆنامی وشەیەکی ژاپۆنییە و زانستییانە بۆ مەبەستی شەپۆلە دەریاییە بومەلەرزەییەکان بەکاردێت. ئەم شەپۆلانەش لە ژێر ڕووی دەریا پەیدا دەبن و زۆرجار لە ئەنجامی بومەلەرزەوە ڕوو دەدەن و هەندێ جاریش لە ئەنجامی داڕمان یا تەقینەوە گڕکانیەکانەوە پەیدا دەبن و کاتی پانتایی ئاستی ڕووی ژێرەوەی دەریا بە لایەکدا دەگۆڕێت زنجیرەیەک لە شەپۆڵەکان لە شێوەی قەوارەیەک هەڵبدەیتە نێو ئاوەوە پەیدا دەبێت.

شەپۆلەکانی تسۆنامی درێژی هەمە جۆریان هەیە و لەوانەیە بە سەدان کیلۆمەتر درێژ ببێتەوە و، بە خێراییەک دەگاتە ٨٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکداو کاتێ دەگاتە ئاوی تەنکایی نزیک قەراغەکان ئاوەکە زۆر گەورە دەبێت و بەرزاییەکەی لە نێو دەریا لە نێو مەتر دەستپێدەکات و لە ١٥  مەتری سەر قەراغ کۆتایی دێت و هەندێ جاریش بۆ ٣٠ مەتر بەرز دەبێتەوە.

بەرینی شەپۆلەکانی تسۆنامەی دەگاتە دەورەبەری ١٠٠ کم و، لەوانەیە هەندێ جار لە ٢٠٠ کیلۆمەتریش تێپەڕێنێت، کاتێ ئەم شەپۆلانە دەگەنە قەراغ لەبەر ئەوەی قەوارەیەکی ئێگجار زۆر لە ئاو پەیدا دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هێزێکی تێکدەر و کاولکەری زۆر گەورە، لەوانەیە هەموو قەراغەکە بخاتە ژێر ئاوەوە و هەموو شێوەکانی ژیانی مرۆڤ و گیانەوەر و ڕووەکەکان لە نێو ببات، هەروەها هەموو دامودەزگە شارستیانییەکانیش بە تەواوەتی بکاتە داروپەردو.


پێویستە شەپۆڵەکانی تسۆنامی کە لە بومەلەرزە و داتەپین و بومەلەرزەکانی ژێر قووڵایی دەریا پەیدا دەبن لەگەڵ ئەو شەپۆلانەی لە ڕەشە باو گەردەلوولە تەندە دەریاییەکان ڕوو دەدەن تێکەڵاو بە یەکدییان نەکەینەوە، کە لە کاتێ دەگاتە قەراغەکان دەبێتە هۆی ڕوودانی هەڵسانی ئاو و لافاوەکان و ئەو کاتەش ئەم جۆرە ڕەشەبا و گەردەلوولانە ناوی لێدەنرێت شەپۆلە ڕەشەباییە دەریاییەکان.

یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی تسۆنامەی لە سەردەمی نوێ لە بەیانی ڕۆژی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی دا، کاتێ بومەلەرزەیەکی ئێگجار گەورە لە دووری ١٦٠ کم لە قەراغی سۆمەترەی ئەندەنووسیایی ژێرەوەی زەریای هیندی هەژاندەوە، یەکەمین جار بە هێزی ٩ پلەی سەر پێوەری ڕێختەر بوو، ئینجا وردە وردە بەهێزتر بوو تا گەیشتە هێزی ٩،٣ و ئەمەش دووەمین بەهێزترین بوومەلەرزەیە کە تاکوو ئێستە تۆمار کرابێت.
بنکەکانی چاودێری ئەمەیان ئاشکرا کرد کە ئەم بومەلەرزەیە نزیکەی ماوەی ١٠ دەقیقە بەردەوام بوو. ئەمەش درێژترین ماوەی بومەلەرزەیە کە بنکەکان لە هەموو ناوچەکانی جیهان تۆماریان کردبێت، بومەلەرزەکە هێندە بەهێز بوو بە ڕادەیەک بووە هۆی ئەوەی کە گۆی زەوی بە تەواوی بلەرزێت و دەوروبەری یەک سانتیمەتر بە لای کەمی لە شوێنی خۆی لابچێت. ئەم بومەلەرزەیە هێندە کاریگەر بووە خەڵک لە ناوچەکانی ئێگجار دوور لە سەنتەر هەستیان پێکردووە.

لەگەڵ گەیشتنی ئەم شەپۆلانەی تسۆنامی بۆ قەراغەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات لە کیشوەری ئاسیا بەرزی شەپۆلەکان دەگەیشتە ٣٣ مەتر و شەپۆلە هەرە بەهێزەکانی هەموو شارە قەراغیەکانی ڕاماڵی وەکو شارەکانی وڵاتی ئەندەنوسیا و مالیزیا و تایلان و دورگەکانی ماڵدیف و سریلانکا و هیندستان و بەنگلادیش سەرەڕای هەندێ دەوڵەتانی دیکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە بە شێوەیەکی کەمتر وێران بوون وەکو میانمار.
هەروەها کاریگەری ئەم شەپۆلانە گەیشتە قەراغەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفەریقا. شەپۆلەکان سۆماڵ و کینیا  وتەنزانیا و وڵاتی باشووری ئەفەریقای گرتەوە و لە ئاکامی ئەم کارەساتە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس کوژرا کە زۆربەیان لە ئەندەنووسیا بوون، سەرەڕای زیانێکی ئێگجار گەورەی ماددیش کە زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار دەبوو.


سەرچاوەکان



2944 بینین